تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

ئارۆنداتى ڕۆى: کتێبەکان بێوێنەن، بۆیە شایەنى خوێندنەوەن

ئارۆنداتى ڕۆى: کتێبەکان بێوێنەن، بۆیە شایەنى خوێندنەوەن
نابێ منداڵى نووسەر کۆتایی پێ بێت. هەمیشە لەو کەسانە دەترسم کە هەست دەکەن منداڵییان کۆتایی هاتووە.
posted onNovember 4, 2018
noتعليق

 

ئاروندهاتى ڕۆی، نووسەرى هیندى ئێستا ناوێکى دیارى نێو ئەدەبیاتە لە دونیادا. ئەو بە چیرۆکى "خواى شتە بچووکەکان" لە ساڵى ٢٠٠٨ى زایینى، خەڵاتى بوکەرى پێ بەخشرا و لە ساڵى ٢٠١٤ لە لایەن گۆڤارى تایم ـەوە بە یەکێک لە ڕووخسارە کاریگەرەکانى دونیا هەڵبژێردرا. گۆڤارى گاردیەن، بوارى خۆش کرد بۆ ئەوەى خوێنەران و نووسەران پرسیارى خۆیان لەم نووسەرە هیندییە بکەن:

 

بە پێى ڕاپۆرتى گاردیەن، ئاروندهاتى ڕۆى، زۆر کەیفى بە پەلەکردن نایێت. بۆ نووسین، چاوەڕێ و سەبر دەگرێت تا کەسایەتییەکان خۆیان بەدەر بخەن و هەنگاو بە هەنگاو دۆستایەتى و بڕوا لە نێوانیاندا دروست دەبێت. هەندێک کات ڕووداوەیلى سیاسى دەبێتە هۆى دواکەوتنى کارەکانى.

بۆ نمونە لە ساڵى ٢٠١٤، هەڵبژاردنى سەرۆککۆمارى لە هیندستان ئەنجام درا و نێرندرا مۆدى وەک سەرۆککۆمارى هەڵبژێردرا. ئەودەم، ڕۆى بۆ ماوەى حەوت ساڵ بوو کە کارى لەسەر چیرۆکەکەى کردبوو، بەڵام سەرکەوتنى مۆدى بووە هۆى ئەوەى دەست لە نووسین هەڵگرێت و چاپى کتێبی "وەزارەتى لووتکەى شادى" وەدرەنگ بکەوێت.

خودى ڕۆى لەم بارەوە دەڵێت "منیش هەروەک خەڵکى تووشى واقوڕمان بووم. هەڵبژاردنەکانى سەرۆککۆمارى گرنگییەکى گەورەیان هەیە. بە بژاردەى لەبار دەمانتوانى ٥ ساڵ بە ئاسوودەیی درێژە بە ژیان بدەین. ئێمە شکستمان خوارد و دەبوو شکستەکەشمان قبوڵ بکەین".

ڕەنگە سەرنەکەوتنى بژاردەى ئەم نووسەرە هیندییە لە هەڵبژاردنى سەرۆککۆمارى شکستێکى گەورە بووبێت، بەڵام چاپى کتێبی "وەزارەتى لووتکەى شادى" لە پارساڵدا سەرکەوتنێکى گەورەى بۆ ئەم ژنە نووسەرە دەستەبەر کرد. ڕۆى لەم کتێبە نوێیەیدا باسى ئەزموونەکانى خۆى کردووە. تەنانەت تیایدا ئاماژەشى بەوە کردووە کە لە زانکۆى بیناسازى خوێندوویەتى و خەباتى بۆ سەربەخۆیی کشمیر کردووە. ڕۆى زۆر زوو تێگەیشت کە حەز بە بیناسازى ناکات "لە بەشى بیناسازى دەرچووم، بەڵام قەت بینایەکم دروست نەکرد، چونکە حەزم بە دروستکردنى بیناى جوان و کەشخە نەبوو بۆ دەوڵەمەندەکان".

نووسین باشترین ڕووداوى ژیانى ئەم خاتوونە هیندییە بووە "سەرەتا تێگەیشتم ئەگەر ببمە نووسەر، ئەوا بەڕێوەبەر و سەرۆکێکم نابێت!" ئێستا ئەو لە تەمەنى ٥٦ ساڵیدایە و حەزى خۆى بۆ سەرکێشى لە چوارچێوەیەکى ئەرێنى پاراستووە. لە ئۆفیسى چاپەرەکەیدا، پەنگوین هاوس، چاومان پێى کەوت و پرسیارى نووسەرەکانمان خستە بەر دەمى:

 

پرسیارى نووسەران لە ئاروندهاتى ڕۆى:

