ئەورۆ موقتەدا سەدر لە ئێرانەوە گەڕایەوە بەغدا کە چەند مانگ بوو لە قووم بوو و چووە مەیدانى تەحریر کە گۆڕەپانى خۆپێشاندانى شێعەکانە دژ بە دەسەڵاتى ئێران و گەندەڵى لە وڵاتەکەیان و داواى لە خۆپێشاندەران کرد کە شۆڕشگێڕانە بەردەوام بن لە خۆپێشاندان.
موقتەدا پێشتر بە عادل عەبدولمەهدى گوتبوو: بچۆرە پەرلەمانی عێراق و بێ بەشداری حیزبەکانی ئێستا هەڵبژاردنی پێشوەخت رابگەیێنە.
هەر ئەمڕۆش عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق نامەیەکى بۆ موقتەدا سەدرى سەرۆکى هاوپەیمانى سائیروون نارد و لە نامەکەیدا ئاماژەى بەوە کردووە کە حکومەتی کاربەڕێکەر چارەسەری دۆخەکە ناکات و دەتوانن لەگەڵ هادی عامری حکومەتێكی نوێ پێک بهێنن و ئەودەم من ئامادەم دەست لە کار بکێشمەوە، بەڵام بەپێی یاسا دەبێ پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە.
عادل عەبدولمەهدی لە نامەکەیدا داوا لە موقتەدا سەدر دەکات کە بچێتە پەرلەمان و لەوێوە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەخت بە چاودێرى نەتەوە یەکگرتووەکان رابگەیێنێت، "رەنگە ئەم ڕێکارە دەروازەیەک بێت بۆ دەربازبوون لەم قەیرانەی ئێستا". عەبدولمەهدى هەڵوەشانەوەى پەرلەمان دەبەستێتەوە بە مادەی ٦٤ى دەستوورى عێراق کە تیدیا دەبێت "بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت پێویستە رەزامەندی سەرکۆمار وەربگیردرێتبۆ ئەوەى سەرۆکوەزیران پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە و هەڵبژاردنی پێشوەختە لە ماوەی دوو مانگدا ڕابگەیێنێت، هەروەها دەبێت بە دەنگدانى ئەندامپەرلەمانەکان بکرێت و لە پەرلەمانى عێراقیشدا دەبێت ١٦٥ دەنگ هەبێت بۆ ئەم هەنگاوە".
ئەمە دووەم جارە کە ڕیزە خۆپێشاندانێک لە بەغدا و شارەکانى کەربەلا و نەجەف و میسان و چەندین شارى دیکەى عێراق ئەنجام دەدرێت و تیایدا بە دەیان کەس دەبنە قوربانى و بە سەدان کەسیش بریندار بوون لە هەر جارەى. داواکردنى خۆپێشاندەرانیش بۆ نەمانى دەستى کۆمارى ئیسلامى لە وڵاتەکەیان و نەهێشتنى گەندەڵى و بێکارییە!