تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

سیستانى و کازمی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی هەڵدەوەشێننەوە

سیستانى و کازمی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی هەڵدەوەشێننەوە
AvaToday caption
posted onApril 27, 2020
noتعليق

چوار گرووپى چەکداری، نزیک لەگەورە مەرجەعی شیعەکانى عێراق، هەڵمەتێکى فراوانیان ئەنجامداوە بۆ ئەوەى گرووپە هاوشێوەکانی خۆیان بەشێوەیەکى فەرمیی ئاراستەى پەیوەندیی و کارکردنەکانیان بۆ نێو حکومەتى بەغدا بگوازنەوەو، چیتر لەژێر فەرمانڕەوایی دەستەى حەشدی شەعبی، کە لەلایەن ئێرانەوە کۆنترۆڵ کراوە کار نەکەن.

 

ئەو چوار گرووپە بەپێی فەرمانێکى عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانى دەست لەکارکێشاوە، وەک فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکان، بەشێوەیەکى فەرمیی پەیوەندییەکانیان بەحەشدی شەعبی پچڕاندو، چوونە نێو فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکان.

ئەوەش هەنگاوە سەرەتاییەکانە بۆ جێبەجێکردنى پرۆژەى کشاندنەوەى گرووپە چەکدارەکان لەژێر دەسەڵاتى حەشدی شەعبی و، پاوانخوازییەکانى رژێمى ئێران بەسەر ئەو گرووپانە.

چاودێران پێیان وایە " ئەو گرووپانەى لەلایەن عەلى سیستانی، گەورە مەرجەعی شیعەکانەوە پاڵپشتى دەکران و، بەشدارییان لەشەڕى دژى داعش کردووە، چەندین هەفتەیە تاوتوێی ئەو پرۆسەیان کردووە، بەتایبەت دواى دامەزراندنى ئەبو فدک، وەک فەرماندەى گشتى سوپاسالاری میلیشیاکانى حەشدی شەعبی، وەک جێگرەوەى ئەبومەهدی موهەندیس، رێبەرى حزبوڵلای عێراق کە لەگەڵ قاسم سولەیمانى، فەرماندەى پێشووى سوپاى قودس لەهێرشێکى ئەمەریکییەکان لەنزیک فرۆکەخانەى بەغدا کوژران".

یەکێک لەو کەسایەتیانەى پرۆژەکەى لەئەستۆ گرتووەو، پرۆژەکە جێبەجێ دەکات مەیسەم زەیدی، پیاوی ئایینى نزیک لەبریکارەکانى سیستانى، پلانێکى خستۆتەروو، بۆ ئەو گرووپانەى دەیانەوێت لەژێر چەتری حەشد دەربچن و، بگەرێنەوە ژێر فەرماندەیی هێزە چەکدارەکان.

ئەو هەنگاوانەش بەئاسانى بەدی نەدەهات ئەگەر چانسەکانى مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی راسپێدراو بەهێز نەبووانە لەپێکهێنانى حکومەتی نوێی بەغدا.

حەشدى شەعبی

زەیدی لەچەند رۆژى رابردوو دانووستاندنى چڕى لەگەڵ کازمی ئەنجامداوەو، بەڵێنى لێوەرگرتووە بەوەى "گرووپە گواستراوەکان لەنێو هێزە ئەمنییەکانى عێراقدا نەتوێنرێتەوە"، هۆکارەکەش بۆ پاراستنى ئەو شانازیەیە کە لەشەڕى داعشدا تۆماریان کردووە.

بەشێک لەچاودێران هیمایان بەوە کردووە " بەپێی پلانەکەى زەیدی کە لەلایەن خودی سیستانیەوە پێشوازی لێکراوەو، هەر بەرپەچدانەوەیەکیشى واتایە بەرپەرچدانەوەى کاریگەریترین کەسایەتى شیعە دوانزە ئیمامیەکانە لەعێراق وجیهان".

کەناڵە پەیوەندییەکانى نێوان ئەو چوار گرووپەو هێزەکانى دیکەش تاوەکو ئێستا بەکراوەیی ماوەتەوەو، چاوەڕوانن لەئایندەدا بگەرێنەوە نێو دامەزراوە سەربازییەکانى عێراق نەوەک لەژێر فەرمانڕەوایی ئەبو فدک کار بکەن.

بەشێکى پلانەکەش ماوەیەک دیاریی کراوە بۆ سەرجەم ئەو گرووپانەى خۆیان یەکلایی نەکردۆتەوە، دواتر حکومەت پرۆسەى دووهەم جێبەجێ دەکات، بەوەى " هەر گرووپێک لەژێر فەرمانڕەوایی ئەبو فدک کار بکات، میلیشیای دەرەوەى یاسان و، رووبەرووى بەرپەرچدانەوە دەبنەوە".

