تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

کۆچەر بیرکار دکتۆراى شانازی پێ بەخشرا

کۆچەر بیرکار دکتۆراى شانازی پێ بەخشرا
AvaToday caption
posted onMarch 27, 2019
noتعليق

 

ئەمڕۆ کۆچەر بیرکار لە ڕێگەى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى هەولێرەوە گەیشتە پایتەختى هەرێمى کوردستان و لە مەراسیمێکى گەورەو  بە ئامادەبوونى سەرۆکوەزیرانى هەرێم و جێگرەکەى و چەندین وەزیر و بەرپرس و مامۆستاى زانکۆ و خوێندکارانى زانکۆى سەلاحەدین و خەڵک، دکتۆراى شانازی پێ بەخشرا.

 

سەرەتا سەرۆکى زانکۆى سەلاحەدین ئەحمەد دزەیی باسێکى لەوە کرد کە "زانکۆى سەلاحەدین ئەم دکتۆراى شانازییە بە کەسانى داهێنەرى کورد دەبەخشێت کە ئێستا دەیبەخشێتە کۆچەر بیرکار" و دواتر نێچیرڤان بارزانى قسەى لەسەر کۆچەر کرد و بەم شێوەیە وتارەکەى پێشکەش کرد:

نێچیرڤان بارزانى

ئامادەبووانی بەڕێز و خۆشەویست،
سڵاوتان لێ بێ،

بەخێرھاتنی ھەموو لایەکتان دەکەم، بەتایبەتی بەخێرھاتنێکی گەرمی میوانی ئـازیز دکتۆر "کۆچەر بیرکار" دەکەم. ھەروەھا دەستخۆشی و سوپاسی زانکۆی سەڵاحەدین و دکتۆر "ئـەحمەد دزەیی" سەرۆكى زانكۆ دەکەم کە بڕیاریان دا پلەی دکتۆرای شانازی بە پرۆفیسۆر "دکتۆر کۆچەر" ببەخشن. سوپاسيان دەكەم بۆ رێکخستنی ئەم رێوڕەسمه و خۆم بە خۆشحاڵ دەزانم كه لێرە لەگەڵ ئێوەى بەڕێزدا بەشدارم.


ئەوه راستی بێت، لەبەر دوو ھۆ ھەست بە خۆشحاڵی دەکەم. بێگومان یەکەمیان بوونی دکتۆر کۆچەرە لێرە کە ئـەم بۆنەیە تایبەتە بە ئەوان. دووەم: لەوانەیە کاتی ھاتبێ ئـێمەش رایبگەینین؛ پێویستە رووبکەینەوە بواری ژیانی شارستانییانەی ئـاسایی کە ساڵانێکە بەھۆی گرژييەكان و ئاڵۆزى و شەڕەوە، کەمێک دوور کەوتبووینەوە.

ئێمە نابێ ھیچ ڕۆژێک ئەو ڕاستییەمان لەبيربچێتەوه کە تاکە رێگەی پێشکەوتنی ھەر گەلێک بريتییە لە فێربوونی زانستی سەردەمییانە. دەبێ لەبیرمان نەچێتەوە کە بۆ تاک و بۆ کۆمەڵگەی ئێمە، داھاتووی گەش و سەربەرزانە تەنیا لە دەسکەوتنی زانست و لەدەسکەوتی زانستییانەدایە.

گەلی کوردستان لە ھەر شوێنێک بێت شانازی بەو کەسایەتییە زانستییانەوە دەکات کە دەتوانن لە بواری جۆراجۆردا ناوی کوردستان ببەنە پێشەوە و لە ناوخۆشدا ببنە ھاندەری گۆڕانی بیر و ھزری کۆمەڵگە. ئەمە خەباتێکی گەورەیە لە پاڵ خەباتی سیاسیدا. کوردستان پێشمەرگە و كەسى چاونەترسی زۆرە، ئـەمڕۆ پێویستیمان بە كەسانى لێهاتوو و زاناى بوارەکانی زانستە کە بتوانن پەرە بە بیر و مێشک بدەن.

