تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

زانیاریی ورد لەبارەى پێشنیارە ئەوروپیەکە بۆ کۆمارى ئیسلامی

کۆمارى ئیسلامى
AvaToday caption
posted onAugust 19, 2022
noتعليق

" بڕیارە چاوەڕوانکراوەکەى کۆمارى ئیسلامى، ئەگەرێکى زۆرە پارەیەکى زۆرت بۆ پاشەکەوت بکات"، ئەم قسەیە بەهۆى پێشنیاری ئەوروپییەکانە بۆ زیندووکردنەوەى رێکەوتننامە ئەتۆمییەکەى ئێران". ئەو هەنگاوانەش تەنها لەچوارچێوەى هەوڵە دیپلۆماتییەکانى رۆژئاوا چڕنابێتەوە، بەڵکو زۆربەى ئابووریناسان ئومێدیان لەسەر ئەو پێشنیارە هەڵچنیوە، بۆ ئەوەى قەیرانە ئابوورییەکان کەگورزی لەجیهاندا داوە، سووکتر بکات.

بۆ شیکردنەوەو خوێندنەوەى گرنگترین ناوەڕۆکى ئەو پێشنیارەو چۆنیەتى چارەسەر کردنى ئاڵۆزییەکانى رێککەوتننامەى ئەتۆمی و وەڵامدانەوەکانى کۆماری ئیسلامیی، تۆڕی (ئاڤاتودەى) بەپێویستى زانیوە ئەم شیکارییە پشت بەستن بەزۆربەى زانیارییەکان بخاتەروو:

 

داڕشتنەوەى پێشنیارە ئەورووپیەکە:

پێشنیارەکەى یەکێتى ئەوروپا لەلایەن جۆزێب بۆرێل، رێکخەرى سیاسەتى دەرەوەى یەکێتى ئەوروپا بەهەماهەنگیەکى قوڵ لەگەڵ بەرپرسانى ویلایەتە یەکگرتووەکان دارێژراوەو، هەفتەى رابردوو پێشکەش بەلایەنى ئێران کرا.

لەبەرامبەریشدا تاران لە ١٥ ئابی ئەمساڵدا، وەڵامەکەى بۆ پێشنیارەکە پێشکەش کرد، بەڵام وەڵامێکى تەماوەیی و ناروونى زۆری پێوە دەرکەوتووە، بەروونی نە ڕەتکراوەتەوەو نە ڕەزامەندیی لەسەر نیشانداوە. لەو نێوەندەش بازاڕە داراییەکان جیهانیەکان چاودێری وەڵامەکەى کۆماری ئیسلامیین، کە بە شێوەیەکى گەورە کاریگەرى لەسەر ئاراستە گشتییەکانى نرخى نەوت دەکات، لەهەمان کاتیشدا رێڕەوی ئابووریی جیهانی بەتایبەت لەپرسى هەڵاوسان ئاشکرا دەکات.

یەکێتى ئەوروپاو ویلایەتە یەکگرتووەکان سێشەممە ڕایانگەیاند ئەوان " تاوتوێی وەڵامەکەى کۆمارى ئیسلامى دەکەن"، کە ئەوروپا بە "کۆتایی" وەسفی کردووە، بۆ ئەوەى رێککەوتننامە ئەتۆمییە واژۆکراوەکەى ٢٠١٥ رزگار بکات.

بەڵام وەڵامەکەى تاران لەسەر پرسیارە ماوەکان، تایبەت بوون بەسزایەکان و، "گەرەنتى بەشداریی ئابووری" بووە، کەبەشێکى لەلایەن رۆژنامەى پۆلیتیکۆى ئەمەریکی لەسەر زاری بەرپرسێکى باڵاى رۆژئاوا بڵاوکراوەتەوە. هاوکات ئێران چاوی لەوەیە دانووستاندنەکان تایبەت بەهەندێک پرس درێژە بکێشێ، کەتاوەکو ئێستاش وەڵامێکى کۆتایی بەڕەتکردنەوەى پێشنیارەکە نەخستۆتە سەر مێزی لایەنەکانى نێو رێککەوتننامەکە.

