تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

لە ساڵى نوێدا ئێران لەبەردەم قەیرانى گەورەتردایە

لە ساڵى نوێدا ئێران لەبەردەم قەیرانى گەورەتردایە
AvaToday caption
posted onMarch 3, 2019
noتعليق

 

ساڵی نوێی ئێرانی کە ٢١ ئادار (نەورۆز) دەست پێ دەکات، کۆمەڵێک ئاستەنگ و ئاڵۆزی گەورەى بۆ ئاستەکانى ئابوورى هەڵگرتووە، بە تایبەت دواى ئەو قەیرانەى کەرتە ئابوورییەکانى تاران لەساڵى ڕابردوو بە خۆیەوە بینیوە.

 

بەپێی ڕاپۆرتەکان و پێشبینى چاودێران و توێژەرانى کاروبارى ئێران "ئابوورى ئەو وڵاتە کەوتۆتە ناوچەى مەترسییەوە، بە جۆرێک ڕووبەرووى کۆمەڵێک قەیران بووەتەوە و، هەڕەشە لە ژیانى ئابوورى گشتى وڵات دەکات، بە تایبەت لە پرسەکانى وەبەرهێنان، خزمەتگوزارییەکان و مامەڵەى بانکی".

لەسەر ئاستى باڵاش حەسەن ڕوحانی، سەرکۆمارى ئێران لە ٣٠ کانوونى دووەم (بەفرانبار)ى ڕابردوو دانى بە ئاستەنگییەکانى قەیرانى ئابووریی وڵاتەکەى ناوەو، ڕایگەیاند "لەماوەى ٤٠ ساڵدا، وڵاتەکەى ڕووبەرووى ئاڵۆزترین ڕەوشى ئابوورى دەبێتەوە".

بە جۆرێک هاووڵاتیانى ئێران چیتر تواناى بارگرانى زیاتری ئاڵۆزی ژیان و سەرکوتکردنى ڕژێمەکەیان نەماوە، چەندین جاریشە کرێکاران و توێژەکانى کۆمارى ئیسلامی خۆپێشاندانى فراوانیان ڕێک خستووە بۆ وەرگرتنى شایستە داراییەکانیان، بەشێکیانیش لەگەڵ پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان ڕووبەرووی پێکدادان بوونەتەوە.

 

سزاى نێودەوڵەتى بەهێزتر:

سزاى ئابوورى

دواى کشانەوەى یەک لایەنەى ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکەى ئێران و وڵاتانى ٥+١، تاران گەڕایەوە قۆناغی پێش ڕێککەوتننامەکەى ٢٠١٥ و، ڕووبەرووى کۆمەڵێک سزای ئابوورى نوێ بوویەوە، کە لەلایەن دۆناڵد ترامپ، سەرۆکى ئەمریکا بەدوو قۆناغ بەسەریدا سەپاند.

بە بەراورد لەگەڵ سزاکانى باراک ئۆباما، سەرۆکى پێشووى کوشکی سپی، سزایەکانى ترامپ، زۆر تووندترو بەهێزترە. چاوەڕوان دەکرێت سزا نێودەوڵەتییەکان ڕژێمى ئێرانی لەبوارى تاوانەکانى سپیکردنەوەى پارەش بگرێتەوە، بە تایبەت ئەو باڵانەى لەلایەن گرووپی کارى دارایی نێودەوڵەتى "فاتف" باسی لێوەکردووە و، تا حوزەیرانى داهاتووشی لەبەردەمە بۆ چاکسازییەکانى لەو بوارە تەواو بکات.

لەلایەن خۆیەوە پێنوێنى بازل بۆ بەرەنگاربوونەوەى سپیکردنەوەى پارە لەساڵى ٢٠١٨ ئێرانى لەنێو ١٤٩ وڵات وەک بەرزترین وڵاتی جیهانى لەمەترسییەکانى سپیکردنەوەى پارە هەژمار کردووە، کە لەرێگەى ڕاپۆرتێکى بەدواداچوونی خۆیدا ئاشکراى کردووە. ئەو پێنوێنە مەترسییەکانى کۆمارى ئیسلامی لە سپیکردنەوەى پارە لەکۆمەڵێک خاڵ چاودێرى کردووە، وەک "پارەدارکردنى تیرۆر و، بەقاچاخبردنى و بەهەدەردانى پارەو گەندەڵ "بووە.