ئـێمە دەزانین دکتۆر کۆچـەر خۆی خۆی پێگەیاندووە و تەنیا بنەماڵەکەی پشتیوان و ھاندەری بوون تاگەیشتە ئەوەی کە خەڵاتی ناوداری (فیڵدز) لە بواری زانستی ماتماتیکدا بەدەست بھێنێت. ئەمە ھـەر بۆ خـۆی وانەيەكى تره بۆ لاوان کە دەبێ زیاتر پشت بە خۆیان ببەستن. بیانوو یان گلەیی، چارەسەری ھیچ کەموکوڕییەکی کۆمەڵگەی ئێمە ناکات. تەمەن دەڕوا و مێژوو دەڕوا و دەبێ سوود لە کات وەرگرین.

لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی (٣٠) زانکۆ ھەیە کە (٧٠٠) ھەزار قوتابی و خوێندکار و (ھەشت ھەزار) دکتۆر و مامۆستا دەگرنە خۆیان. حکومەتی ھەرێمى كوردستان سەرەڕای ھەموو کەموکوڕییەکی باری ئابووری، ھەردەم ئەولەوییەتی خۆی داوە بە پشتیوانی لە خوێندن.

بێگومان ناڵێین ھیچ کەموکوڕییەک نەبووە و ھەموو شتێک تەواوە، بەڵام دەڵێین پێویستە قوتابیان و مامۆستایان لەم سەردەمە زێڕینەی مێژووی کوردستاندا کات بەفیڕۆنەدەن. دەبێ لە پێناوی فێربووندا شەو و رۆژ بخەنه سەر يەك. دەبێ لەمەولا زانایەکی وەکو دکتۆر "کۆچەر بیرکار" بکەن بە نموونەی باڵاى خۆیان کە ھەنگاوێكى مەزنى ھەڵێنا و گەیشت بە لووتکەیەکی بەرز. ھیوادارین و دڵنیاین دەگات بە لووتکەی بەرزتریش.

دەبێ قوتابیان و خوێندکارانی کوردستان بە سەربەرزییەوە بچنە سەر گۆڕی شاعیرانی مەزنى وەک حەزرەتى خانى و مامۆستا قانیع و پیرەمێرد و بێکەس کە داوای فێربوونی زانستیان لێ دەکردین. ھەروەھا بە سەربەرزییەوە بچینە بەردەم وێنەی سەركرده مەزنەكانى وەکو شێخ مەحموود و قازی محەممەد و بارزانيی نەمر کە لە پێناو داھاتووی ئێمەدا، ھەموو قوربانییەکیان بەخشى.

ئێمە لە حکوومەتی ھەرێمى كوردستان، ئـەو سەردەمەی تەنانەت کوردستان لەژێر دوو گەمارۆی ئـابووریشدا بوو، ھەر ئەولەوییەتمان دابوو بە زانکۆ و پەیمانگاکان. لە سەردەمی پێش ئێمەدا، گەیشتن بە زانکۆ بۆ زۆر کەس خەونێك بوو، لە سەردەمی حکوومەتی ھەرێمدا ھەموو ماڵێک پڕ بوو لە قوتابی و دەرچووی زانکۆ.

بەڵام ئەوەش بزانین، لە خوێندندا ئـاستی زانستی گرنگە. ئامانجى يەكەم و سەرەكيى قوتابيیان و خوێندكاران دەبـێ بەدەستهێنانى زانست و زانين بێت. دەبێ خۆدەوڵەمەندكردن و خۆپڕچەككردن بێت به زانست و زانين، نەك تەنيا دەرچوون له زانكۆ و وەرگرتنى بڕوانامه.

لەم بۆنەیەدا داوا لە سەرۆکایەتیی زانکۆ حکوومی و ئـەھلییەکان دەکەم کە پێویستە ھەوڵی زیاتر بدەن. با ھەرێمی کوردستان ببێته نموونەی پێشکەوتنی خوێندن و زانست. خەباتی ڕاستەقینەی ئێمە لێرەدایە. بەدیھاتنی خەونی باوک و باپیران تەنیا بە سووربوون و ماندووبوونی ئێوە لە پێناوی فێربوون و زانستدا دێتە دی.

