بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی گەیشتوون، ڕۆژی ١ی بانەمەڕی ١٤٠٥، ئەفسەرانی بنکەی گەنجوان، بۆ دەستبەسەر كردنی مەسعوود سەفەری، تەمەن ٢٠ ساڵ و خەڵکی گوندی سەرچەملو سەر بە پارێزگای ئیلام، ھێرشیان كردە سەر ماڵی بنەماڵەكەی؛ كارێك کە بووە ھۆی سووتانی تەواوی ماڵەكە، برینداربوونی گەنجەکە و بێ ماڵ و حاڵ بوونی بنەماڵەكەی.
بەپێی زانیارییە بەردەستەکان، لەم ئۆپەراسیۆنەدا جەواد قەیسەربەیگی، محەممەد ئاجرلو، ئەیوب کەمەری و نیما ئیسماعیلی ئامادەبوون. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە مەسعوود سەفەری بێ چەک بووە و هیچ تۆمەتێکی ئەمنیەتی و چەکداری لە دژی نەبووە.
لەم هەڵمەتەدا ھێزە سەرکوتکەرەکان لە گازی فرمێسکڕێژ و تەقەی ئاسمانی كەڵكیان وەرگرتووە و دوای ماوەیەکی کەم، ماڵەکە ئاگری گرتووە. مەسعوود سەفەری کە لە ناو باڵەخانەکە پەنای گرتبوو، سەر و دەستی ڕاستی تووشی سووتان بووە، بەڵام ئەفسەرەکان سەرەڕای خراپیی باری جەستەیی دەستبەسەریان کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.
بنەماڵەی سەفەری تا ئێستا هیچ زانیارییەکیان لەبارەی شوێنی کوڕەکەیان و بارودۆخی جەستەیی و چارەنووسی نییە. هەروەها دایکی بەساڵاچووی ئەو خێزانە بەهۆی هەڵمژینی گازی فرمێسکڕێژەوە تووشی کێشەی سەختیی هەناسەدان بووە و باس لەوە دەکرێت باری جەستەیی خراپە.
ئەو دیمەنانەی کە بە دەست گەیشتوون دەریدەخەن کە ماڵی ئەو خێزانە و هەموو کەلوپەلەکانی بە تەواوی وێران بوون.
ئەندامانی بنەماڵەی سەفەری نزیکەی دوو مانگە لە ژێر كەپرێكدا لە گەرمای توندی هاویندا بەبێ پەناگەیەکی دروست دەژین؛ لە کاتێکدا حکوومەت نە وەڵامی چارەنووسی مەسعوود سەفەری داوەتەوە و نە بەرپرسیارێتیی وێرانكردنی ژیانی ئەم بنەماڵەیەی لە ئەستۆ گرتووە.