
“لە ئیلام دایکێک بووە قوربانیی سیاسەتی وەچەخستنەوەی کۆماری ئیسلامی، لە ئاکامدا سێ منداڵ بێ دایک کەوتن و بنەماڵەیەکیشیان تووشی کێشەی قووڵی دەروونی و چەندین گرفتی دیکە بوونەوە.
ڕۆژی پێنجشەممە، لە شاری ئیلام لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ژنێک کە نەیویستبوو منداڵی چوارەمی ببێت و هەوڵی دابوو کۆرپەلەکەی لەبارببات، گیانی لەدەستدا.
ئەو ژنە بە شێوەیەکی نەخوازراو دووگیان بووبوو، بەڵام بەهۆی سەختیی باری ئابووری و بارودۆخی نالەباری ژیانییەوە، هەوڵی دابوو لەباری ببات. بۆ ئەم مەبەستەش، ناچار ببوو پەنا بۆ ڕێگە نائەمن و نایاساییەکان ببات، چونکە یاساکانی کۆماری ئیسلامی ئێران زۆر توندن و ڕێگە بە دایکان نادەن کۆرپەکانیان لەبارببەن.
ئەو ژنە بۆ لەباربردنی کۆرپەکەی، لە بازاڕ حەبی کڕیبوو و دوای خواردنی حەبەکان، گیانی لەدەستدا. جێی باسە، ناوبراو خاوەنی سێ منداڵی بچووک بوو.
هەبوونی منداڵ ئاواتی زۆرێک لە هاوسەرانە، بەڵام لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی گرانیی شتومەکی سەرەکیی منداڵان وەک دایبی، شیری وشک، و دەرمانەوە، کەم بنەماڵە هەن کە توانای ئەوەیان هەبێت منداڵەکانیان بە دڵی خۆیان و بە شێوەیەکی شایستە بەخێو بکەن.”