لە رابردووی کۆندا، شان بە شانی سەرکردەی سیاسیی مەزن و ناودار، گەلێک زانا و ڕۆشنبیر و ھونەرمەندی گەورەش لەناو گەلەكەماندا ھەڵکەوتوون. ئەگەر سەیری لاپەڕەی مێژووی ئـەو زانست و کولتوورە بکەین کە بە زمانی عەرەبی و فارسی و تورکی نووسراوە، ناوی سەتان لە ڕۆڵەکانی کوردستان دەکەوێتەوە بەرچاومان.

ئەوە بەشێکە لە مێژووی ھاوبەشی ئێمە و میللەتانی دەوروبەر کە بێگومان مایەی شانازییە، بەڵام ئەو سەردەمانە کوردستان خاوەنی ھیچ پێناسەیەکی سەربەخۆ نەبوو، لەبەرئەوە بەرھەمی زانا و بليمەتەكانى ئـێمە، بێكەس دەمانەوە و دەکەوتنە لای میللەتانی تر.

ئێستا کوردستان خاوەنی ھەیە. ئێمە پێناسەمان ھەیە و لە ڕیزی گەلانداین. بە دڵنیاییشەوە لە داھاتوودا دەبین بە خاوەنی پێناسەی گەورەتر. ئـەم ئـەرکە ھەر سیاسەت نایکات و ھەر پێشمەرگەش شانی ناداتە بەر. ئـێوە لە زانکۆ و پەیمانگە و قوتابخانەکانی کوردستاندا گۆڕەپانی پێشبڕكێى ژیار و شارستانيەتی سەردەم بەڕێوەدەبەن. ئامادەبووانى بەڕێز، لەبەر ئەم چەند سەرنجانه بوو حەزم کرد لەم بۆنەیەدا بەشداریتان لەگەڵدا بکەم، وێڕای خۆشحاڵیم بە "دکتۆر کۆچەر بیرکار" کە تایبەت بۆ ئـەوان ئێمە ئەمڕۆ ھەموومان لێرە کۆبووینەتەوە.
 

لە کۆتاییدا، پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان دەکەم کە ڕۆڵەی وەکو پرۆفیسۆر دکتۆر کۆچەر بیرکاری پێگەیاندووە. دڵنیام ھەموو تاکێکی کوردستان شانازی بەم ڕۆڵە لێھاتووەی بواری زانستی ماتماتیکەوە دەکات.

پیرۆزباییی گەرمم بۆ دکتۆر کۆچەر خۆی ھەیە بۆ ھەموو دەسکەوتە زانستییەکانی رابردووی، ھەروەھا ئەو خەڵاتە بەرزانەی کە بەدەستی ھێناون. پیرۆزبایی و دەسخۆشی لە بنەماڵەى بەڕێزيان دەکەم کە ئەم شانازییە گەورەیەی بە دیاری داوە بە نیشتمان. بەڕێزيان، بەو دەستكەوته زانستيانەى بەدەستى ھێناونن، خزمەتێكى گەورەى به گەل و وڵاتەكەى كردووه.


ھەر لێرەشدا دەمەوێ وتەيەكى سەرۆكى پێشووترى ئەمەريكا جۆن كەنەدى بەبير بێنمەوه كه دەڵێ: مەپرسه وڵاتەكەت دەتوانێ چيت بۆ بكات، بپرسه خۆت دەتوانى چى بۆ وڵاتەكەت بكەيت؟.

پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان دەکەم بە بۆنەی ئـەم ھەموو زانکۆ و ئـەم ژمارە گەورانەی قوتابی و دکتۆر و مامۆستایانە، ئـەمە پێشکەوتنێکی مەزنە دەبێ ھەستی پێ بکەین.

 

سوپاسى وەزارەتى پەروەرده و جەنابى وەزير بەڕێز د. پشتيوان سادق دەكەم كه ھەوڵەكانيان دەستپێكردووه بۆ ئەوەى ھەرێمى كوردستان بتوانێت له ساڵى 2022ـەوه له ھەڵسەنگاندنى نێودەوڵەتى بۆ خوێندنى ماتماتيك و زانستەكان (تيمس ـ TIMSS) بەشدار بێت كه ھەر چوار ساڵ جارێك ئەنجامدەدرێت و تيايدا ئاستى سيستمى پەروەردەيى دەردەكەوێت.