ئایو ئینسلێر، شانۆنامەنووس:کامە ڕەوتارى خوێنەرانى "وەزارەتى لووتکەى شادى"، سەرى سووڕماندن؟

ڕۆى: چەند ڕەوتارێکى سەرنجڕاکێشم لە خوێنەرانمەوە بینى. یەکێک لە خوێنەرەکانم لەو بڕوایەدا بوو کە ئەم کتێبە هەوڵ نادات شتێک جیهانى یا واتایی بکات یا ئەم کتێبە وردەکارى زۆرى لەمەڕ شوێنێکەوە تێدایە. هەڵبەت یەکەم بابەت کە تووشى سەرسووڕمانێکى زۆر کردم، وەرگێڕانى بوو بۆ ٣٤ زمانى جیاواز و تەنانەت لە ڤیتنام و گورجستانیش خوێنەرى هەیە. نامەیەکم لە خوێنەرێکى فەلەستینییەوە بەدەست گەیشت کە سوپاسى کردبووم لەمەڕ شێوازەى نووسینى چیرۆکەکەم، چونکە وەرگێڕانەکەى زۆر بۆى سەخت نەببوو. لەوەى کە خەیاڵ و وێناسازى لەمەڕ ئەم کتێبەوە بۆ سەر دەیان زمان دەگوازرێتەوە، زۆر دڵخۆشم. خاڵى سەرەنجڕاکێشى دیکە ئەوەیە کە کاتێک لە پشتى گڵۆپى ترافیکەوە لە هیندستان وەستابووم، دەستفرۆشێک نووسخەیەکى قاچاخى کتێبەکەمى بە نیوەى بەهاکەى بۆ هێنامە پێشەوە بۆ ئەوەى بیکڕم.

 
سبحا ڕائۆ، نووسەرى هیندى: کەى بۆتان دەرکەوت کە منداڵیتان کۆتایی هاتووە؟

ڕۆى: هێشتا کۆتایی پێ نەهاتووە. منداڵى نووسەرێک نابێت قەت کۆتایی پێ بێت. هەمیشە لەو کەسانە دەترسم کە هەست دەکەن منداڵییان کۆتایی هاتووە.بە هۆى ئەو دۆخەى کە تیایدا لەدایک بوومە و ژیاوم، ناچار بووم منداڵێک بم بە ڕەفتارى گەورەساڵییەوە و ئێستا وەک گەورەساڵێک حەزم لێیە جار جار منداڵ ببمەوە.

 

ئالى سمیت، نووسەر: من لایەنگرێکى باشى نووسینەکانتانم. گرنگ نییە ڕۆمان بێت یا وتار، بەڵام چ بابەتێک دەبێتە هۆى ئەوەى چوارچێوەى ڕۆمانێک بوارێکمان بۆ خۆش بکات کە ژانرەکانى دیکە ناتوانن؟

ڕۆى: کاتێک کە فۆتۆگرافەرى دروست بوو، نیگارکێشانى لە پانتاییەکە بە پاش خست و کاتێک فیلمەکانیش دروست کران، شانۆ بە پاش کەوت. باشترە بپرسم ڕۆمان چ کارێکى دەبێت ئەنجام بدات کە ژانرەکانى دیکەى ئەدەب ناتوانن ئەنجامى بدەن، ئەم پرسارەم چەندین جار لە کاتى نووسینى "وەزارەتى لووتکەى شادى" لە خۆمم پرسیوە. لە بەشێک لە چیرۆکەکە لە زمانى جەیمز باڵدوین ـەوە نووسیومە "ئەوان باوەڕ بە قسەى من ناکەن، چونکە دەتوانن حەقیقەت بڵێن". کەوایە ئەگەر بمانەوێت لە چیرۆکێکدا قسە لەسەر بابەتێکى سیاسى بکەن، ئەوا چیرۆکەکە کاریگەرى خۆى لەدەست دەدات. تەنیا ڕۆمانە کە دەتوانێت لە یەکە کاتدا لەبارەى عەشق و ڕەگەز و مۆسیقا و شیعر و زیادبوونى مافى مرۆڤ لە کۆمەڵگە قسە بکات و شۆڕ بێتەوە نێو قووڵاییەکانیشیان. تەنانەت مێشکى مرۆڤ تواناى درککردنى یەک واتاى بە تەواوى هەیە و تەنیا رۆمانە کە تواناى درککردنى ئەم هەموو بابەتەى بە قووڵى هەیە.

