تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

سەرۆکە لادراوەکى میسر سیخورى سوپاى پاسداران بووە

سەرۆکە لادراوەکى میسر سیخورى سوپاى پاسداران بووە
AvaToday caption
posted onApril 15, 2019
noتعليق

 

داواکارى گشتیى قاهیرەى پایتەختى میسر لە دانیشتنى بەردەم فەرمانگەى ١١ تیرۆرى دادگاى تاوانەکانى میسر کە بە کەیسى "پەیوەندییکردن لەگەڵ بزووتنەوەى حەماس" تۆمەتبار کراوە، ڕایگەیاند "ئیخوان موسلمین، لە پیلانێکى تیرۆریستی، هەوڵى ڕووخاندنى وڵاتانى عەرەبی و جێبەجێکردنى پلانى (رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ)ـیان داوە".

 

نوێنەرى داواکارى گشتى ئەو وڵاتە ئاماژەى بەوەش داوە "تاوانێکى دیکەى کەمتر نییە لە تاوانەکانى دیکەى ئیخوانییەکان، ئاشکراکردنى نهێنیەکانى دەوڵەت بووە بە وڵاتێکى بیانی". ڕوونیشی کردەوە "ڕاپۆرتێکى ئاسایش چاودێرى هەماهەنگی و پەیوەندی پیاوانى گرووپى ئیخوان لەگەڵ سوپاى پاسدارانی ئێرانى و، حیزبوڵاو بزوتنەوەى حەماس هەبووە، بە جۆرێک موحێدین حامید و، ئەحمەد عەبدولعاتی و، محەمەد ڕەفاعە تەهتاوی و، ئەسعەد شێخە و، چەندانی دیکە، دزەیان بە زانیارییەکانى دژى بەرژەوەندییەکانی وڵات و، ئاسایشى نەتەوەیی میسرى بە ڕێکخراوى بیانى پێ کردووە، ئەمەش کاریگەریى نەرێنى لە پەیوەندییەکان لەگەڵ بەشێک وڵاتان دروست کردووە".

دادوەرە گشتییەکەى پایتەختى میسر هێماى بەوە کرد "ئەو تۆمەتبارانە لە سەرۆکایەتى کۆمار لە سەردەمى محەمەد مورسی، سەرۆکى لادراو کاریان دەکرد و، بە پێی پلەى کارەکانیان بەرپرس بوون لەسەر ئەو ڕاپۆرتانەى کە ئاشکرا بوون". گووتیشى "تۆمەتبار محەمەد ڕەفاعە تەهتاوی، لەکاتى لێکۆڵینەوەکاندا ئاشکراى کردووە کە سەرجەم ڕاپۆرتە گەیشتووەکانى سەرۆکایەتى، لە ڕێگەى ئەحمەد عەبدولعاتی بەڕێوەبەرى نووسینگەکەى دەخرێتە بەردەم سەرکۆمار، یاخود ڕادەستى خودی سەرۆک یانیش جێگرەکەى دەکران".

دووپاتی دەکاتەوە "ناوەرۆکى سەرجەم ڕاپۆرتەکانیش جگە لە گەیێنەری ڕاپۆرتەکە کەس نایزانێت، بە هیچ شێوەیەکیش بە ئیمەیل ڕەوانە ناکرێت، چونکە بابەتى پابەندبوون ئەرکێکە لە نێو ڕێکخستنەکانیان". بەشێک لەو زانیارییانەى لە دادگاییکردنى مورسى ئاشکرا کراون، چاودێرى تۆڕێکیان کردووە کە بە ڕێنمایی کار دەکەن، زۆربەشیان میسرى بوونە و بەناوى (پارتى ڕزگارى شێعە) بووە، ئەو پرسەش بە پێی پلەى وەزیفیان لە ڕێگەى ڕاپۆرتێکەوە خراوەتە بەردەم تۆمەتباران، بەڵام هیچ هەنگاوێک یاخود بڕیارێکیان دەرنەکردووە و پشتگوێیان خست.

مورسى لە زیندان

بەڵام دواتر دەرکەوتووە "دوو ئەندامى ئەو پارتە سیاسییە ئەندامى گرووپی ئەخوانن و، لە ڕێگەى ڕاپۆرتەکانیشەوە ئاشکرا بووە کە لە تاران چەندین دیداریان ساز داوە، بەو هۆیەوەش ناچار بوونە لە کارکردنى ئاشکراوە بیگوازنەوە بۆ کارى نهێنى". دووپاتی دەکەنەوە کە "محەمەد مورسی، سەرۆکى لادراوى کۆمارى میسرى عەرەبی سیخورى سوپای پاسداران بووە و، کەمتەرخەمیش بووە لە بڕیاردان بۆ لەقاودانى ئەو کۆمەڵەیە".

لەو چوارچێوەیەش چاودێرى خالید عەبدولمەعتی سەرکردەى شێعە کراوە، کاتێک سەردانى بەیروتى پایتەختى لوبنانى کردووە، کە ئەو سەردانەى بە ڕاسپاردەى حیزبوڵای لوبنانی بووەو، داواشى لێکراوە سەرجەم چالاکییەکان لەگەڵ ئاژانسى ئاسیا هەڵپەسێرێت، ئەم بابەتەش سەرۆکایەتى کۆمارى لێئاگادار کرایەوە کە مەترسییە بۆ سەر ئاسایشى میسری، بەڵام دیسان زانیارییەکان پەراوێز خران.

لە ماوەى ڕابردوو دادگاى تێهەڵچوونەوەى میسر، بڕیاری لەسێدارەدان و زیندانی هەتاهەتایی دژى سەرۆکى لەکاردراوى میسرو ٢١ کەسایەتى دیکە هەڵوەشاندەوە، بۆیە دادگا ناچار بوو دووبارە پرۆسەى دادگایی بکاتەوە.

لە ١٦ حوزەیرانى ٢١٠٥ دادگاى تاوانەکانى قاهیرە، بڕیاری سزاى سێدارەدان بۆ هەریەک لە محمەد خەیرەت شاتر و محەمەد بەڵتەجی و ئەحمەد عەبدولعاتی سەیدۆ  و مەحمود عیزەت و، متوەلی سەلاحەدین عەبدولمەقسوود و عەمار سەید بەنا و ئەحمەد ڕەجەب سلێمان ئەلحەسەن و خەیرەت شتر و سوندس شەلبی و ئەبوبەکر حەمدی و ئەحمەد محەمەد حەکیم و ڕەزا فەهمی خەلیل و محەمەد ئوسامە مەحمەد عەقید و حوسێن قەزاز و عیمادەدین عەتوە و ئیبراهیم فاروق زەیات دەرچوو.

لە بەرامبەریشدا زیندانی هەتاهەتایی بۆ محەمەد مورسی و محەمەد بەدیع و ١٦ کەسایەتى دیکە بڕایەوە و، هەر یەک لە محەمەد ڕەفاعە تەهتاوی و ئەسعەد شێخە بە حەوت ساڵ سزا دران.