سڵاو و ڕێزم بۆ ھەموو لایەک دووبارە دەکەمەوە. بەتایبەت سەرۆکایەتیی زانکۆکان و قوتابیان و مامۆستایان و فەرمانبەران. ھەردەم لە بیرتان بێت کە ئـێمە چاوەڕوانیمان لە ئـێوە زۆرە.

وەک پێشتر گوتم، ھیوادارم ئـەم بۆنەیە و ساڵی تازە، دەسپێک بێت بۆ سەردەمێکی تازەی ژیانی گەلی کوردستان کە سەردەمی پێشبڕكێى زانستە. لە بیرمان نەچێت کە داھاتووی ئـێمە لە وەرگرتنی زانستدایە.

دیسان سوپاس بۆ ھەموو لایەک، ھەر بژین بە شادی و سەرفرازی.

 

دواتر کۆچەر بیرکار لە لایەن دکتۆر ئەحمەد دزەییەوە دکتۆراى شانازییەکەى پێ بەخشرا و کۆچەریش وتارێکى پێشکەش کرد کە لێرەدا وتارەکەى بڵاو دەکەینەوە:

کۆچەر بیرکار


سڵاو میوانە بەڕێزەکان

زۆر بەخێربێن

سەرەتا دەستخۆشی دەکەم لەو کەسانەی کە ئەم کۆبوونەوەیان ڕێک خستووە، بە تایبەتیش زانکۆی سەلاحەدین، هەروەها بەخێرهاتنی هەمووتان دەکەم، بە تایبەتیش بەرپرسانی حکوومەت کاک نێچیرڤان بارزانی و کاک قوباد تاڵەبانی

زۆر خۆشحاڵم کە دیسان و دوای ٩ ساڵ لە ساڵی ٢٠١٠ هاتمەوە هەرێمی کوردستان، ئەوکاتیش بۆ سەردانی زانکۆی سەلاحەدین هاتمە کوردستان.

من ٤٠ ساڵ لەمەوبەر لە گوندی (نێ) لە مەریوان لەدایک بووم کە خوێندن لە  گوندەکە وەک خوێندنی ئەم سەردەمە پێشینەی نەبوو. زۆربەی خەڵک نەیاندەتوانی درێژە بە خوێندن بدەن، چونکە لە باری ئابوورییەوە بۆیان نەدەڕەخسا و ناچار بوون بچنە شارێکی دیکە. چەند مانگ دوای لەدایکبوونم، شۆڕشی ئێران ڕووی دا کە دۆخەکە بە تەواوی تێکچوو، هەرچەندە پێشتریش دۆخەکە باش نەبوو. من لە کاتێکدا لەدایکبووم کە هەم لە باری سیاسی و حکوومییەوە باش نەبوو، هەم لە بارێکی دیکەوە، کورد و مێژووی کورد، ژیانی کورد لەسەر کشتوکاڵ دامەزراوە.

ئەو دۆخە هەمیشە گوشار دەخاتە سەر مرۆڤەکان و لەبارێکیتریشەوە جۆرێکیتر شڵەژان بوو. لە ٦ ساڵی چوومە خوێندنگە، کاتی شەڕ بوو و ئەوکاتە شەڕی عێراق و ئێران بوو، پێنج ساڵی سەرەتای خوێندنم هەمووی شەڕ و بۆمب و تەیارە و ئەو شتانە بووە، بەڵام هەمیشە خوێندنگە لە گوندەکەمان هەبوو، بەڵام چەند مانگێک وەکوو ئاوارە بووین. ئەوکاتە ماڵێک کرابووە خوێندنگە، بەڵام سوپاسی مامۆستاکان دەکەم کە لەو دۆخەدا کەسانی وەکوو من و هاوڕێکانمیان فێر کرد. من لێرەوە سوپاسی هەموو مامۆستاکانی تەمەنم دەکەم. هەروەها سوپاسی بنەماڵەمان و بە تایبەتی دایک و باوکم دەکەم کە لەو دۆخەدا چەند منداڵیان پەروەردە کرد و دواتر ئێمەیان ناردە بەر خوێندن. من چوار برام هەیە و خوشکێک کە دایک و باوکم زۆر لەگەڵمان خەریک بوون کە بخوێنین.

