تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

پێنج گرنگترین دەستلەکارکشانەوە و دوورخستنەوەکان لە ئێران

پێنج گرنگترین دەستلەکارکشانەوە و دوورخستنەوەکان لە ئێران
AvaToday caption
posted onFebruary 28, 2019
noتعليق

 

دواى دەستلەکارکشانەوەى جەواد زەریف وەزیرى دەرەوەى ئێران، قەبارەى ناکۆکییەکانى نێو حکومەت و باڵى تووندڕەوەکانى کۆمارى ئیسلامی ئاشکرا بووە، بەتایبەت لەپرسى پەیوەندییە دیپلۆماتی و سیاسییەکانى تاران لە دەرەوەى ئێران.

 

گرنگترین ئەو باڵانەش پاڵەپەستۆى خستووەتە سەر زەریف و، جموجۆڵەکانی سنووردار کردووە، سوپاى پاسداران و باڵەکانیەتى، کە زۆرترین کەیسە هەستیارە دەرەکییەکانى بەدەستەوەیە. سوپای پاسداران هیچ پانتاییەکى بۆ زەریف جێنەهێشتووە لەکەیسە هەرێمایەتییەکاندا کار بکات، تەنها پەیوەندییە ڕۆژئاواییەکانى بەدەست ماوەتەوە، بەڵام مێژووى سیاسی نوێی ئێران بێبەش نەبووە لە دەستلەکارکشانەوەى بەرپرسانى باڵا، بگرە لەسەردەمى شاه تا خومەینى و پێش ڕوحانیش بەردەوامیی هەبووە.

بەشێک لەو دەستلەکارکشانەوانەش گەیشتووەتە ئاستى دوورخستنەوەى بەزۆر، وەک ئەوەى لەسەردەمى وەزیرى دەرەوەى پێشووترى ئێران لەسەردەمى مەحمود ئەحمەدی نەژاد ڕووی دا. ئەحمەدى نەژاد، وەک یاخیبوون لەدەسەڵاتەکەى عەلى خامنەیی، مونچێهر موتەکی کە لە گەیشتێکى دیپلۆماتى دابوو، بێ ئاگاداربوون دوور خستەوە. موتەکی کاتێک گەیشتە سەنیگال، وەزیرى دەرەوەى ئەو وڵاتە لێی پرسی "بەچ سیفەتێک پێشوازیت لێ بکەین"، چونکە لە پۆستى وەزارەتى دەرەوە دوور خرابووەوە. موتەکی ئەو کاتە گووتی " ئەمە لەگەڵ بنەماکانى ئیسلام و ڕێسا دیپلۆماتیکەکان ناگۆنجێت، شکاندنە و، پێچەوانەى بنەما سیاسییە گشتییەکانە". ئەمەش گرنگترین دوورخستنەوەو دەستلەکارکشانەوە سیاسییەکانى ئێرانە:

 

یەکەم: دەست لەکارکشانەوەى محەمەد موسەدەق / ١٩٥٢

محەمەد مصدق

دواى بردنەوەى بەرەى نیشتیمانى بە ڕابەرایەتى محەمەد موسەدەق لە هەڵبژاردنەکانى شوباتی ١٩٥٢، حەمە ڕەزا شاه پەهلەوی، وەک سەرۆکوەزیرانى حکومەتى تاران دەستنیشانى کرد، بەڵام موسەدەق سوور بوو لەوەى مافى دەستوورى خۆى بەکار بهێنێت لە هەڵبژاردنى وەزیرى جەنگ و سوپاسالاری وڵاتەکەى، بەڵام شاه داواکەى ڕەت کردەوە، بۆیەش سەرۆکوەزیران ناچار بوو دەستلەکارکشانەوەى خۆی پێشکەش بکات و، پەهلەویش ئەحمەد قەوام ـى پیاوی نزیک لەخۆى لە جێگەى دانا.

سەرۆکوەزیرانى نوێ، بڕیاری دا دووبارە دانووستاندن لەگەڵ بەریتانییەکان بکاتەوە بۆ کۆتاییهێنان بەقەیران و ناکۆکییەکانى خۆماڵىکردنى نەوتى ئێران کە لەلایەن موسەدەقەوە ئەنجام درابوون. هەڵوەشانەوەى خۆماڵییەکانى نەوت، قەیرانێکى گەورەى لەوڵات دروست کردو، ئاڵۆزیی لە بازاڕى گەورەى تاران دروست کرد، دواى کوژرانى ٢٥٠ کەس لەخ ۆپێشاندەران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە شاه قەوامی لە پۆستەکەى دوور خستەوەو موسەدەقى بەهەموو دەسەڵاتەکانییەوە گەڕانەوە بۆ پۆستى سەرۆکوەزیران.