فاتف لەراپۆرتێکى خۆیدا کە ٢٢ شوباتی ڕابردوو بڵاویکردەوە دەڵێت "گرووپى کارى دارایی لەمیانەى کۆبوونەوەى ئەم هەفتەیە بڕیاریداوە، بەردەوام بێت لەرێکارییەکانى دژى ئێران"، هاوکات ئەو هۆشدارییەش دووهەمجارە دواى ڕاپۆرتەکەى تشرینى یەکەمى ٢٠١٨ کاتێک " هۆشداریی دایە تاران لەوەى ڕووبەرووى کۆمەڵێک سزا دەبێتەوە لە پابەندنەبوون بە بنەماکانى شەفافیەت و بەرەنگاربوونەوەى پارەدارکردنى تیرۆر".

سزایەکانى فاتف، هەڕەشە لەوەبەرهێنانى بیانى لەو وڵاتە دەکات و، مەترسیش بۆ کۆمپانیا بیانیەکان دروست دەکات، لەوەى بیر لەکارکردن لەناوخۆى ئێران نەکەنەوە.

 

جیهان دەستبەردارى ئێران دەبێت:

جیهان دەستبەردارى ئێران دەبێت

ساڵى نوێی ئێرانى پاڵ ئاڵۆزییە دارایی و ئابوورییەکان کێشەیەکى دیکەشى بۆ ڕژێمى تاران هەڵگرتووە، ئەویش دەستبەردار بوونى جیهانە لەمامەڵە کردن لەگەڵ کۆمارى ئیسلامی، چونکە یەکێک لەسزایەکانى واشنتۆن سزادانى هەر وڵاتێکە مامەڵەى بازرگانى لەگەڵ ئێران بکات، هیچ وڵاتێکیش ئامادە نیە لەپێناو ویلایەتى فەقێ بەرژەوەندییەکانى بخاتە مەترسییەوە.

کاردانەوە نەرێنیەکانى ئابوورى لەناوخۆى ئێراندا یەک بەدواى یەکدا زۆر ڕەشتر دەردەکەوێت، بەتایبەت دواى دەستبەرداری بەرەى ئەورۆپا لەمامەڵەکردن لەگەڵ ئێران و، هەڵبژاردنى بێدەنگی بەرامبەر سەپاندنى سزاى ئابوورى ئەمریکا دژى ڕژێمەکەى کۆمارى ئیسلامی.

سەرەڕاى بەخشینى لێخۆشبوونى کاتى بۆ ئیتاڵیاو یۆنان و شەش وڵاتى دیکە لەکڕینى نەوتى ئێران، بەڵام هەردوو وڵاتە ئەورۆپیە لەگەڵ سەپاندنى قۆناغی دووهەمى سزایەکانى کوشکی سپی لەتشرینى دووهەمەوە هیچ قەبارەیەک نەوتى تارانیان نەکڕیوە. لەو بارەیەوە بێژەن زەنگەنە، وەزیرى نەوتى حکومەتەکەى ڕوحانى بەئاژانسى هەواڵى وڵاتەکەى گووتوە "هیچ وڵاتێکى ئەورۆپی نەوتى ئێران ناکڕێت".

جەختى لەوەش کردووەتەوە "ڕۆما و ئەسینا، لێخۆشبوونى ئەمریکایان بەدەست هێناوە، کەچى نەوتى وڵاتەکەى ناکڕن و، وەڵامى هیچ ڕوونکردنەوەیەکى تارانیش نادەنەوە لەبارەى نەکڕینى نەوتەکەى".

هاوکات کۆڕبەندی عەرەبی بۆ شیکردنەوەى سیاسەتەکانى ئێرانی لە نوێترین ڕاپۆرتێکى نوێیدا باس لەوە دەکات "دواى نۆ مانگ لەهەڵوێستێکى نایەکلایی کەرەوە ئەورۆپا بەشێوەى قۆناغ بڕیاریداوە دەستبەردارى ئێران بێت، بۆیەش تاران کاتێک دەچێتە نێو ساڵى نوێ خۆیەوە هیچ هاوپەیمان و هاریکارێکى نابێت".

هەنگاوەکانى ئەورۆپاش لەئەڵمانیەوە دەستپێکرد، کاتێک ڕێگەى لەنیشتنەوەى کۆمپانیاى فرۆکەوانى (ماهان ئەیر)ـى ئێرانی گرت لەخاکەکەى بنیشێتەوە، هۆکارەکەشی بۆ گۆمانى بەرلینە لەبەگەڕخستنى ئەو کۆمپانیایە بۆ کاروبارى سەربازی. جگە لەوانەش ماهان ئەیر لەدواى ٢٠١١ ـەوە خراوە نێو لیستى سزایەکانى ئەمریکاو، لەلایەن سوپاى پاسدارانەوە بۆ کاروبارى سەربازی و چالاکیی تیرۆری بەکار دەهێنرێت بەتایبەت لەپرسى سووریا.

