رفتن به محتوای اصلی

بەهارە هیدایەت، چالاکی سیاسی کە لە زیندانی ئێڤینە نامەیەکی بڵاو کردەوە

بەهارە هیدایەت، چالاکی سیاسی کە لە زیندانی ئێڤینە، نامەیەکی بڵاو کردەوە
AvaToday caption
posted onMarch 20, 2023
noدیدگاه

▪️بەهارە لە نامەکەیدا کە نامەیەکی فکری و جدییە، نووسیویەتی:

▫️ئەمە هەشتەمین نەورۆزانەیە کە لە زیندانی کۆماری ئیسلامیدام، بەڵام باوەڕم بە سەرکەوتن لە هەموو کاتێک زیاترە. 

▫️لە دواساتەکانی کۆتاییهاتنی ساڵی نوێ، لەسەر مێزی حەوت سینی نیوەڕاخراوی زیندان دادەنیشم و یادەوەری شەهیدانی ئەمساڵ لە دڵمدا زیندوو ڕادەگرم.  یادی ژینا، نیکا، سارینا، سیاوەش، ئەبولفەزڵ، و حەمیدڕەزا. یادی برایانم خودانوور، فەرەدوون مەحمودی، موحسین شکاری، مەهدی کەرمی، محەمەد حوسێنی و مەجیدرەزا ڕەهنەوەرد. یادی هەموو ئێرانییەکان کە بە حەسرەتی ژیانێکی ئاسایی ڕژانە شەقامەکان، بەڵام دەستی پیسی دوژمنانی "ژن، ژیان، ئازادی" گیانی ئازیزیان ستاند.

▫️گەردنم قیت و سەرم بەرزە کە هاونیشتیمانیانی وەهام هەبووە. نەورۆز، بیرهێنانەوەی هاوچارەنووسی کۆنمانە لەم خاکەدا؛ خاکێک کە هەڵاواردن و چەوساندنەوە و نەبوونی کەرامەتی ئینسان برینی قووڵی لەسەر ڕووخساری بە جێ هێشتووە و ئەرکی سەرشانی ئێمەیە لە نێو ئەم برینانەوە ئێرانمان یاد بکەینەوە.  

▫️لەم هەشتەمین بەهاری دیلیەتییەدا، ئاواتی من ئەوەیە کە ئەم پارچە پارچانەی ژیانم مەڵهەمێک بن بۆ ساڕێژبوونی ئەو برینانە و ڕزگاری هەمیشەیی نەتەوەی ئێران.  ئەگەر ئەم ژیانە بەشی من بێت لە دونیا، ئامادەم لەسەر ڕێگای بەدیهاتنی ئیرادەی میللەت بەسەری ببەم؛  بەبێ هیچ گلەیی و دڵگرانییەک لەم پێناوەدا ئامادەم.

▫️پێش "ڕاپەڕینی ژینا"، کەسانێک هەبوون کە ڕووخانه ڕژێمیان بە بیرۆکەیەکی چەوت و پەرشوبڵاوی فەزایەکی نادیاردا دەزانی، کە لە واقیعدا هیچ هەڵگر و فاکتەری نییە. لەگەڵ ڕاپەڕینی ژینا، "ڕووخان" ڕووی نەدا، بەڵام ئەم داواکارییە ئیرادەیەکی ماددی دۆزییەوە؛  ئەوەش لە بوارێکدا کە نەدەکرا پشتگوێ بخرێت.  

▫️ئێستاش کەسانێک هەن کە بە هۆی شیکارییە ئابووریی سیاسی یان پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، کە لە ماهیەتی خۆیاندا جەبرگەران، بێ ئایندە بیر دەکەنەوە، لە کاتێکدا هۆکارەکان گەرچی واقیعین، بەڵام "بەشێکن لە" واقیع - و نە هەمیشە جێگیرن و نە هەمیشە بە دڵی کۆماری ئیسلامین ـ بەشێکی دیکەی واقیع کە ئەوان پشتگوێی دەخەن، ئیرادەی ئێمەیە.

▫️پشکی ئێمە لە واقیع ئەو ئیرادەیەیە کە هەمانە. تەنانەت ئەگەر ئەم ئیرادەیە پارچەیەکی بچووک بێت لەم بەشە ڕاستەقینەیە، فەزیلەتەکەی ئەوەیە کە هەڵگری حەقیقەتی سەردەمی ئێمەیە. شوێنی ئێمە لەناو ئەم پارچە ڕاستەقینەیەدایە نەک هیچ شوێنێکی تر.

▫️جووڵانەوەی ئەم دواییە بەشێک بوو لەو ئیرادەیە و توانی هێڵی یەکلاکەرەوە و ئایندەی خۆی لە ژێر دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" وەها بەهێز وێنا بکات کە هیچ هێزێکی سیاسی نەیتوانی بۆ چەندین ساڵ سەرپێچی ئەو هێڵە بکات.  چونکە ئەو چەمکانە سیمایەکی دامەزرێنەریان هەبوو و هەر بۆیەش ژیانبەخش دەبن بۆ ئایندەمان.