 

شلى مەک نامارا و پوون فارل، بیناساز: ئێوە لە شوێنێک گوتووتانە ئەدەبیات لەمەڕ بابەتەکانەوە نییە و لەمەڕ دونیا و هەمووانەوەیە و ئەدەبیات دیاردەیەکى قووڵ و جوان و ئاڵۆزە. ئاخۆ بڕوایەکى هاوشێوەتان بۆ بیناسازیش هەیە؟

ڕۆى: بەڵێ، بە دڵنیاییەوە. من خوێندکارى بیناسازی بووم و ئەگەر بمەوێت پسپۆڕانە و بەدەر لە نووسەرى قسە بکەم، بژاردەى من بیناسازییە، چونکە بیناسازى لەبارەى هەموو شتێکەوەیە. ئەو کەسەى کە بووە هۆى ئەوەى حەزم بکەوێتە سەر بیناسازى، لۆرى بیکەر بوو. ئەو بەریتانییە، بەڵام لە هیند ژیاوە. بیکەر سەرنجێکى تایبەتى بە کەرەستەکان و سەرچاوەکانیان هەیە و دژى ئەو بیرۆکەیە بوو کە دەبێت باڵەخانەکان بە شێوەیەک دروست بکرێن کە تەمەنیان درێژ بێت. ئەو فێرى کردم کە بیناسازیی جوان پەیوەندى بە بەها بەرزەکەیەوە نییە. بۆیە لە ڕوانگەى منەوە بیناسازى هونەرێکى جوان و زۆر قووڵیشە.

 

 

پرسیارى خوێنەران لە ئاروندهاتى ڕۆى:

 

ـ ئێوە لە چیرۆکەکانتاندا هاوسەنگیتان لە نێوان توێژینەوە، ئۆتۆبیروگرافى و دونیا خەیاڵ دروست کردووە. ئەم بابەتە چەندە بۆتان گرنگە؟

ڕۆى: من توێژینەوەیەکم ئەنجام نەداوە. هەمیشە سەرەتا بابەتێک تووشى کونجکۆڵیم دەکات و هۆکارێکى تایبەتیشى نییە و دواتر ناتوانم دەستى لێ هەڵگرم و تەنانەت کتێبی ناچیرۆکیشم نووشى، بەڵام لە ڕۆماندا ئەم ڕووداوە نائاگا ڕوودەدات. کەسایەتییەکان بەرەو نووسەر دێن. ڕێک وەک ئەوەیە کە کەسێک لە شەقامێدا ببینى و دواتر بۆ جارى دووەم لە شوثێنێکى دیکە ئەو کەسەت چاو پێ کەوێتەوە و دۆستایەتیتان لە نێواندا دروست ببێت. هەمیشە بۆ نووسینى چیرۆک چاوەڕێ دەکەم و دواتر بیرۆکەیەک لە دەرگاى ماڵەکەم دەدات. دەبێت قبوڵى بکەن. دەبێت ڕێگەى بدەن خۆى بێتە ژوورەوە و بەدواى نەکەون. من بەشێک لە دونیایەکم کە وەسفى دەکەم. هەر بۆیە هەندێ جار بێ ئەوەى ئاگاشم لێ بێت، بەشێک لە چیرۆکەکە دەربارەى خۆمە. کاتێک کەسایەتییە جیاوازەکان قبوڵ بکەى، بێئاگایانە چیرۆکەکە لەبارەى خۆتانەوە دەبێت.

 

 

ـ من و هاوڕێیەکم هەمیشە لەبارەى باشترینەکانى بوکەرەوە قسە دەکەین و بە بڕواى من "خواى شتە بچووکەکان" باشترین چیرۆکەى براوەى خەڵاتى بوکەرە. ئاخۆ ئێوەیش لەگەڵ دۆستەکانتان لەمبارەوە قسە دەکەن؟ کتێبی خوازراوى ئێوە لە نێو براوەکانى بوکەردا کامەیە و بۆچى؟

ڕۆى: نا. من وەها گفتوگۆیەکم نەبووە چونکە حەزم لێ نییە لەبارەى کتێبەکانەوە بەم شێوەیە بیر بکەمەوە. کتێبەکان بێوێنەن. هەر بۆیە بە شێوەى زنجیرەئاسا تێیان نانۆڕم. بۆ من شیاوى تێگەیشتنە کە خەڵکى حەزیان لێیە خەڵات بدرێتە کتێبەکان، بەڵام ئەمە ڕوانگەى ئێوەیە و من بە هیچ ناوونیشانێکى "کتێبی بوکەر"یم لە نێو مێشکدا نییە.