فەرەنساش بۆ ڕێگری لەبەرنامە مووشەکییە بالیستیەکانى ئێران، هەڕەشەى تووندی لەتاران کردووە، بەوەى سزاى بێوێنەى بەسەردا دەسەپێنێت. پێش ئەو هەڕەشانەش؛ پاریس قەواڵەو پارەى سەر بەهەواڵگری و سوپای پاسداران و فەرمانگەى ئاسایشی وەزارەتى ئیتلاعاتى کۆمارى ئیسلامی سڕ کرد، ئەو کاتەش وەزارەتى دەرەوەى فەرەنسا دووپاتیدەکردەوە کە " لەپاڵ ئەو سڕ کردانەش قەواڵەى چەندین کەسایەتى ئێرانى و موڵکى هەواڵگرى سڕ کردووە".

کۆڕبەندەکەش لەپوختەى ڕاپۆرتەکەى خۆیدا گووتى " بەکۆى گشتى وڵاتانى ئەورۆپا ناتوانێت لەپێناو بازاڕى ئێران، دەستبەردارى وەبەرهێنانەکانى خۆى لەبازاڕى ئەمریکا بێت، کە گەورەترین بازاڕى ڕکابەریی جیهانییە". لەپاڵ ئەوانەش ئەورۆپا ناتوانێت زۆر لەکۆمپانیاکانى بکات لەنێوخۆى کۆمارى ئیسلامى بمێننەوە، بۆ درێژەدان بەوەبەرهێنانەکانیان، چونکە ڕەوشەکە ناروونە بۆ داهاتووى وەبەرهێنان".

 

قەیرانە چارەسەر نەکراوەکانى خۆراک:

قەیرانى خۆراک

جگە لەقەیرانە ئابوورییەکان و نەفرۆشتنى نەوتى ئێران، ئاڵۆزییەکى مەترسیدارتر چاوەڕوانى هاوڵاتیانى ئێران لەساڵى نوێی ئێرانی، ئەویش قەیرانى خۆراکە.

نۆرهان ئەنوەر، شیکارى کاروبارى ئێرانى دەڵێت "ئەو قەیرانە ئیهانەیەکى گەورەیە بۆ کەرامەتى ئێرانییەکان، کە لەسایەى ڕژێمى دەسەڵاتدارەوە بەخۆیەوە دەیبینێت". ئەنوەر جەخت لەوەش دەکاتەوە "لەو کاتەى فەرمانگەى کارگێری بازاڕەکان نرخى مریشکی بە ١٠٥٠٠ تمەن دیاریی کردوە، یەکە بەکاربەرەکانى وڵات بە ١٥٠٠٠ تمەن دەیفرۆشنەوە، ئەمەش توڕەییەکى گەورەى لەنێو خەڵکیدا دروست کردووە".

لەبارەى گۆشتیش هیما بەوە دەکات " سیاسەتی ڕێکخستنى فرۆشتنى گۆشت، بەردەوامە لەئیهانە کردنى کەرامەتى هاوڵاتیان، بەجۆرێک مانگانە سێ کیلۆ گۆشتى بۆ خێزانەکان دیاریی کردووە". ئەنوەر دەشڵێت " نۆرەیەکى درێژ لەبەردەم پێشانگاو کۆمەڵگەکانى فرۆشتنى ئێران دروست دەبێت بۆ وەرگرتنى پشکى خۆیان، لەولاشەوە خاوەن چێشتخانەکانیش کار لەسەر بەدەستهێنانى مافى خەڵکى دەکەن بۆ کارى بازرگانى".

دوایین ئامارى ئابووریش دەریخستووە ڕێژەى هەڵاوسان لەسەر ئاستى کاڵاى خۆراکەکاندا بەسەدا ٣٩ بەرز بووەتەوە، پێشبینى دەکرێت لەگەڵ ساڵى نوێوە نرخەکانى نان بەبەراورد لەگەڵ ساڵى ڕابردوو بەسەدا ٢٩،٥ بەرز ببنەوە، ماسیش بەسەدا ٨١،٨ و مێوەجاتیش بەسەدا ٦٨،٨ و شیرنەمەنیۆەکانیش بەنزیکەى سەدا پەنجاو ڕۆنیش بەسەدا ٥٧،٤ نرخیان بەرز ببنەوە.