بۆیە ئێستا گرووپە چەکدارەکانى ژێر فەرمانڕەوایی تاران لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکى یەکلایی کەرەوەدان، بەوەى لەنێوان پابەندی بەبڕیارە نیشتیمانیەکانى بەغدا ببن، کەچەندین ساڵە بانگەشەى بۆ دەکەن، یاخود ببنە ئامانجێکى ئاسانى دامەزراوە فەرمییەکان.

ئەو گرووپانەى پاڵپشتى کراو لەلایەن رژێمى ئێرانەوە گرنگترین پلانەکانیان دەرکردنى هێزەکانى ئەمەریکاو وێرانکردنى سعودیەو ئیسرائیل بووە.

پێشبینى ئەوەش دەکرێت، بەشێک لەو گرووپانە پرۆژە ڕەتبکەنەوەو، ئەگەرى پێکدادان لەنێوان دامەزراوە سەربازییە فەرمیەیکان و، میلیشیا نزیکەکانى ئێران رووبدات.

حەشدى شەعبی ٢

ئەو ناکۆکییانەش لەنێوان گرووپەکانى حەشدی شەعبی نوێ نین، بەڵکو بۆ چەندین ساڵ دەگەرێنەوە، کەگرووپێکیان لەلایەن نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانى پێشووترو هاوپەیمانەکانى نزیک لەئێران پاڵپشتى و پارەدار دەکرێن و، گرووپەکانى دیکەى نزیک لەسیستانى حکومەتى بەغداوە هاریکاری دەکرێن.

یەکێک لەپلانەکانى کازمی وەک لەکارنامە سەرەتاییەکانى خۆی باسیکردووە " کۆتایی هێنانە بەو بەڕەڵاییەى لەبڵاوبوونەوەى چەکی میلیشیاکانە هەیە، کەئەمەش لەلایەن بەشێک لەهێزە سیاسییەکانەوە پشتگیر لێکراوە"، هەر لەو چوارچێوەیەشدا ئێستا کاریگەریی ئێران بەهۆى ڤایرۆسی کۆرۆناو، سزایەکانى ئەمەریکا لەسەر عێراق وسووریا کەمتر بووەتەوەو، زیاتر سەرقاڵى کێشە ناوخۆییەکانیەتى.

چاوەڕوانیش دەکرێت لەچەند مانگی داهاتوو تاران زیاتر گرنگیی بەقەیران و ئاڵۆزییە ناوخۆییەکانى خۆى بدات و، کەمتر گرنگیی بەوڵاتانى هەرێمایەتى بدات.

ئەمەش لەکاتێکدایە پێش کوشتنى سولەیمانى، عەبدولمەهدی، جورئەتى ئەوەى نەبوو هیچ بڕیارێک بەرامبەر حەشدی شەعبی دەربکات، هۆکارەکەش بۆ کاریگەریی ئێران و ئەو کەسایەتیە سەربازییە ئێرانییە بووە بەسەر میلیشیاکان و، حکومەتى بەغدا.

خاڵێکى دیکەى ئەو لێکترازانەى حەشدی شەعبی بۆ تێوەگڵانیانە لەپێشڵکاریی وسەرپێچییەکانى ساڵى رابردوو کاتێک پاوانخوازییەکى زیاتریان لەنێو دامەزراوەکانى دەوڵەت کردو، رۆڵێکى سەرەکیشیان لەکوشتنى خۆپێشاندەرانى سڤیل هەبووە کەلەتشرینى یەکەمەوە لەسەر شەقامەکانن بۆ گۆرینى سیستەمى سیاسی وڵاتەکەیان.

حەشدى شەعبی ٣

تاوەکو ئێستاش جگە لەکەسە نزیکەکانى کەس ناوی تەواوى ئەبو فدک، سوپاسالاری حەشدی شەعبی نازانێت، هاوشێوەى پیاوانى مافیاى لێهاتووە، تەنها شارەزایی و بڕوانەى کەپیاوێکى سەدا ١٠٠ لایەنگری ئێران و رژێمەکەیەتى.

مەترسییەکانى ئەو کەسایەتیە ئەوەیە تواناى جوڵاندنى هێزێکى ١٥٠ هەزار کەسى هەیە، کەئەمەش بەسە بۆ ئەوەى بەئاسانى پایتەخت کۆنترۆڵ بکات، ئەگەر مەبەستى ئەنجامدانى کودەتاى هەبێت.

بۆیەش ئێستا ژمارەى میلیشیاکان دواى کشانەوەى ٢٠ هەزاری بۆ سنوورى ١٣٠ هەزار کەس دابەزیوەو، ئەگەرى دابەزینى زیاتریش دەکرێن، ڕەنگە لەنێوان ٢٠ بۆ ٣٠ هەزار چەکداری لایەنگری ئێرانى لەژێر دەست بمێنێتەوە.

ئەمانەش لەنێوان ڕادەستکردنەوەى چەکەکانیان و، خۆ بەدەستەوە دانن، یاخود لەهەموو لایەکەوە لێیان بدرێت و، تەفروتونا بکرێن.