تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

عێراق بۆ پشتگوێخستنى غازی ئێران چاوی لە کوردستانە

عێراق بۆ پشتگوێخستنى غازی ئێران چاوی لە کوردستانە
بژاردەی دووەمى عێراق بۆ جێپڕکردنەوەى غازەکەى ئێران وڵاتى قەتەرە
posted onNovember 10, 2018
noتعليق

 

کەمتر لە ٤٠ ڕۆژ لەبەردەم حکومەتى عێراقی دایە، بۆ ئەوەى جێگرەوەیەک بۆ هاوردەکردنى غازی ئێرانى بدۆزێتەوە، کە لە دواى 5 تشرینى دووەم (١٤ى گەڵاڕێزان)ەوە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە گەمارۆى خراوەتە سەر.

 

بەو هۆیەوەش بەغدا لەبەردەم کۆمەڵێک بژاردە دایە، گرنگترینیان "هاوردەکردنى غازی قەتەرییە بۆ بەگەڕخستنەوەى وێستگەکانى کارەبا"، یاخود وەک پسپۆڕێکى ئابوورى ئەو وڵاتە هێماى بەوە کردووە "هەموارکردنەوەى گرێبەستە نەوتییەکانى کۆمپانیاکانە بۆ ئەوەى ڕێژەیەک لەو غازەى بەرهەمی دەهێنن، بۆ وێستگەکان تەرخان بکەن"، بەڵام ئەندامێکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق ئاشکراى دەکات "یەکێک لە بژاردەکانى حکومەتى فیدراڵى عێراق، دابینکردنى غازە لەلایەن هەرێمى کوردستانەوە".

ئەحمەدی حاجی ڕەشید لەلێدوانێکیدا بۆ تۆڕی میدیایی ئاڤاتودەى گوتى "عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەى لێخۆشبوونێکى ڕێژەیی بەدەست هێناوە، بۆ ئەوەى درێژە بە هاوردەکردنى وزە بدات"، گووتیشى "کێشەکانى ئەو پرسەش چۆنیەتى پێچدانى تێچووى داراییە، کە ڕەنگە لە ڕێگەى وڵاتێک یاخود بانکێکى ناوبژیوان بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەى بەغدا شایستە داراییەکان بگەرێنێتەوە بۆ ئێران".

ەحمەدی حاجی ڕەشید تایبەت بۆ ئاڤاتودەى قسەى کرد

ئەحمەدی حاجی ڕەشید تایبەت بۆ ئاڤاتودەى قسەى کرد

 

حاجی ڕەشید جەختى لەوەش کردەوە "بژاردەیەک هەیە ئەویش لەهەرێمی کوردستان لە ڕێگەى کۆمپانیاکانى نەوت و غازەوە، وێستگەکانى کارەبای عێراق بەگەڕ بخەن"، بەڵام ئەحمەد حەمدی ئەلحوسێن، ڕاوێژکارى پەیمانگەى عێراقی بۆ چاکسازی ئابوورى دەڵێت "لە ڕووى یاساییەوە ناکرێت عێراق، غاز لە هەرێمى کورستان هاوردە بکات، چونکە هەرێم بەپێی دەستوور بەشێکە لەجوگرافیاى عێراق"، هێماشی بەوە کردووە "سزاکانى ئەمریکا کاریگەریى لەسەر چالاکییە ئابوورییەکانى بەغدا کردووە"، هۆکارەکەشى بۆ قەبارەى ئاڵوگۆری بارزگانى نێوان هەردوو وڵات گەڕاندەوە کە لە سنوورى ١٤ ملیار دۆلارن لە ساڵێکدا.

ئەلحوسێن لەدرێژەى لێدوانەکەى بۆ تۆڕی میدیایی ئاڤاتودەى، جەخت لەوە دەکاتەوە "بژاردەیەک لەبەردەم عێراق هەبێت، هاوردەکردنى غازە لە وڵاتی قەتەرەوە، یاخود گرێبەستەکانى نەوت بەشێوازێک هەموار بکاتەوە، لە قازانجی وڵاتدا بێت"، لەبارەى پێدانى شایستە داراییەکانیشدا پێشبینى ئەوەى کردووە "سەرەڕاى تووندی بڕیارەکەى ئێران لەوەرگرتنى دۆلار، بەرامبەر هەناردەکردنى غازەکەى، لە کۆتاییدا ناچار دەبێت بە پێشینیارەکەى عێراق ڕازی بێت".

بەڵام ئەحمەد حەمدی ئەلحوسێن، ڕاوێژکارى پەیمانگەى عێراقی بۆ چاکسازی ئابوورى تایبەت بۆ ئاڤاتودەى قسەى کرد

بەڵام ئەحمەد حەمدی ئەلحوسێن، ڕاوێژکارى پەیمانگەى عێراقی بۆ چاکسازی ئابوورى تایبەت بۆ ئاڤاتودەى قسەى کرد

 

لە چەند ڕۆژى ڕابردوو بانکی ناوەندی عێراق، کۆمەڵێک پێشنیاری خستۆتە بەردەم لایەنى کۆماری ئیسلامی بۆ هەڵبژاردنى دراوێکى هاوبەش بۆ درێژە دان بەمامەڵە بازرگانییەکانیان، جگە لەدۆلار. گرنگترین ئەو دراوانەش بریتی بوون لە "دیناری عێراقی، یۆرۆ، پاوەندی ئیستەرلینی، تمەن"، بەڵام تاران ڕەتی کردووەتەوە مامەڵە بە دیناری عێراقی بکات، مەرجیشی دۆلار بووە.

ئەمەش لەکاتێکدایە ئەو بانکە لەچەند ڕۆژى ڕابردوو دەستى بەسەر کۆمەڵێک هەژمارى ئێرانى گرتووە، کەهەوڵى مامەڵەکردنى دۆلاریان داوەو، داواشى لەسەرجەم بانکەکان کردووە پابەندی بڕیارەکانى کوشکی سپی بن لە جێبەجێکردنى سزا ئابوورییەکانى سەر ئێران بەتایبەت لەپرسى مامەڵەى بازرگانى بەدۆلاردا. ئەلحوسێن، لەبارەى هاوردەکردنى غازەکەى هەرێمیش بۆ وێستگەکانى عێراق بە وورى زانیوە سەرکەوتوو بێت دەشڵێت " بەغدا بۆ وێستگە پێویستى بەقەبارەیەکى زۆرى غازە تا بگاتە ئاستى بەگەڕخستنى ئاسایی خۆى، بۆیەش هەرێم ناتوانێت ئەو قەبارەیە دابین بکات".

ویلایەتە یەکگرتووەکان جگە لە عێراق کە لێخۆشبوونێکى کاتیی بە دەست هێناوە، ڕێگەى بەهەشت وڵات داوە بە ڕێژەیەکى کەمتر درێژە بەپرۆسەى کڕینى نەوتى ئێرانى بکەن، تا ئەو کاتە ئاستى فرۆشتنى نەوتى کۆماری ئیسلامی دەگاتە سفر.