تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

ملیشیاكانی حیزبوڵا دەیانهەوێت فرۆكه‌خانه‌ی به‌غدا کۆنتڕۆڵ بکەن

ملیشیاكانی حیزبوڵا دەیانهەوێت فرۆكه‌خانه‌ی به‌غدا کۆنتڕۆڵ بکەن
AvaToday caption
posted onSeptember 4, 2019
noتعليق

یه‌كێك له‌ گرووپه‌ ملیشیاكانی نێو حه‌شدی شه‌عبی عێراق، له ‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌ ده‌ست به‌سه‌ر فرۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غدا و هێڵی ئاسمانی عێراقیدا بگرێت، بۆ ئه‌وه‌ی ئامانجه‌ ستراتیژییه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ ئێران یه‌ك بخات.

 

له‌به‌رامبه‌ریشدا ده‌سه‌ڵاتدارێتی و پاوانخوازییه‌كانی حكومه‌تی به‌غدا به‌سه‌ر فرۆكه‌خانه ‌و چاودێریكردن و جموجوڵی گه‌شتیاراندا به‌ره‌و لاوازی زیاتر ده‌چێت.

به‌پێی زانیارییه‌ هه‌واڵگرییه‌كان، كه‌تیبه‌كانی حیزبوڵای عێراقی، كه‌یه‌كێكه‌ له‌و ملیشیانه‌ی ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی دروستی كردووه ‌و په‌یوه‌ندیی ڕاسته‌وخۆشی به‌سوپای پاسدارانی ئێرانه‌وه‌ هه‌یه‌، ده‌نگۆی ئه‌وه‌ش هه‌یه‌ ته‌نها بڕیار له ‌قاسم سوله‌یمانی فه‌رمانده‌ی سوپای قودس وه‌رده‌گرێت، له‌رێگه‌ی فه‌رمانبه‌ره‌ تایبه‌تییه‌كان و لایه‌نگرانیه‌وه‌، دزه‌یان كردووەته‌ نێو كه‌رتی فرۆكه‌وانی مه‌ده‌نی عێراق.

زانیارییه‌كان ئه‌وه‌شیان ده‌رخستووه‌ "حیزبوڵا ڕاسته‌وخۆ پاڵپشتی كه‌سایه‌تی دیاریكراویان كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی پۆستی هه‌ستیار له‌نێو به‌رێوه‌بردنی فرۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غدا بگرنه‌ ئه‌ستۆ، هه‌روه‌ها له‌نێو كۆمپانیای هێڵی ئاسمانی كه‌ كۆمپانیای فه‌رمیی نیشتیمانی حكومه‌ته‌".

به‌پێی خه‌مڵاندنی ئه‌و زانیارییانه‌ش "ئامانجی سه‌ره‌كیی ئه‌و پرۆسه‌یه‌، كارئاسانی بۆ فرۆكه‌وانی ئێرانی له‌نێو فرۆكه‌خانه‌ی به‌غدا و دابینکردنى داهاتی دارایی بۆ گرووپی (هێڵی به‌ره‌نگاری)ـیە كه‌ ملیشیا چه‌كداره‌ نزیكه‌كانی تاران له‌خۆ گرتووه‌".

لێكۆڵه‌ره‌ عێراقییه‌كان ده‌شڵێن "فه‌رمانبه‌ره‌ نزیكه‌كانی ئه‌و گرووپه‌ چه‌کدارییه‌ سه‌ره‌تا ده‌ستیان به‌سه‌ر كۆمپانیای پشكنینی جانتای گه‌شتیاران و كارگۆی فرۆكه‌خانه‌دا گرتووه‌، ئه‌مه‌ش رێگه‌ی بۆیان خۆش كردووه‌، تا ده‌ستیان بگاته‌ رێكاره‌كانی دیكه‌ی پشكنینی فرۆكه‌كان". هاوكات ده‌سه‌ڵاتی به‌غدا بۆ پشكنینی سه‌رجه‌م فرۆكه‌ ئێرانییه‌كانی نێو فرۆكه‌خانه‌ی به‌غدا رۆژ له‌دوای رۆژ به‌ره‌و لاوازیی و بێده‌سه‌ڵاتی هه‌نگاو ده‌نێت، ئه‌گه‌ر هاتوو ملیشیاكانی حیزبوڵا بگاته‌ ئاستی كۆنترۆڵكردنی ئه‌و فرۆكه‌خانه‌یه‌، ئه‌وا به‌یه‌كجاری ده‌سه‌ڵاتی ون ده‌بێت.

هه‌ندێك كات هه‌بووه‌، كارگێری فرۆكه‌خانه‌ی به‌غدا ناچار كراوه‌ ئاساكانی بۆ ئه‌و گه‌شتیارانه‌ بكات، كه‌ له‌لایه‌ن دادگاكانه‌وه‌ داوا كراون، یاخود هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بڕیاری ده‌ستگیركردنیان پێیه‌، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی له‌گه‌نده‌ڵی تێوه‌گڵاون و گه‌شتكردنیان لێ قه‌ده‌غه ‌كراوه‌.

فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى بەغدا

‌دوای كشانه‌وه‌ی سه‌ربازیی ئه‌مه‌ریكا له‌عێراق له‌ساڵی ٢٠١١، كاریگه‌ریی كۆمپانیا ئه‌منییه‌ بیانییه‌كان له‌سه‌ر فرۆكه‌خانه‌ی به‌غدا لاواز بووه‌، پێش ئه‌و به‌رواره‌ ئه‌وان سكویریتی و پشكنینیان بۆ سه‌رجه‌م فرۆكه‌كان ده‌كردو، پرۆسه‌ی هاتوچۆ و نیشتنه‌وه‌ی فرۆكه‌ بیانییه‌كانیان ده‌كرد.

