تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

لە ماوەی ساڵێکدا زیاتر لە ٢٠٠ ژن لە ئێران کوژراون

لە ماوەی ساڵێکدا زیاتر لە ٢٠٠ ژن لە ئێران کوژراون
posted onDecember 24, 2025
noتعليق

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هۆشداری لە بەرزبوونەوەی ئامارەکانی کوشتنی ژنان لە ئێران دەدەن و ڕایدەگەیێنن، لە ساڵی ٢٠٢٥دا زیاتر لە ٢٠٠ حاڵەتی "ژنکوژی" تۆمار کراون.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو" لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا ئاماژەی بەوە کردووە، لەمساڵدا لانیکەم ٢٠٣ ژن لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بیانووی جۆراوجۆر کوژراون. ڕێکخراوەکە هۆکاری زیادبوونی ئەم دیاردەیەی بۆ "نەبوونی یاسای توند" و "بوونی پاساوی نامووسی" بۆ تاوانباران گەڕاندووەتەوە و دەڵێت، بەشێکی زۆری حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان بەهۆی کۆسپە یاسایی و کۆمەڵایەتییەکانەوە تۆمار ناکرێن.
هاوکات، ئاژانسی "هێرانا" کە تایبەتە بە هەواڵەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، ئامارێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە، لە ساڵی ١٤٠٣ی هەتاویدا (٢٠٢٤-٢٠٢٥) لانیکەم ١٥٨ حاڵەتی ژنکوژی و ١٦ هەزار و ٥٦٧ حاڵەتی توندوتیژی دژی ژنان تۆمار کراون. هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە ٣٠ هەزار و ٦٤٢ ژن بەهۆی "ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ" ڕووبەڕووی هەڵسوکەوتی نەشیاو و گوشار بوونەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، مای ساتۆ، ڕاپۆرتەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران، پێشتر نیگەرانیی خۆی لەبارەی دۆخی ژنان دەربڕیبوو. ساتۆ ڕایگەیاندبوو کە لە ئێراندا "یاسایەکی گشتگیر بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی نییە"، ئەمەش وای کردووە تاوانبارانی دەستدرێژیی سێکسی و توندوتیژی لە سزا ڕزگاریان بێت و زەمینە بۆ توندوتیژیی زیاتر خۆش بێت.