 

ـ چۆن ئەو بەشانە دەنووسن کە دەمانگریێنن؟ ئاخۆ خۆشتان لە کاتى نووسینى ئەو بەشانەدا دەگرین؟

ڕۆى: نووسین و گریانى مرۆڤەکان هیچ جیاوازییەکانیان نییە. من هەموودەم لە حاڵى نووسیندام. تەنانەت کاتێک پیاسەش دەکەم، یا لە شتکڕین و یا لە کاتى بیرکردنەوەشدام. ڕەوتێک کە درێژەى هەیە و بەشە غەماوییەکانیشى لە نێو ئەم چالاکییانەدا هەن. لە نێوان گێڕانەوەى چیرۆکى غەماوى و وازلێهێنانى جیاوازى هەیە، بەڵام وێنەدانەوەى ئەو ڕووداوە غەماوییە هەندێک جار مەرگەساتە. هەر بۆیە کاتێک بیر لە وەها بابەتێک دەکەمەوە دەشگریم، بەڵام ئیحساساتى من جیاوازە، پێکهاتەیەکە لە توندوتیژى، تووڕەیی و تەنانەت پێکەنینیش. مەبەستم لە درەنەچوون لە ئیحساساتى منداڵیش ڕێک هەر ئەمەیە. هەموودەم دەبێت پەیوەندیمان لەگەڵ ئەم ئیحساساتە هەبێت.

 

ـ کامە نووسەرى ژن کاریگەرى لەسەر ئێوە و ئیلهامى نووسینتان هەبووە؟

ڕۆى: نووسەرگەلێکى زۆر کاریگەرییان لەسەر من هەبووە. چەندین ساڵ پێش ئێستا، جین ئاستینم دەخوێندەوە، بەڵام نازانم سەرچاوەى ئیلهامى من بووە یان نا. چیرۆکى "دڵبەند" لە نووسینى تۆنى مۆریسۆن، سەرچاوەى ئیلهامى من بووە. بیرەوەریەکانى ئۆسیپ مندلێستامى شاعیرى ڕووسى بە ناوى "هیوا دژى هیوا"م زۆر خۆش دەویست. لەم دواییەدا کتێبی "گرتووخانەى کۆیلەکان" لە نووسینى زۆلا نیل هێرستۆنم خوێندەوە کە لەبارەى ڕەشپێستێکەوەیە کە ٥٠ ساڵ پاش هەڵوەشانەوەى یاساى کۆیلەدارى وەک کۆیلەیەک دەستبەسەر دەکرێت. ئەوەى کە چۆن لە وڵاتەکەى لە کیشوەرى ئەفریقاوە دەڕفێنرێت و دەفرۆشرێتە خاوەن کۆیلەکانى ئەمریکا. کتێبێکى زۆر جوان بوو کە کاریگەرى لەسرەى دانام.

 

ـ وا پێدەچێت "وەزارەتى لووتکەى شادى" بە خوێنەران دەڵێت دەکرێت لە دونیایەکدا بژین کە ڕێز لە مرۆڤەکان بگیدرێت بێ وەبەرچاوگرتنى ئاستى کۆمەڵایەتییان. وابزانم وەها شتێک تەنیا لە نێو چیرۆکدا هەیە و لە دونیا حەقیقیدا ڕوو نادات؟

ڕۆى: حەزم لێ نییە وەک بەیاننامەیەکە سەیرى "وەزارەتى لوتکەى شادى" بکرێت. کتێبێک کە ڕێگەیەکى دیکە بۆ ژیان بخاتە ڕوو. "وەزارەتى لوتکەى شادى"، چیرۆکێکە لەمەڵا کەسانێکى تایبەت کە ڕێگەى ژیانى خۆیان بە شێوەیەکى تایبەت دیارى دەکەن. بە ئەفڕاندنى ئەم مرۆڤانە، ئەوە نیشان دەدەین کە کۆمەڵگەى ئێستا چۆن و دەبێت بزانین ناتوانرێت سەرنج نەخرێتە سەر ڕەگەز و چینە کۆمەڵایەتییەکان. هەر هێندە!

 

ـ چ ساتێک لە ژیانتان هێوریتان پێ دەبەخشێت؟

ڕۆى: کاتێک کە سەرم دەخەمە سەر زگەى سەگەکەم. من دوو سەگم هەیە کە لە شەقام هەڵمگرتنەوە. دایکى یەکێک لەم سەگانە لە شەقام ئۆتۆمبێل کردبوویە ژێرەوە، بۆیە زۆر بچووک بوو و بە دڵۆپەچکێن خواردنم پێ دەدا و ئێستا زۆر گەورە بووە. سەگەکەى ترم دزیومە! هەموو ڕۆژێک دەمبینى کە بە عەموودى کارەبایێکەوە بەستراوەتەوە. منیش دزیم، دواتر بە خاوەنەکەیم گوت کە من سەگەکەى ئێوەم دزیوە و ئەوانیش گوتیان کە نەماندەویست.