ئۆرسۆلا فۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا رایگەیاند، یەکێتیی ئەوروپا تاوتوێی سەپاندنی سزای تووندتر بەسەر ئێراندا دەکات و ئەوەی لەو وڵاتەدا روودەدات بە "کارەساتێکی مرۆیی" ناوبرد.
فۆن دێر لاین، رۆژی پێنجشەممە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە پەراوێزی گفتوگۆ سیاسییەکانی وڵاتی قوبرس رایگەیاند، یەکێتیی ئەوروپا کار لەسەر ئامادەکردنی لیستێکی نوێی سزاکان دەکات کە ئەو کەسانە دەکاتە ئامانج کە بەرپرسن لە "سەرکوتکردنی دڕندانەی" ناڕەزایەتییەکانی ئێران.
سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا وەسفی بارودۆخی ئێرانی کرد و گوتی: "ئەو رووداوانەی لە ئێران دەگوزەرێن قێزەونن؛ کوشتنی گەنجان کارەساتێکی مرۆییە."
سەبارەت بە ئەگەری دەستوەردانی سەربازیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا یان ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، فۆن دێر لاین خۆی لە لێدوانی راشکاو بەدوور گرت و گوتی: "من ناتوانم لێدوان لەسەر هەنگاوەکانی وڵاتانی دیکە بدەم، ئەوە بڕیاری خۆیانە کە چی دەکەن."
فۆن دێر لاین ئاماژەی بەوەش کرد، ئامانج لە تووندکردنی سزاکان، هاوکاریکردنە بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی ئێستای تاران. راشیگەیاند کە سزاکانی ئێستای یەکێتیی ئەوروپا کاریگەرییان هەبووە و بوونەتە هۆی لاوازکردنی رژێمی ئێران.
ئەم لێدوانانەی سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا لە کاتێکدایە کە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هۆشداری لە زیادبوونی ژمارەی قوربانیانی خۆپێشاندانەکان دەدەن و داوای هەڵوێستی جیددیتر لە وڵاتانی رۆژئاوا دەکەن.