تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

ئەمریکا: کۆماری ئیسلامی پەیوەندى لەگەڵ ئەلقاعیدە هەیە و دەستى بە خوێنى ٦٠٠ ئەمریکایی سوورە

ئەمریکا: کۆماری ئیسلامی پەیوەندى لەگەڵ ئەلقاعیدە هەیە و دەستى بە خوێنى ٦٠٠ ئەمریکایی سوورە
AvaToday caption
posted onApril 11, 2019
noتعليق

 

مایک پۆمپئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەراوێزی دانیشتنێک لە سەنای ئەمریکا، جەختی لەوە کردەوە کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەلقاعیدە پەیوەندی هەیە.

 

پۆمپئۆ ڕۆژی چوارشەممە ٢١ خاکەلێوە بەشدارى دانیشتنی گرووپی سیاسەتی دەرەوەی مەجلیسی سەنای ئەمریکاى کرد بۆ تاوتوێکردنی بودجەی وەزارەتی دەرەوە لە ساڵی ٢٠٢٠ى زایینى. لە بەشێک لەو دانیشتنەدا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە لایەن ڕێند پاڵ سیناتۆڕی کۆماریخوازی ویلایەتی کۆنتاکی سەبارەت بە باسی هاوکاری ئێران و ئەلقاعیدە و ڕێگەپێدانى شەڕی گریمانەکراو لەگەڵ ئێران پرسیاری لێکرا.

ڕێند پاڵ سیناتۆری کۆماریخوازی ویلایەتى کۆنتاکی لەو دانیشتنەدا لە پۆمپئۆی پرسی "ئاخۆ بە بڕوای ئێوە، دەکرێت سوود لە ڕێگەپێدانەکەى ساڵى ٢٠٠١ى کۆنگرە بۆ ڕووبەڕوونەوەى دەوڵەت لەگەڵ کەسانى تێوەگلاو لە هێرشە تیرۆریستییەکانی ١١ى سپتەمبەر وەربگیردرێت دژی ئێران و سوپای پاسداران؟"

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گووتی "من پێم باشە وەڵامی ئەو پرسیارە بهێڵمەوە بۆ پسپۆڕانی یاساییمان". سیناتۆر پاڵ دوای وەڵامی پۆمپئۆ خوازیاری وەڵامێکی ڕوونی وەزیری دەرەوەی بوو و گووتی "ئەوە پرسیارێکی گرنگە و ئەگەری ئەوە هەیە ئێوە دژی ئێران شەڕ ڕابگەیەنن، یاخود هێرشی سەربازى دەست پێ بکەن، ناکرێ بهێڵدرێتەوە بۆ باسێک کە ئەگەری هەیە دیوانی بەرزی ئەمریکا وەڵامی بداتەوە".

 

پێداگری دووبارە لەسەر مەرگی ٦٠٠ ئەمریکایی لە عێراق

لە بەشێکی دیکەی وەڵام و پرسیارەکاندا، سیناتۆڕ ڕند پاڵ لە وەزیری دەرەوەی ئەمریکای پرسی "سرنجدان بەوەی سوپای پاسداران خراوەتە لیستی تیرۆرەوە، ئاخۆ بە بڕوای ئێوە ئەو گرووپەش دەکەوێتە بەر حاڵەتەکانی ئەو بڕیاڕەی لەم بوارەوە دراوە و لە کاتی دانی ئەم بڕیارە ئەوەتان لەبەر چاو بووە؟"

مایک پۆپمئۆ لە وەڵامدا گووتی "بە پرسیاری دوایی ئێوە دەست پێ دەکەم. ئەوە بەشێک لە قۆناغەکانی بڕیاڕدانی ئێمە نەبوو. دانانی سوپای پاسداران لە لیستی تیرۆر پشتڕاستکردنەوەی ڕاستییەک بوو. ئەوە تیرۆریستەکانن کە ٦٠٠ ئەمریکاییان کوشتووە و بنەماڵەکانی ئەو کەسانە داغ لە دڵن". وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا لە کۆتاییدا گووتی "هەر بۆیە هەمان کارمان دژی سوپای پاسداران کرد کە بەرامبەر هەر گروپێکی تیرۆریستی دیکە ئەنجامی دەدەین".