تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

کەماڵ لوتفی بۆ بەندیخانەی کامێران ڕاگوێزرا بەڵام هێشتا چارەنووسی سیامەک هەیاسی و ئالان داغدار ناڕوونه

کەماڵ لوتفی بۆ بەندیخانەی کامێران ڕاگوێزرا بەڵام هێشتا چارەنووسی سیامەک هەیاسی و ئالان داغدار ناڕوونه
کۆماری ئیسلامی به تەواوەتی هەستی کردووه که تەقینەوەیەکی کۆمەڵایەتی له ئاڕادایەوه و سەرهەڵدانێکی سەرانسەری ڕوودەدات که که زۆر جیاوازه لەگەڵ سەرهەڵدانەکانی دیکه بۆیه گوشارەکانی لەسەر کوردستان وەکوو ناوەندی شۆڕش چڕ کردووه
posted onMay 18, 2024
noتعليق

بەپێی هەواڵی گەیشتوو به ئاواتودەی کەماڵ لوتفی باوکی ڕەزا لوتفی لە گیانلەدەستداوانی سەرهەڵدانی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی لە دێولان، پاش نزیکەی مانگێک دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی، لە شوێنێکی نادیارەوە بۆ بەندیخانەی کامێران ڕاگوێزرا.

بەپێی سەرچاوەكانی هەواڵ، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، بنەماڵەی لوتفی بە سەردان بۆ دادگا زانیویانە کە ناوبراو بۆ بەندیخانەی کامێران ڕاگوێزراوە و دادستانیش لە قەبووڵکردنی هەر چەشنە بەڵگەنامەیەک وەکوو بارمتە بۆ ناوبراو خۆی بواردووە.

سەرەڕای ئەوەی کە کەماڵ لوتفی نەخۆشیی پێستی هەیە و پێویستیی بە دەرمان و پێڕاگەیشتنی پزیشکی هەیە، بەڵام بنەماڵەکەی ئاگاداری دۆخەکەی نین و ناوەندە پێوەندیدارەکانیش وڵامدەر نین.

ناڕوونی چارەنووسی دوو بەندکراوی کورد له ورمێ

ئاواتودەی ئاگادار بووه، سەرەڕای تێپەڕبوونی ساڵێک  و ٢٨ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکرانی سیامەک هەیاسی و ئالان داغدار، دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵكی گوندی "حاجیاوا" سەر بە شاری بۆکان، تاکوو ئێستا چارەنووسیان ناڕوونە و لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ڕاگیراون.

ئەم دوو هاووڵاتییە پاش دەسبەسەرکران لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە لە بۆکان، بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزران و دواتر پاش تێپەڕبوونی ٥ مانگ لە دەسبەسەرکرانیان و لێپرسینەوە، ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ کران.

یەکێک له هاوڕێیانی ئەم دوو بەندکراوه به ئاواتودەی گوتی، سیامەک هەیاسی بۆ ماوەی ١٠٩ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسیدا بووە و بەتوندی ئەشکەنجە دراوە.

ئەم دوو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندان لە مفی دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراون. تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەم هاووڵاتییانە، "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی" و "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" ڕاگەیەندراوە.