من یەکەمجار لە تەمەنی ١٠ ساڵی و لە پۆلی ٥ هەستم کرد کە لە بیرکاری باشم و لەگەڵ سرووشتی من دەگونجا و خۆشەویستیم بۆ بیرکاری درووست بوو. یەک دوو ساڵ دواتر برا گەورەکەم لەگەڵم خەریک بوو کە بیرکاری و فیزیکیش فێر بووم، ئەوەش چانسێکی گەورە بوو بۆم کە برایەکی وەها لەلام بێت. ئەو خوڵقێنەر بوو و هەموو کاتەکانی بە درووستکردنی شتەوە خەریک بوو، ئەوەش زۆر کاریگەری لەسەر پەروەردەکردنی من هەبوو.

لە دواناوەندی خۆشەویستیم بۆ بیرکاری زیاتر بوو، بە قووڵی خەریکی بووم، کتێبخانەیەکی تێدابوو لە شاری مەریوان، کتێبی بیرکاریی زۆر باشی تێدابوو، نازانم بۆ ئەو کتێبانە لەوێ بوون چونکە کەسیتر نەیدەخوێندەوە. من ئەو کتێبانەم دەهێنا و دەمخوێندەوە کە کتێبی دەرەوەی خوێندن بوون. ئەمە زۆر گرنگە بۆ ئەوانەی گەنجن. ئەگەر تەنیا کتێبی خوێندنگەکە بخوێنیت، بەس نییە و دەبێت لەوە دەربچیت. من بۆ نمرە و بڕوانامەم نەبوو، بۆ تێگەیشتنم بوو لە بیرکاری وەکوو هونەر و شتێک کە زۆر حەزی لێ بکەین. ئەگەر لە کورد بڵێین شیعرم پێ خۆشە، هەموو تێدەگەن، بەڵام کەس تێنەدەگەیشت کە من دەمگوت حەز لە بیرکاری دەکەم.

دوای دواناوەندی، چوومە زانکۆ، بەکالۆریۆسی بیرکاریم خوێند، ئەوکاتە نەک هەر کتێبی دەرەوەی خوێندنگە، شتێکی گرنگترم دەکرد وەکوو لێکۆڵینەوە لە بیرکاری، دەمگوت بەس نییە کە هەر کتێبی کەسانیتر بخوێنمەوە، بەڵکوو دەمگوت شتی خۆم هەبێت، بەڵام کەسم لە دەوردا نەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا بیرۆکەکە گرنگە و باشە. من زۆر شوێنی دونیا گەڕاوم، دەبینم لە وڵاتان بەتایبەتیش چین، خەریکن بە سیستەماتیک خەریکی ئەم شتەن. خوێندکار لە دواناوەندی خەریکی لێکۆڵینەوەیە. فێری خوڵقاندن و داهێنان دەبن.

دواتر کە چوومە زانکۆ، لەسەر ئەو رەوتە بەردەوام بووم، دواتر لە ساڵی ٢٠٠٠ چوومە بەریتانیا، ساڵێک دواتر دەستم بە خوێندنی دکتۆرا لە بەشی بیرکاری کرد، ئەوکات ناوم گۆڕی بە کۆچەر بیرکار، حەزم دەکرد ناوێک بێت کە کەسایەتیی من دەربخات. ناوێک کە دایک و باوک و مامت بۆت دادەنێن، لەوانەیە سرووشتی تۆ دەرنەخات، کۆچەر کەسێکە لە شوێنێک ناوەستێت و منیش پەنابەر بووم لە بەریتانیا بۆم ، ئەوە شتێکی گونجاو بوو. دەشمویست ببم بە بیرکار، ئەوەش گونجاو بوو و کەسایەتیی من باس دەکات. کۆچەر بیرکار مانایەکی دیکەی هەیە کە کۆچەر مانای کەسێک کە لە دونیای بیرکاریدا دەگەڕێت شت دەدۆزێتەوە. دوای تەواوکردنی دکتۆرا، هەر لە زانکۆکانی بەریتانیا خەریکی کارکردن بووم، کارکردنەکەش خۆی وانەگوتنەوەیە، بەڵام بە زۆری لێکۆڵینەوەیە و دەبێ شتی تازە وەربگریت و کۆد حەل بکەیت و بڵاوی بکەیتەوە

