تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

میسال ئالوسی بۆ ئاڤاتودەى: سوپای پاسداران ئاگادارى سەرجەم نهێنییەکانى هێزە عێراقییەکانە

میسال ئالوسی بۆ ئاڤاتودەى: سوپای پاسداران ئاگادارى سەرجەم نهێنییەکانى هێزە عێراقییەکانە
AvaToday caption
posted onMay 7, 2019
noتعليق

 

دووبارە قسەو باسى ڕادەستکردنى چەکە ئەمەریکییەکان بە گرووپەکانى حەشدی شەعبی، کە لە ساڵانى ٢٠١٥ و ٢٠١٧ لەسەروبەندی شەڕى دژى داعش هاتووەتە بەرباس، بەتایبەت ئێستا ولایەتە یەکگرتووەکان هەنگاوەکانى دژى ئێران و هاوپەیمانە نزیکەکانى کۆمارى ئیسلامى لە ناوچەکە چڕتر کردووەتەوە. میسال ئالوسی ئەندامى خوولى پێشووى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ تۆڕی میدیایی ئاڤاتودەى گوتى "بابەتەکە بۆ ئێمە وەک هاووڵاتیان و سیاسییەکان ڕوونە، بەوەى ئیرادەى سوپای پاسدارانى ئێران بەرزترە لەئیرادەى وەزارەتى بەرگرى و ناوخۆى عێراق، ئەوان سەرجەم جومگەکانى ئەو وەزارەتانەیان کۆنترۆڵ کردووە، هەر لە پڕچەککردن و گرێبەست و جموجۆڵەکانەوە بگرە تا چەندین بابەتى دیکە".

 

ڕوونیشی کردەوە کە شەرم ناکات کاتێک دەڵێت "سوپای پاسدارانى ئێران، ئاگادارى سەرجەم نهێنیەکانى هێزە چەکدارە عێراقییەکانە بە هەموو وردەکارییەکانیەوە بەتایبەت لەناوخۆ و بەرگرى و هێزى ئاسمانى". بەگووتەى خۆى ئەوانە لەبەردەم سوپای پاسداران بوونەتە " کاغەزێکى سپی ئاشکرا کراو".

ئالوسی، کەهاوکات ئەمیندارى گشتى حزبی ئوممەى عێراقیە لەو بارەیەوە جەخت لەوە دەکاتەوە " بەتایبەت لەپرسى ئەو چەکانەى عێراق لەویلایەتە یەکگرتووەکان بەدەستى هێناوە". هۆکارى ئەو باڵادەستییەى سوپای پاسداران بۆ دوو هۆکار دەگەڕێنێتەوە، کە بریتین لەوەى "ڕژێمى ئێران و ملیشیاکانى سوپای پاسداران و قاسم سولەیمانى و ئەوانەى لە بازنەى ئەودا دەخولێنەوە، دەیانەوێت زیان بە پەیوەندییەکانى عێراق و ئەمەریکا بگەیێنن، تاوەکو ئێران و سوپای پاسداران خاوەنى بڕیاری عێراقی بن".

هۆکارى دووەمیش بەبۆچوونى ئالوسی "سوودوەرگرتنە لەو تەکنەلۆژیا نوێیەى ئەمەریکا و، لەدەستدانى متمانەى نێوان سوپاى عێراق و سوپای ئەمەریکا"، کە بە بابەتێکى مەترسیدارو زیانبەخش وەسفیشى دەکات.

لەچەند هەفتەى ڕابردوو بەرپرسانى واشنتۆن داوایان لە هاوتا بەغداییەکانیان کردووە، "پابەند بن بە ڕێککەوتننامەى پڕچەککردنى نێوانیان"، کە بەندەکانى بریتین لە "تەنها ئەو چەکانە لەبەرەنگاربوونەوەى تیرۆر و پاراستنى ئاسایش و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتى بە کار بهێنرێن و جگە لەهێزە عێراقییەکان هیچ لایەنێکى دیکە بەکاریان نەهێنێت"، ئەو مەرجانەش تا ڕادەیەک لاستیکیین. بەغدا دەتوانێت پشت بە یاساى دەستەى حەشدی شەعبی ببەستێت، کە ئێستا بەشێکی فەرمیی هێزە عێراقییەکانە لەو وڵاتە.