 

دووەم: مەهدی بازرگان / ١٩٨٠

مەهدی بازرگان

لە ڕۆژانى سەرەتای گەڕانەوەى لە تاراوگە ڕوحەڵا خومەینى، مەهدی بازرگان، سیاسەتمەدارى لێهاتووى وەک سەرۆکوەزیران دەستنیشان کرد، ئەو کەسایەتییە ڕێبەرى بزووتنەوەى ئازادی ئێران بوو و، یەکێکیش بووە لە سیاسییە ئیسلامییەکان، بەڵام جیاوازی هزرى هەبوو لەسەر پرسى ڕژێمێکى ئایینى لەئێران.

دواى دامەزراندنى بازرگان ڕووبەرووى کۆمەڵێک بەرەنگاری بوویەوە، بەتایبەت لەپرسى هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەى ویلایەتە یەکگرتووەکان لەتاران، خۆى و حکومەتەکەى دەست لەکارکشانەوەى پێشکەش کرد. بازرگان پێی وابوو " پاڵپشتىکردنى هێرشبەران لە لایەن ڕژێمى کۆمارى ئیسلامییەوە کارێکى ئیستفزازی و جێی شانازی نیە بۆ کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و ویلایەتە یەکگرتووەکان بەتایبەتى".

 

سێهەم: ئەبو حەسەن بەنى سەدر/ ١٩٨١

ئەبو حەسەن بەنى سەدر

بەنى سەدر یەکێک بوو لەو کەسایەتییە نزیکانەى خومەینى بوو لە تاراوگەى فەڕەنساو، لەگەڵ ئەویشدا دواى سەرکەوتنى شۆڕش گەرایەوە تاران، لە یەکەم هەڵبژاردنى سەرۆکایەتیدا  لەشوباتی ١٩٨٠ وەک سەرکۆمار هەڵبژێردرا.

بەنى سەدر یەکێک بوو لەکەسایەتییە نزیکەکانى ڕێکخراوى موجاهیدینى خەڵق و، تا ڕادەیەکیش لەگەڵ مەسعود ڕەجەوی ڕێبەری ئەو ڕێکخراوەیە، بەڵام ئاڵۆزى پەیوەندییەکانی موجاهیدین و پیاوانى ئایینى، کاریگەرى لەسەر پەیوەندییەکانى بەنی سەدریش کرد، کە پێی وابوو پێویستە "جەنگی وڵاتەکەى لەگەڵ عێراق سنووردار بکرێت".

ئاڵۆزییەکانى بەنى سەدر دواى ناردنى نامەیەک بۆ خومەینى لەبارەى هەڵوەشانەوەى ئەنجومەنى شۆڕش و دەسەڵاتی دادوەرى و پێکهێنانى حکومەتێکى نوێ بۆ ڕزگارکردنى وڵات لەقەیرانى سیاسی و ئابوورى، تووندتر بوونەوە. دواى چەند ڕۆژێک لەناردنى نامەکەى، خومەینى بڕیارى دوورخستنەوەى بەنى سەدر دەردەکات و بە "خیانەت"یش تۆمەتباری دەکات و، بەرپرسیاریەتى ڕێگرى لەهێزە چەکدارەکان بۆ بەرپەرچدانەوەى هێرشەکانى عێراقیش تۆمەتبار دەکرێت. پاش ئەو ڕووداوە بەنى سەدر لەپێش چاوان نامێنێت و لە تەمموزی ١٩٨١ بە هاریکارى ڕێکخراوى موجاهدینى خەڵق بەرەو پاریس هەڵدێت.

 

چوارەم : ئایەتوڵا حوسێن عەلى مونەتەزری/  ١٩٨٦

حوسێن عەلى مونەتەزری

پەیوەندییەکانى ئایەتوڵا خومەینى و هاوڕێ و قوتابیەکەى ئایەتوڵا مونەتەزری، جێی باس و خواسى هەواڵە ناوخۆییەکانى شۆڕشی ئێرانی بوون، بەجۆرێک خومەینى بڕیاری دا بیکاتە جێگرەوەى خۆی و، لە ڕێگەى ئەویشەوە کۆمەڵێک نوێنەرایەتیان لەنێو دامەزراوەى کۆمارى ئیسلامی دروست کرد.

