تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

مامۆستایانى زانکۆکانى تاران لەسەر تاوانەکانى تورکیە لە ڕۆژئاوا هاتنە دەنگ

مامۆستایانى زانکۆکانى تاران لەسەر تاوانەکانى تورکیە لە ڕۆژئاوا هاتنە دەنگ
AvaToday caption
posted onOctober 16, 2019
noتعليق

زیاتر لە ٥٠٠ کەس لە مامۆستایانى زانکۆکانى ئێران بەیاننامەیەکیان دەکردووە و تیایدا ئۆپەراسیۆنەکەى سوپاى تورکیە بۆ سەر کوردانى ڕۆژئاوا مەحکوم و ئیدانە دەکەن.

 

لە بەیاننامەکەى مامۆستایانى زانکۆکانى ئێران هاتووە "حکومەتی ئەردۆغان لە سەرەتای دامەزراندنی حکومەتی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک لە کوردستانی سووریا کە بە بەشداری سەرجەم پێکهاتە ئەتنیکی و ئایینزاکانی باکووری سووریا، لەوانە کورد، عەرەب، تورکمان، ئاشووری و کریستانەکان دەمەزرا، لە رێگای پشتیوانی سیاسی و عەسکەری و ئابووری ئەو گرووپانەی کە گرێدراوی ئەلقاعیدە و داعشن، هەوڵی لە ناوبردنی ئەزموونی سەرکەوتووی کوردەکانی لە دامەزراندنی دەسەڵات و حکومەتێکی دێمۆکرات و گشتگیر دا داوە. رێژیمی دەسەڵاتداری تورکیا گرووپە ترۆریستیەکانی لە ژێر پەل و پۆی خۆی دا کۆ کردەوە و ئەوپەڕی پاشڤەڕۆتی و دڕندەیی و هۆڤێتی  خۆی لە بەربەرەکانێ لە گەڵ گەلانی رۆژائاوا دا لە خۆی نیشان دا". 

ئەم مامۆستایانەى زانکۆکانى ئێران پێیان وایە "ڕێژیمی فاشیستی تورکیا بە پاساوی وەهمی "ئاسایشی نیشتمانى و خەبات دژی تیرۆریزم بانگەشەى ئەوە دەکات کە جیهان لە پەرۆشییەکانی ئێمە تێناگات و بازرگانەکانی خوێن و بارووت و نەوت لە خۆرهەڵات و خۆرئاوای  جیهاندا ـ ئەمریکا و رووسیا ـ دەڵێن ئێمە لە پەرۆشییەکانى تورکیە تێدەگەین، هەنووکە پرسیار ئەوەیە کامە پەرۆشى؟"

ئەم مامۆستایانەى زانکۆ بە پێى بەندەکانى مافى مرۆڤ و دادگاى تاوانە نێودەوڵەتییەکان دەڵێت "ئەو جینایەتەى کە لە لایەن تورکیا و لە سێبەری بێدەنگی و بێ هەڵىێستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە باکور و رۆژهەڵاتی سىوریا و لە سىنووری کۆنێفیدراسیۆنی باروسدا دەکرێت بنپێکردنی بڕیارنامەی هەشت مادەیی ژمارە ٣٣١٤ى پەسەندکراوى ١٤ى دیسەمبەرى ١٩٧٤ى جڤاتی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەروەها ماددەى ٨ى دووپاتکراوى دەستوورى دادگاى تاوانکارى نێودەوڵەتیی و بڕیارنامەى  Rc/Res.6ی ڕێکەوتى ١١ى ژووئەنى ٢٠١٠ هاوپێچکراوى پاشکۆى دەستوورى دادگاى تاوانکارى نێودەوڵەتییە سەبارەت بە ماناى تاوانى دوژمنکارانە و پێشێلکردنى نێونەتەوەیی مرۆڤدۆستانە و پەیماننامەى چوارینەکانى ١٩٤٩ى ژنێف و پڕۆتۆکۆلە پاشکۆکانى ١٩٧٧ى ئەو پەیماننامەیە. سەرەڕای ئەمانە مەبەست و ئامانجی کۆتایی رێژیمی تورکیا لەم ئۆپەراسیۆنە، پاکتاوکردن و لەناوبردنی گەلی کوردە کە بە راشکاوی پێشێلکردنی پەیماننامەی پێشگرتن و سزادانی تاوانی کۆمکوژى ١٩٤٨ى نەتەوە یەکگرتووەکانە."

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە "ئێستا کە حکومەتی ناوەندى سىوریا ناتوانێ یان نایهەوێ بەرگری لە هاووڵاتیانی خۆی لە بەرامبەر هێرشێکی دوژمنکارانەی دەرەکی دا بکات و بیانپارێزێت، ئەرکی پاراستنی هاووڵاتیانی کوردی سىوریا لە ئەستۆی کۆمەڵگای نێودەوڵەتییە. هەنووکە کاتی جێبەجێکردنی پێزی (ئەرکی پاراستنە)".

شایەنى باسە سوپاى تورکیە وئەو ملیشیا تیرۆریستییە ئیسلامییانەى کە تورکیە پشتیوانییان لێ دەکات، حەوفتەیەکى تەواوە لە ئاسمان و زەوییەوە، بۆمباران و تۆپبارانى ڕۆژئاواى کوردستان دەکەین و بە هەزاران کەس ئاوارە و بە سەدان کەس بریندار و بە دەیان کەسیش گیانیان لەدەست داوە!

وێنەى ناوەکان لە تلێگرامى ئاڤاتودەى دادەنێین.