تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

بەرزبوونەوەی ١٠٨٪ـی نرخی چەرەزات لە ئێران شەوی یەڵدای بۆ "کاڵایەکی لوکس" گۆڕیوە

بەرزبوونەوەی ١٠٨٪ـی نرخی چەرەزات لە ئێران شەوی یەڵدای بۆ "کاڵایەکی لوکس" گۆڕیوە
posted onDecember 20, 2025
noتعليق

 لەگەڵ نزیکبوونەوەی شەوی یەڵدا، بەرزبوونەوەی بێوێنەی نرخی چەرەزات و وشکەمیوە لە بازاڕەکانی ئێراندا نیگەرانیی لای هاووڵاتییان دروست کردووە و میدیاکانی ئەو وڵاتەش باس لە سستبوونی بازاڕ و کەمبوونەوەی توانای کڕینی خەڵک دەکەن.
ئەنجومەنی دابینکردن و پاکێجکردنی چەرەزات و وشکەمیوەی ئێران ڕایگەیاند، نرخی هەندێک جۆری چەرەزات بە ڕێژەی ١٠٨٪ بەرزبووەتەوە. ئەنجومەنەکە هۆشداری دەدات کە بەردەوامیی ئەم دۆخە، چەرەزاتی شەوی یەڵدا -کە نەریتێکی مێژوویی ئێرانییەکانە- زیاتر لە جاران بۆ خێزانەکان دەکاتە "کاڵایەکی لوکس".
میدیا نێوخۆییەکانی ئێران بۆ وەسفکردنی ئەم گرانبوونە دەستەواژەی توندی وەک "فڕینی نرخەکان" و "تێپەڕین لە سنووری عەقڵ" بەکاردێنن. ئاژانسی هەواڵی "مێهر" لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، کڕینی تەنیا یەک کیلۆگرام چەرەزاتی تێکەڵاو کە زۆربەی نۆک و مێوژ بێت، لەنێوان ٩٥٠ هەزار بۆ یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار تمەندا دەوەستێتەوە، ئەمە لەکاتێکدایە نرخی هەر کیلۆگرامێک شیرینی گەیشتووەتە ٢٤٠ هەزار تمەن.
ڕاپۆرتە مەیدانییەکان و ماڵپەڕی "خەبەر ئۆنلاین" ئاشکرایان کردووە کە لە هەندێک بازاڕدا فرۆشتنی چەرەزات بە ڕێژەی ٥٠٪ کەمی کردووە. شارەزایان دەڵێن کەمبوونەوەی خواست وایکردووە فرۆشیاران بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانیان نرخەکان زیاتر بەرز بکەنەوە، ئەمەش بازاڕی شەوی یەڵدای لە زۆربەی شارەکانی ئێراندا بێڕەونەق کردووە.
شەوی یەڵدا درێژترین شەوی ساڵە و لە فەرهەنگی ئێرانیدا جێگەیەکی تایبەتی هەیە، بەڵام قەیرانی ئابووری و هەڵاوسانی بەردەوام، وایکردووە بەشێکی زۆری کۆمەڵگە نەتوانن وەک ساڵانی ڕابردوو سفرە و خوانەکانیان بەو جۆرە بڕازێننەوە.