رفتن به محتوای اصلی

بۆکان؛ هاووڵاتییەک لەژێر "ئەشکەنجەی سەخت" دایە و خێزانەکەشی هەڕەشەیان لێ دەکرێت

بۆکان؛ هاووڵاتییەک لەژێر "ئەشکەنجەی سەخت" دایە و خێزانەکەشی هەڕەشەیان لێ دەکرێت
posted onDecember 29, 2025
noدیدگاه

دوای تێپەڕبوونی ١٢ ڕۆژ بەسەر دەستگیرکردنیدا، نیگەرانییەکان لەسەر ژیانی هاووڵاتییەکی خەڵکی بۆکان زیاد دەکەن. سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ باس لەوە دەکەن کە ناوبراو لەژێر ئەشکەنجەیەکی تونددایە و چەند بەشێکی جەستەی شکاوە.
ڕەسووڵ یادیار، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «گوێکتەپە»ی سەر بە شاری بۆکان، ماوەی نزیكەی دوو هەفتەیە لە یەکێک لە دەستبەسەرگەکانی ئیدارەی ئیتلاعات ڕاگیراوە. بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوە ناوخۆییەکانەوە دزەیان کردووە، ناوبراو لە کاتی لێپرسینەوەدا ڕووبەڕووی "ئەشکەنجەی جەستەیی" بووەتەوە، بە شێوەیەک کە چەند پەراسووی شکاوە و دەست، لووت و فەکی بە سەختی بریندار کراوە.
بەهۆی سەختیی برینەکانی، ڕەسووڵ یادیار بۆ ماوەیەکی کورت گواستراوەتەوە بۆ بەشی تەندروستیی (بێهداری) ناوەندە ئەمنییەکە، بەڵام سەرەڕای ئەوەی دۆخی جەستەیی جێگیر نەبووە و پێویستی بە چاودێریی پزیشکیی ورد هەبووە، دووبارە گەڕێندراوەتەوە بۆ ژووری تاکەکەسی و لێپرسینەوەی لێ دەکرێت.
گوشار بۆ سەر بنەماڵەکەی
هاوتەریب لەگەڵ دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە، ناوەندە ئەمنییەکان فشاری توندیان خستووەتە سەر بنەماڵەی یادیار. بەپێی ڕاپۆرتەکان، هەڕەشە لە خێزانەکەی کراوە کە نابێت هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخی کوڕەکەیان و ئەشکەنجەدرانی بە میدیاکان بدەن، ئەمەش وایکردووە چارەنووسی ناوبراو تاوەکو ئێستا بە ناڕوونی بمێنێتەوە.
تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەکی فەرمی لەسەر ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی ڕەسووڵ یادیار کراون بڵاونەکراوەتەوە و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش لەو بارەیەوە بێدەنگن.