كارمه‌نده‌ نزیكه‌كانی ملیشیاكانی ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس، له‌پاڵ ئه‌وه‌ی قۆناغی یه‌كه‌میان جێبه‌جێ كردووه‌، له‌م ماوه‌یه‌شدا ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ر به‌شی پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری بۆ گه‌شتیاران و بنه‌ماڵه‌كانیانیش گرتووه‌، وه‌ك خواردنگە و گه‌راجی وه‌ستانی ئۆتۆمبێل و، كۆمپانیاكانی به‌گه‌ڕخستنی ئۆتۆمبێلی فرۆكه‌خانه‌.

ئه‌و كه‌رتانه‌ی نێو فرۆكه‌خانه‌ش به‌هۆی قه‌ره‌باڵغی فرۆكه‌خانه‌ی به‌غدا، داهاتێكی زۆری هه‌یه‌، كه‌به‌هۆی سه‌قامگیری ئه‌منی پایته‌خت گه‌شتیارێكی زۆر  رووی تێر كردووه ‌و، ئه‌و قازانجانه‌ش هه‌موویان ده‌چێته‌ گیرفانی ملیشیاكانی حیزبوڵاو گرووپه‌ نزیكه‌كانی رژێمی ئێران.

ئه‌مه‌ش بۆ تاران، سووككردنی بارگرانی به‌خێوكردنی ئه‌و گرووپانه‌یه‌ له‌بوودجه‌ی دارایی سوپای پاسداران كه‌ وه‌ك رێكخراوێكی تیرۆریستی له‌لایه‌ن ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ ناسێندراوه‌ و چه‌ندین سزایشی به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه‌.

ده‌ستێوه‌ردانی ئه‌و ملیشیایه‌ش به‌شێوه‌یه‌كی یاسایی نییه‌، به‌ڵكو ده‌ستیان هه‌یه‌ له‌دیارییكردنی ئەوەى کە چ فرۆكه‌یه‌ك بۆ چ شوێنێك بفرێت یاخود له‌كوێ بنیشێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌یاسای فرۆكه‌وانی مه‌ده‌نی نێوده‌وڵه‌تیدا شتێكی ئاسایی نییه‌، به‌ڵكو ئاڵۆزكردنی جموجۆڵی ئاسمانییه‌. كار گه‌یشتووەته‌ ئه‌و ئاسته‌ی كۆمپانیای هێڵی ئاسمانی عێراقی (عێراقیه‌) ناچار بكه‌ن فرۆكه‌یه‌كی خۆی راده‌ستی كۆمپانیایه‌كی زیانلێكه‌وتووی سیاسه‌تمه‌دارێك بكات، بۆ ئه‌وه‌ی كاری بازرگانی و كارگۆی بۆ ئه‌نجام بدات.

كارگێڕی فرۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غداو كۆمپانیای هێڵی ئاسمانی، له‌به‌رامبه‌ر پاوانخوازی و هه‌ڕه‌شه‌كانی كه‌تیبه‌كانی حیزبوڵا ده‌سته‌وه‌ستان ماون و له‌و نێوه‌نده‌شدا حكومه‌تی ناوه‌ندی به‌غدا هیچ هاریكارییه‌كی ئه‌وتۆی پێشكه‌ش نه‌كردوون. ‌ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی فرۆكه‌خانه‌ی به‌غدا، مانای ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت " وڵاتێك وه‌ك عێراق، به‌شێكی سه‌ره‌كیی سه‌روه‌ری نیشتیمانی خۆی له‌ده‌ست ده‌دات".

سیاسه‌تمه‌دارێكی عێراقی پێی وایه‌ "ئه‌وه‌ی له‌فرۆكه‌خانه‌ی به‌غدا روو ده‌دات، هاوشێوه‌ی هه‌نگاوه‌كانی نێو دامه‌زراوه‌كانی دیكه‌ی سەرۆکایەتى وڵاته‌، كه‌ كار له‌هه‌ڵكێشانی ناسنامه‌ی عێراقیی ده‌كه‌ن له‌پێناو خزمه‌تكردنی ئه‌جێندای وڵاتانی بیانی". گووتیشی "له‌پاڵ ئه‌وه‌ش داهاتێكی سپی و ڕه‌ش له‌پاره‌ بۆ ئه‌و ملیشیانه‌ دابین ده‌كات، له‌به‌رامبه‌ردا زیانێكی دارایی و ئابووی گه‌وره‌ش به‌حكومه‌ت ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ تاكه‌ سه‌رچاوه‌ی كۆكردنه‌وه‌ی داهاتی نیشتیمانییه‌".

كۆنترۆڵكردنی فرۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غدا له‌لایه‌ن گرووپه‌ نزیكه‌كانی رژێمی ئێران، خاڵی به‌ستنه‌وه‌ی تاران ـ  به‌یروت بۆ رژێمی ئاخونده‌كان له‌پاڵ كۆنترۆڵی زه‌مینی ئاسانتر و خێراتر ده‌بێت، جگه‌ له‌وه‌ش هاوشێوه‌ی حیزبوڵای لوبنانی، فرۆكه‌خانه‌ ده‌خاته‌ خزمه‌تی ملیشیاكانی خۆیه‌وه‌.