دوای ٢٥ ساڵ، بە چڕی خەریکبوون بە بیرکاری، ئەو کاتە ئەو خەڵاتە بە من بەخشرا، ئەمە شتێک نەبوو بۆ پێشبڕکێیەکی یەک ڕۆژە یان کارێکی یەک مانگە دانرابێت، بۆ ئەو کارە بوو کە من ١٢ ساڵە خەریکم، بەڵام وەک بنەما ٢٥ ساڵە من کارم لەسەریان کردووە.

ئەوەیان دەمهێنێتە سەر بابەتی دووەمی ئەم وتارە ئەویش ئەوەیە کە هەموو وڵاتێک زانای داهێنەری پێویستە، ئەوەش کەسێکە دەزانێت و دەتوانێت شتی تازە بخولقێنێت و داهێنەر بێت. ئەو وڵاتانەی پێشکەوتوون، کەسانی داهێنەر و خولقێنەریان هەیە، بە تەنیا یەک و دوو و سێ و چوار و پێنج کەس وڵات پێش ناکەوێت، پێویستیمان بە کۆچەر بیرکاریتر هەیە و دەبێ کار لەسەر زانای داهێنەر بکەین. ئەوەش هەر لە خانەوادەوە دەست پێ دەکات کە دایک و باوک دەتوانن هانی منداڵەکانیان بۆ فێربوون و خوڵقاندن بدەن
من منداڵێکم هەیە ٥ ساڵە و لە سێ ساڵیش لەگەڵی خەریک بووم کە شتی تازە درووست بکات، گرنگ نییە ئەگەر پێشکەوتوو بێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە کە فێری بکەیت شتی تازە درووست بکات. دواتر خوێندنگە و مامۆستا گرنگە و دەبێت ئەویش بە جۆرێک فێری فێربوون و خولقاندن بکات و پەیوەندیی نێوان منداڵ و مامۆستا زۆر گرنگە، بەداخەوە لای ئێمە، بەتایبەتی پێشتر منداڵ بە جۆرێک جیاواز و خولقێنەر بوو، سەرکوت دەکرا و دەوروبەرەکەی تێنەدەگەیشتن، هیوادارم ئێستا ئەوە باشتر بووبێت. پەیوەندیی مامۆستا و منداڵ گرنگە و مامۆستای باش دەتوانێت منداڵی باشتر پێبگەیەنێت. دواتر قۆناغەکانی دیکە دەست پێ دەکەن.

وڵاتانی پێشکەوتوو بۆ ئەوەی کەسێکی داهێنەر درووست بکەن، لەوانەیە ٢٠٠ هەزار پۆینتی تێبچێت، ئەو کارە کات و سەرمایەی دەوێت، داوا لە دەسەڵاتدارانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم کە لەسەر ئەوە ئیش بکەن هەر لە منداڵییەوە تا زانکۆ ئەوە بکەن و پشتیوانی لە کەسانی داهێنەر بکەن. کامانەن باشترین خوێندکارەکان؟ با ئەوانە بچنە دەرەوەی وڵات بخوێنن، با ئەوانەی باشترین لێکۆڵینەوەیان هەبووە، ئەوانە بێنەوە و لێرە دابمەزرێن

من و چەند هاوڕێیەکم دەمانەوێت رێکخراوێک بۆ پەرەپێدانی خوێندن و زانست لە نێو کورد دابنێین، چونکە ئەوە لە نێو کورددا زۆر لە دواوەیە و هەموومان هۆکارەکانی دەزانین، ناچارین لەسەری کار بکەین، دەمانەوێت ئەو ڕێکخراوە بە جۆرێک کار بۆ دروستکردنی ئەو زانا داهێنەرە بکات، دەمانەوێت لەمبارەیەوە لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش لەمبارەیەوە قسە بکەین. ئەگەر پێنج نێوی کۆچەر بیرکاریشمان هەبێت هەر زۆر باشە.

خەڵک و بیرکار