تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

باپیرەیەکى سویدی ٧ منداڵى کچە داعشەکەی هەڵدەگرێتەوە

باپیرەیەکى سویدی ٧ منداڵى کچە داعشەکەی هەڵدەگرێتەوە
AvaToday caption
posted onApril 13, 2019
noتعليق

 

دەیان منداڵی بە ڕەچەڵەک سویدی لە ئۆردوگاکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریەی دیموکرات لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی سوریە دەژین. لەو نێوەدا چیرۆکی حەوت منداڵی بە ڕەچەڵەک سویدى دەگێڕینەوە کە لە ئوردوگای "ئەلهول" دەمێننەوە سەرنجى دونیایان بە لای خۆیاندا ڕاکێشاوە.

 

دایکی ئەو ٧ منداڵە شەڕکەرێکی داعش بوو بە ناوی میشێل ئێسکێرمۆ کە لە سوریە کوژرا. چیرۆکی ئەو  منداڵانە لە میدیاکانی سویدی ڕەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو و بە تایبەت دوای ئەوەی " پاتریسیۆ گاڵۆز" بابی دایکی منداڵەکان داوای لە وەزارەتی دەرەوەی سوید کرد نەوەکانی بۆ بگەڕێنێتەوە.

بە پێی ڕاپۆڕتی تەلەڤزیۆنی سویدی svt، پاتریسیۆ گاڵۆز ڕۆژی دووشەممەى حەوتووى پێشوو، توانی چاوی بە ٧ نەوەکەی بکەوێ. باپیرەى ئەو منداڵانە هەوڵێکی زۆر دەدا بۆ ئەوەی بتوانێ نەوەکانی بگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتى سوید. کچەکەی گاڵۆز و هاوسەرەکەی پێش لە چوونیان بۆ سوریە، خاوەنی ٤ منداڵ بوون، بەڵام ئەوان لەو ماوەیەى کە لە سوریە بوون، ٣ منداڵی دیکەشیان بوو. ئەو منداڵانە کە دووانەیەکیشیان لە ناودایە، گەورەترینیان ٨ ساڵ و بچووکترینەکەیان تەنیا ساڵێکی تەمەنە.

بە پێی ڕاپۆڕتی کەناڵە سویدییەکە، پاتریسیۆ گاڵۆز، کاتێک بۆ دیتنەوەی نەوەکانی چووەتە سوریە، نەیزانیوە منداڵەکان لە کوێن، ماون یان مردوون بەڵام دوای ئەوەی دیتونیەوە زۆر دڵخۆش بووە. گاڵۆز لە درێژەی قسەکانیدا گوتویەتی "نەوەکانی خۆراکی تەواویان نییە و برسیەتی دەکێشن، ئەوان نەخۆشن و پێویستە لەو ئۆردوگایە بهێندرێنە دەرەوە".

داعشى بیانى

گاڵۆز گوتووشیەتى "پێش لەوەی نەوەکانم ببینم، لە لایەن هێزەکانی سوریەی دیموکراتیکەوە لێکۆڵینەوەم لەگەڵ کرا. هەموومان دەزانین داعش چی بوو، بەڵام ئێستا هەوڵ دەدەم بۆ ڕزگارکردنی گیانی ئەو منداڵانە، ئەوەی ڕووی دا خراپ بوو، بەڵام هیچ پەیوەندییەکی بە نەوەکانى منەوە نییە".

باپیرى ئەو ٧ منداڵە، داوای لە بەرپرسانی سویدی کردووە هەرچی زووتر بۆ گەڕانەوەی ئەو منداڵانە بۆ سوید هەنگاو بنێ و داوای لە پزیشکانی ئوردوگا کردووە پێش ئەوەی درەنگ بێ لەو ئوردوگایە بیانهێننە دەرەوە. دەوڵەتی سویدیش سەبارەت بەو ٧ منداڵە ڕایگەیاندووە "وەفدە دیپلۆماتیکەکانمان تا ئێستا نەیانتوانیوە بچنە ئەو شوێنە کە منداڵەکانی لێ دانراوە، ئەویش بە هۆی هەلومەرجی ئەمنیەتی ئەو ناوچە کە لە دەرەوەى بازنەی بەرپرسایەتی دیپلۆماتەکانی ئەو وڵاتەیە"، بەڵام دەسەڵاتی سوید بەڵێنی داوە پرسی گەڕانەوەی ئەوان بخاتە بەر لێکۆڵینەوە.

مارگۆت واڵستروم، وەزیری دەرەوەی سوید لە دانیشتنی یەکیەتی ئەوروپا لە بڕۆکسێل گووتی "سوید سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە لە دۆسیەی ئەندامانی سویدییەکانى نێو داعش کە لە سوریە بەند کراون و دەوڵەت هەوڵ دەدات ئەو کەسانە بگەڕێنێتەوە سوید و لێرە دادگایی بکرێن".

وەزیری دەرەوەی سوئید جەختی لەوە کردەوە جیاوازییەکی زۆر لە نێوان ئەو کەسانەی لە نێو داعشدا شەڕیان کردووە دەگەڵ ئەو ژن و منداڵانە هەیە کە بێگوناحن و گوتیشی ئێمە سەرقاڵی لێکۆڵینەوەین لەوەی کە چۆن دەگەڵ ئەو کەسانە هەڵسوکەوت بکەین و دواتر دیاری دەکەین کە چیان دەگەڵ دەکەین.