تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

ئێران نەوتەکەى تاڵانفرۆش کرد

ئێران نەوتەکەى تاڵانفرۆش کرد
بە نزیکبوونەوەى گەمارۆ تازەکان، کۆمارى ئیسلامى کونە مشکى لێ بوەتە قەیسەری
posted onOctober 29, 2018
noتعليق

 

لەگەڵ نزیکبوونەوەى سزاکانى ویلایەتە یەکگرتووەکان بەسەر کۆمارى ئیسلامی ئێران، حکومەتى تاران سەرووى یەک ملیۆن بەرمیل نەوتى خۆى لەرێگەى بۆڕسەى وزەی ناوخۆییدا دەخاتەروو، بەو ئومێدەى کڕیارانى بۆ بدۆزێتەوە و  نەکەوێتە بەر تۆڕەییەکانى ئەمریکا لەدواى تشرینى دووهەم (سەرماوەز)ى داهاتوو.

 

پێنج رۆژى دیکە بەشێوەیەکى فەرمیی سزاکانى واشنتۆن دژى کۆمارى ئیسلامی دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە، کە لە لایەن کوشکى سپیەوە، هێڵە گشتییەکانى دیاریی کراوە، کەئەمجارە کەرتەکانى نەوت و وزەو بانکی ناوەندی تاران دەگرێتەوە. حکومەتى ئێران؛ لە خستنەرووی نەوتەکەى لە بۆڕسەدا توانیویەتى تەنها ٢٨٠ هەزار بەرمیل لە کۆى یەک ملیۆن بەرمیل بفرۆشێت، کڕیارانیشى بەگووتەى خۆى کۆمپانیا تایبەتیەکانى ئەو کەرتە بوون، بەبێ ئەوەى ناسنامەیان ئاشکرا بکات.

نرخى هەر بەرمیلێکیش وەک سەرچاوە فەرمییەکانى ئەو وڵاتە بڵاویان کردووەتەوە بە " ٧٤ دۆلارو ٨٥ سەنت بووە"، ئەمەش بە بەراورد لەگەڵ نرخەکانى بازاڕە جیهانیەکان بەچوار دۆلار کەمترە. چاودێران پێیان وایە "تاران ئەو نەوتانەى لە نرخى راگەینراو کەمتر فرۆشتووە، بەڵام بۆ ئەوەى تۆڕەیی خەڵک کەمتر بکاتەوەو، درێژە بەچەواشەکارییەکانى بدات، ئەو نرخەکەى ئاشکرا کردووە".

ئەمەش لە کاتێکدایە کۆمارى ئیسلامی ئێران لەگەڵ سەپاندنى قۆناغی یەکەمى سزا ئابوورییەکانى واشنتۆن، تووشى شلەژان و ئاڵۆزی ئابووریی بوویەوەو، دەرکەوت کەبنەما ئابووری و داراییەکانى ئەوەندە لاوازن بەرگرى هیچ خۆراگرییەکى زیاتر ناگرێت، لەبەرامبەریشدا کوشکى سپی فشارەکانى تووندتر کردووە.

واشنتۆن چەندین جار دووبارەی کردۆتەوە تا ئەو کاتە "ئێران دەستبەردارى سیاسەتى شەڕانگێزی لەناوچەکە دەبێت و، دەست لەدروستکردنى مووشەکى بالیستى و بەرنامە ئەتۆمییەکەى هەڵدەگرێت، بەردەوام دەبن لەفشارەکانیان بۆ گۆشەگیر کردنى زیاترى ئەو وڵاتە ". تیرەکانى ئەمجارەش زیندووترین و هەستیارترین کەرتى ئابوورى تارانى گرتووەتەوە، کەسەرچاوەیەکى سەرەکیی دابینکردنى داهاتى ناوخۆییە کەئەویش کەرتى نەوتە، بەتایبەت ئێستا نرخەکانى لەسەرووى ٧٨ دۆلارى ئەمریکییە بۆ هەر بەرمیلێک.

جگە لەوانەش کەرتەکانى کەشتى و بەندەرەکان و، بانکەکان بەدەر نین لەسزاکانى ئەمریکا لە تشرینى دووەم (سەرماوەز)ى داهاتوو. هۆکارى ئەو کەرتانەش بەگووتەى بەرپرسانى باڵاى واشنتۆن بۆ رێگرى کردنە لەو رژێمە لەگواستنەوەى چەک بۆ هاوپەیمانان و میلیشیاکانى لەناوچەکە بەتایبەت لەیەمەن و لوبنان و سووریا. کۆنگرێسى ئەمریکا پێی وایە ئەو سزایانەى دۆناڵد ترامپ، سەرۆکى ئەمەریکا بەسەر ئێراندا سەپاندوویەتى، کاریگەرییەکەى زۆر گەورە نییە، بەڵکو دەبێت بەڵێنەکانى هەڵبژاردن جێبەجێ بکات، بەوەى" تاران گۆشەگیرتر بکات، نەتوانێت لەجێی خۆى بجوڵێتەوەو، لەسیستەمى دارایی جیهانیش بەیەکجاری بخرێتە دەرەوە".