▫️ئێستاش سەرەڕای هەموو ڕووداوەکانی مانگی ڕابردوو، دۆخەکە هەر وەک خۆیەتی و ئەویش ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی بووەتە بێ ئەخلاقیترین توخمی ژیانی هەرڕۆژەی ئێرانییەکان و مانەوەی ئەویش ڕێک هۆاکاری نەمانەوەی ئێمە و منداڵەکانمان و خاکەکەمانە. بۆیە هێشتا لۆژیکی پێویستیی ڕووخان لە شوێنی خۆیەتی.  ڕووخان، بیرۆکەیەک لەسەر بنەمای ڕق و کینەی بەفامبەر دامەزراندنی ناسنامەیەکی سیاسی نوێ لە ناو زەلکاوی ڕووداوەکانی ئێستادا نییە، ئەگەر ڕازی بێت بە زەروورەتی خۆی. بە پێچەوانەوە ڕووخان شەرعیەتی خۆی لە پێویستیی خۆیەوە وەردەگرێت.

▫️بۆیە نابێت چاوت لە ئامانجەکە غافڵ بێت.  شەپۆلەکان دێن و دەڕۆن. ٩ ساڵ لەمەوبەر، کاتێک ڕێککەوتنی سەرەتایی لەسەر بەرجام کرا، زۆر کەس بە خۆشمەوە، لە ناو ئەم زیندانە، لە شەقامە بێدەنگەکانی شار بێهیوا بووین، بێزاربوون لە لێدوانە دووبارەبووەکانی مافی مرۆڤ و لە هەمووی گرنگتر بێهیوابوون لە فووڕوویی ڕۆژئاوا لەگەڵ حکومەت و  گێرمەوکێشەکانی ناوچەکە، وامان زانی دەکرێت لەگەڵ ئەم حکومەتەدا سازشێک بکرێت کە پێدەچێت جیهان قبوڵیان کردبێت کە خێر و چاکەی گشتی بەدواوە بێت. نەخێر، تەنانەت بۆ زۆرێک لە ئێمە "سازش" نەبوو، بەڵام قەناعەتمان هەبوو کە خاڵێک لە دەرەوەی ململانێی ناوەندگەرایی لەگەڵ حکومەتدا بدۆزرێتەوە و هەوڵماندا لەو خاڵە گریمانەییەوە سەیری سیاسەت بکەین؛  هەم بەهۆی ئەخلاق و هەم بەهۆی هاوسەنگی هێزەکانەوە؛  کارێکی نەکرد.  گوتمان ئەوان لەگەڵ ئەم حکومەتە ڕێک کەوتوون، بۆیە پێویستە ئێمەیش ڕێککەوتنێکی گریمانەیی بکەین و بەو پێیە مامەڵە بکەین؛  ئەمەش کاریگەری نەبوو. زۆری نەخایاند، هەم ئەو ڕێککەوتنە کەوت، هەم ئەوەی ئێمە.

▫️ئێمە بە هەڵە پێمان وابوو کە دەکرێت ڕاستەوخۆ بە دوای فەزیلەتی ئازادییەوە بین - یان چاوپۆشی لە هەڵپەساردنەکەی بکەین - و سەرنجمان لەسەر فەزیلەتێکی تر بێت.

بێ ئاگا لەوەی کە توانای کۆنترۆڵکردنی خراپەی ئەم هەڵبژاردنە سیاسییە و دەرئەنجامە ئاشکراکانی دژ بە ژیانی خەڵکمان نییە. ئەوەی مایەوە بەدەنەیەکی تێکشکاوی کۆمەڵایەتی بوو هەم لە پڕۆژە سیاسییەکەی و هەم لە لاوازبوونی پێوەرە ئەخلاقییەکانی کردەوە سیاسییەکەی

▫️کەواتە دیسانەوە نابێت چاو لە ئامانجەکە هەڵگرین. ئەگەر ئازادیمان بوێت، لە هەر ڕێگەیەکی قەدبڕەوە بڕۆین دواجار دەبێتە هۆی لەناوچوونی کۆماری ئیسلامی و دوورخستنەوەی ئیسلامی سیاسی لە کایەی حوکمڕانی. مرۆڤ نابێ لە ناکۆکی و تێکهەڵجوونەکان بێ هیوا بێت؛  گەرچی ئەمانە مەبەستیان پاککردنەوەی ئەو ڕێگا سەختەی بەردەممانیش بێت. ئەوەی گرنگە و ئەوەی لە دەست ئێمەدایە، ئیرادەمانە بۆ ڕزگارکردن و وەرگرتنەوەی ئێرانەکەمان.