رفتن به محتوای اصلی

پەرلەمانتارێکی ئێران: لە حەوت ساڵدا 130 ملیار دۆلاری هەناردە نەگەڕاوەتەوە

پەرلەمانتارێکی ئێران: لە حەوت ساڵدا 130 ملیار دۆلاری هەناردە نەگەڕاوەتەوە
posted onJune 20, 2026
noدیدگاه

ئەندامێکی لیژنەی ئابووری لە پەرلەمانی ئێران ئاشکرای دەکات، لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 130 ملیار دۆلار لە دراوی بەدەستهاتوو لە هەناردەکردن، نەگەڕاوەتەوە بۆ نێو سووڕی ئابووریی وڵاتەکە.

حوسێن سەمسامی، ئەندامی لیژنەی ئابووری لە پەرلەمانی ئێران ڕاگەیاندووە، ئەم بڕە پارەیە هاوتای نزیکەی 36٪ی کۆی گشتیی هەناردەی وڵاتەکەیە لە نێوان ساڵانی 2018وە تاوەکو حوزەیرانی 2026.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوە کردووە، حکومەتی ئێران لە کاتێکدا بۆ وەرگرتنەوەی 24 ملیار دۆلاری سڕکراوی خۆی دانوستاندن لەگەڵ واشنتن دەکات، کە ئەو بڕە تەنیا یەک لەسەر پێنجی ئەو 130 ملیار دۆلارەیە کە هەناردەکاران لە دەرەوەی وڵات هێشتوویانەتەوە و نەیانگێڕاوەتەوە.

بەپێی گوتەکانی سەمسامی، زۆرترین بڕی دراوی نەگەڕاوە پەیوەندی بە ساڵی ڕابردووەوە هەبووە کە گەیشتووەتە زیاتر لە 22 ملیار یۆرۆ. لەو بڕەش نزیکەی 16.9 ملیار یۆرۆی وادەی یاسایی بۆ گەڕانەوەی بەسەرچووە و هەناردەکاران پابەند نەبوون بە گەڕاندنەوەیان بۆ بانکە فەرمییەکان. ئەمە لە کاتێکدایە ئابووریی ئێران لەژێر گوشاری سزاکاندا، پێویستییەکی زۆری بە دراوی بیانی هەیە.