ئالووسى

لەبارەى شەرعیەتى حەشدی شەعبی، دواى دەرکردنى یاساى تایبەت بەو هێزە شێعییە وەک بەشێک لە هێزە ئەمنییەکانى عێراق و، لەژێر دەستى سەرۆکوەزیران، ئالوسی پێی وایە "دەبێت هەموو کەسێک بزانێت ، هیچ موڵەتێک یا چەترێکى دەستووری و یاسایی و هونەری بۆ هیچ ملیشیایەکى عێراقی نییە، هەموویان لە دەرەوەى یاسان و لە دەرەوەى بڕیارەکان کار دەکەن و بەبێ موڵەتیش کار دەکەن"، دەشڵێت "دەستوورى عێراق، دەقێکى ڕوون و ئاشکرای هەیە و شیکردنەوە قبوڵ ناکات، بەوەى ڕێگرى لەهەموو جۆرە ملیشیایەک لەسەر خاکەکەى دەکات".

ئەو سیاسییە عێراقییە مەترسییەکانى خۆشى لە دەستێوەردانە بەردەوامەکانى سوپای پاسدارانى ئێران نەشاردووەتەوە، بەتایبەت ئاشکرابوونى نهێنیەکانى هێزە سەربازییەکانى وڵاتەکەى و، پرسیارى ئەوەش دەکات بەوەى "لەوە مەترسیدارتر ئەوەیە کاتێک گوێ لە فەرماندەى هێزە ئاسمانییەکانى عێراق دەگرین کە گرێبەست و ڕێککەوتن لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەى و سوپای پاسداران دەکات".

دەشپرسێت "ئاخو فڕۆکەکانى ئێف ١٦ و فڕۆکەوانەکانمان، کە پارەیەکى زۆر و بە چاودێرى ئەمەریکا ڕاهێنراون، دەبنە ئامانج و کەرستەى سوپای پاسداران؟"

ئالوسی، یەکێکە لەو سیاسییە عێراقییانەیە کە بە ڕوونى و بە ئاشکرا دژایەتى خۆى بۆ دەستێوەردانى ئێران لەکاروباری وڵاتەکەى ڕەت کردووەتەوە و دەکاتەوە. لە لێدوانەکەشى "کارتى سوور" بەرز دەکاتەوە و دەنگى بەرامبەر مەترسییەکانی سەر هێزە چەکدارە عێراقییەکان و ئەمەریکییەکانیش بەرز دەکاتەوە.

هێمای بەوە کردووە "ئەوان ڕێگە نادەن حەشدی شەعبی ببێتە پەردەیەک و بیانوویەک بۆ هەبوونى ملیشیاکان"، داواشیان کردووە "حکومەتى بەغدا بڕیارێک بۆ هەڵوەشانەوەى میلشیاکان دەربکات". هۆکارەکەشى بۆ ئەوەیە تا شکۆمەندی و دەوڵەت و سەروەرى یاساو ڕێزگرتنى دەستوورو ئەنجومەنى نوێنەرانیان هەبێت.

دووپاتی دەکاتەوە "ئەو ملیشیانە بەتایبەت ئەوانەى لەدەرەوەی یاسان، لەژێر فەرمانى ویلایەتى فەقێ وبەشێکى بنەڕەتى و فەرمی سوپای پاسدارانى ئێرانین و بڕیاریش لەدەوڵەتى عێراق وەرناگرن و، ڕێزیش لەدەوڵەتى عێراق ناگرن". لەساڵى ٢٠١٦ واشنتۆن بۆ بەرەنگاربوونەوەى چەکدارانى داعش، کە ئەوکات یەک لەسەر سێی خاکی عێراقی داگیر کردبوو، کاروانێکى زۆری چەک و تەقەمەنى مامناوەندو سووکى بۆ عێراق ڕەوانە کرد کە زۆربەى ئەو چەکانەش پێش دەستپێکردنى شەڕى فەلوجەو موسڵ بوون.

لەپاڵ ئەمەریکاش وڵاتانى دیکە وەک بەریتانیا، کەنەدا، ئوسترالیا، ئەڵمانیاو فەرەنساش چەکیان ڕەوانەى بەغدا کرد بۆ ئەوەى پاڵپشتى هێزە سەربازییەکانى عێراق بکەن لەشەڕى دژى داعش.