لەلایەن خۆیەوە ئاژانسى ئێرناى فەرمیی تاران هیچ وردەکارییەکى دەربارەى وەڵامى وڵاتەکەى بڵاو نەکردۆتەوە، تەنها ئاماژەى بەوە داوە " تاران هێشتا بەتەواوی پێشنیارە ئەوروپییەکەى قبوڵ نەکردووە بۆ زیندوو کردنەوەى رێککەوتننامە ئەتۆمییەکان"، ئەمەش لە کاتێکدایە هۆشداریی ئەوەش دراوە کە دانووستاندنى زیاتر لەئارادا نییە بۆ گەیشتن بەرێککەوتنێکى کۆتایی.

لەماوەى رابردوو ئەمیر حوسێن عەبدوڵاهیاین، وەزیرى دەرەوەى کۆمارى ئیسلامى باسى لەوە کردبوو کە " ویلایەتە یەکگرتووەکان بە زارەکی دوو داواکاری وڵاتەکەى پەسەند کردووە"، وەک ئاژانسى فەرمیی ئەو وڵاتە باسى لێوە دەکرد، بەبێ ئەوەى باسى ئەو دوو داواکارییە بکات.

 

بۆچى پێشنیارە ئەوروپیەکە گرنگیی پێ دەدرێت؟

رێککەوتننامە ئەتۆمییەکە کەبە "پلانى کاری گشتگیری هاوبەش" ناسراوە لەسەردەمی باراک ئۆباما، سەرۆکى پێشووتری ئەمەریکا لەساڵى ٢٠١٥ واژۆی لەسەر کراوەو، لەساڵى ٢٠١٨ لەسەردەمی ئیدارەى دۆناڵد ترامپ، سەرۆکى پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکان لێی کشایەوەو، بەوەش نەوەستا، بەڵکو کۆمەڵێک سزای تووندی بەسەر تاران سەپاند.

بەشێک لە سزاکان کەرتى وزەى کۆماری ئیسلامی گرتەوە، کەرێگری کرد بەتەواوەتى بایکۆتى نەوتى ئێران بکرێت، لەبەرامبەریشدا رژێمى ئێران بەدەرچوون لەکۆمەڵێک پابەندییەکانى ئەو رێکەوتننە وەڵامی سزایەکانى ئەمەریکای دایەوەو، پیتاندنى یۆرانیۆم و لێکردنەوەى بەشێک لەکامێراکانى ئاژانسى نێودەوڵەتى وزەى ئەتۆمی فراوانتر کرد.

پاش گەیشتنى جۆ بایدن، بۆ نێو کوشکی سپی، وەک سەرۆکى نوێی ئەو وڵاتە، هەردوو وڵات بەناڕاستەوخۆ بەناوبژیوانى ئەورۆپیەکان چەندین مانگ دەستیان بەدانووستاندنەکان کردەوەو، زۆرکات هەموو لایەنەکان ئەوەندە لەرێکەوتن نزیکبوونەوە، چاوەڕوان دەکرا، کە دوایین دانیشتنیان بێت، کەزۆربەى کێشەکان خرانە بەرباس و گفتوگۆ.

تەنانەت یەکێک لە دانووستاندکارێکى رۆژئاوایی بەمیدیاکانى ڕاگەیاندبوو " جلەکانى لەڤەیینا بەجێهێشتووە"، چونکە پێشبینى دەکات بەمنزیکانە واژۆ لەسەر رێکەوتننامەکە بکرێت، بەڵام دەرکەوتنى کۆمەڵێک کەیسى نوێ، رێکەوتننامەکەى تەگەرەى تێدەکەوت، بەتایبەت لەژێر سێبەرى ئەوەى تاران سووربوونى خۆى لەسەر داواکارییەکانى نیشان دەداو، لەبەرامبەریشدا کۆنگرێسى ئەمەریکا کارى لەسەر دروستکردنى تەگەرە دەکرد.