کەسە نزیکەکانى مونەتەزریش ڕێبەرایەتى نووسینگەى بزووتنەوە ڕزگاریخوازییان گرتە دەست، کە سەرپەرشتى گرووپ و بزوتنەوەکانى دەرەوەیان دەکرد.

بەڵام ئابڕووچوونەکەى ئێران کۆنترا، خاڵی وەچەرخانى پەیوەندییەکانى مونەتەزرى بوو لەگەڵ ڕژێم، چونکە هیچ زانیارییەکى لەبارەى ئەو گرێبەست و ڕێککەوتننامەکەى تاران و واشنتۆن نەبوو، بۆیەش بڕیاری دا مێزى سیاسی بەسەر هەموویاندا وەرگەڕێنێت. دواى ئەو ڕووداوە ئەندامانى نووسینگەکەى بە سیخور بۆ هەواڵگرى ئەمەریکا تۆمەتبار کران و، مونەتەزرى پێی وابووە "ئەوە کردەوەیە دەستى لە پشتەوەیە"و، سێ نامەى تووندی بۆ خومەینى نارد و، داواى سنووردارکردنى ویلایەتى فەقێی کرد بە کاروبارى ئایینى.

پڕۆسەکە زۆرى نەخایاند، خومەینى داواى لە مونەتەزری کرد دەست لە کار بکێشێتەوەو، واز لە کاروبارى سیاسی بهێنێت وخۆى بۆ کاروبارى وانەگووتنەوە تەرخان بکات، بەو هۆیەوەش مونەتەزرى وازى لە سیاسەت هێناو، گەڕایەوە قوم بۆ وانەگوتنەوە، بەڵام نەتوانرا بێدەنگ بکرێت، بۆیەش بەردەوام هێرشى تووندی دەکردە سەر ویلایەتى فەقێ و ڕژێمەکەى، لەو بوارەش سێ بەرگى تیۆرەکانى ڕەخنەکانى نووسی.

 

پێنجەم: مەنوچێهر موتەکی/ ٢٠٠٩

موتەکی یەکەم وەزیرى دەرەوەى کۆمارى ئیسلامی دواى هەڵبژاردنى مەحمود ئەحمەدی نەژاد لە ٢٠٠٥ بوو و یەکێکیش بوو لەکەسە نزیکەکانى عەلى خامنەیی، ڕابەرى باڵاى کۆمارى ئیسلامی کە وا باوە لە تاران پێش دەستنیشانکردنى چوار وەزیر سەرکۆمار لەگەڵ ڕێبەرى وڵاتەکەى گفتوگۆ بکات، لەوانەش پۆستى وەزارەتى دەرەوە، بەڵام دواى هەڵبژاردنەوەى نەژاد لە ٢٠٠٩ و، سەرهەڵدانى خۆپێشاندانە جەماوەرییەکان بەوەى دەستکارى ئەنجامەکانی هەڵبژاردن کراوە، ئەحمەدى نەژاد دووبارە موتەکی کردەوە بە وەزیرى دەرەوە، بەڵام تێکچوونى پەیوەندییەکانى سەرکۆمار و خامنەیی، ئەحمەدی نەژاد وەک سووکایەتیکردن بە خامنەیی و پیاوەکانى، موتەکی لەکاتى ڕاپەراندنى ئەرکە دیپلۆماتیکەکەیدا لە سینگال دوور خستەوە.

ئەو کاتەى موتەکی لە سینگال دەبێت هاوتاکەى پرسیارى ئەوەى لێدەکات "بە چ سیفەتێک پێشوازی لێبکات"، چونکە بێئاگا بوو لە دوورخستنەوەکەى. موتەکی ڕایگەیاند لەکاتى جێبەجێکردنى ئەرکەکەى دوور خراوەتەوە و "لەگەڵ بنەماکانى ئیسلامی و ڕێسا دیپلۆماتیکەکان ناگونجێت، ئەمە شکۆشکاندن و پێچەوانەى دابونەریتە سیاسییەکانە".

موتەکی لەکاتى دەستنیشانکردنى عەلى ئەکبەر ساڵحی، وەک جێگرەوەى لە وەزارەتى دەرەوە ئامادە نەبوو و، بەگاڵتەجاڕییەوە گووتى "ئەوەى جێی پێکەنینە، ئەوەیە کە بۆ کاتى ئاهەنگی ڕادەستکردن وەرگرتنەوەى پۆستەکە ئاگادار نەکراومەتەوە".