گرنگترین ئەو خاڵانەى رێگرن بوون لە زیندووکردنەوەى رێکەوتنەکە بریتیە لەوەى ئێران داواى لابردنى میلیشیاى سوپای پاسدارانى لەلیستى رێکخراوە تیرۆریستیەکانى ئەمەریکا کردووە، لەپاڵ ئەوەش هەڵوەشانەوەى لێکۆڵینەوەى ئاژانسى نێودەوڵەتى ووزەى ئەتۆمییە کە چەند پاشماوەیەکى یۆرانیۆمی لەپێگەیەکى ئەو وڵاتە دۆزیوەتەوەو، دەرکەوتووە بۆ چالاکییەکى سەربازی بەکارهێنراوە.

بۆرێل لەبارەى پێشمنیارەکەیەوە دەربارەى دەقە کۆتاییەکەی پێشنیارە ئەورۆپیەکە بۆ زیندووکردنەوەى رێککەوتننامەى ئەتۆمی ئێران رۆژى ٨ ئاب لەهەژماری خۆى لەتویتەر گووتى " ئەوەى دەبوایە دانووستاندنى لەسەر بکەین، دانووستاندنى لەسەر کراوە". دواى هەر بابەتێکى تەکنیکی و بڕگەیەک بڕیارێکی سیاسیی لەپشتەوەیەو دەبێت لەپایتەختەکانەوە بڕیاری لەسەر بدرێت، ئەگەر ئەمانە وەڵامی ئەرێنی بن، کەواتە دەتوانین ئەو گرێبەستە واژۆ بکەین".

پێشنیارە ئەورۆپیەکە هەوڵدەکات گەورە کێشە کەرێگرن لەزیندوو کردنەوەى رێکەوتننامەى ئەتۆمی بریتیە لە یەکەم؛ پرسی سزاکانى ئەمەریکایە بەسەر سوپای پاسداران، دووهەمیش؛ چارەسەر کردنى لێکۆڵینەوەکانى ئاژانسى نێودەوڵەتیە لەپاشماوەکانى یۆرانیۆم بووە کە لەچەند شوێنێک دۆزراوەتەوە.

 

چۆنیەتى  چارەسەر کردنى سزاکانى ئەمەریکا بەسەر سوپای پاسداران دەکرێن؟

بەپێی بڕگەیەکی بەشێکى پێشنیارە ئەورۆپیەکە، بریتیە لەوەى رێگە بەهاوڵاتیە غەیرە ئەمەریکییەکان دەدرێت مامەڵە لەگەڵ کۆمپانیا ئێرانییەکان بکەن، کە لەهەمان کاتدا مامەڵەیان لەگەڵ سوپاى پاسداران هەیە. چاوەڕوان دەکرێت ئەو پێشنیارە سزاکانى ئەمەریکا دژى سوپای پاسداران لاوازتر بکات، کەرۆژنامەى پۆلیتیکۆی ئەمەریکی باسی لێوە کردووە.

ئەو ڕەشنووسەش هەفتەى رابردوو دوای ١٦ مانگ لەدانووستاندن لەشارى ڤەیینا کۆتایی هات و، یەکێتى ئەورۆپا بەهەماهەنگی قوڵ لەگەڵ واشنتۆن دایڕشتووە. مەرجەکانی ئەو ڕەشنووسەى ئاشکراى کردووە " ئیدارەى جۆ بایدن، ئامادەیی نیشانداوە کۆمەڵێک تەنازولاتی چاوەڕوانکراو بۆ سەرخستنى گرێبەستەکە پێشکەش بکات، بەتایبەت لەپرسی سوپای پاسداران".

ئەو هێزە کە بەشێکى جیاوازە لەسوپاى فەرمیی ئێرانی، خاوەنى پیگەیەکى بەهێزو رێکخراوەییەو، پێگەیەکى بەهێزی لەنێو جومگە سیاسیی و ئابوورییەکانى کۆمارى ئیسلامیی هەیە، لەسەردەمیی ئیدارەى ترامپدا خرایە نێو لیستى تیرۆر.

لەو بارەیەوە بەهنام بین تالیبلۆ، توێژەرى دامەزراوەى بەرگرى لەدیموکراتیەکان، کەبارەگاى سەرەکیی لەواشنتۆنەو، لەماوەى رابردووش بەچڕى لەبارەى رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەى نووسیوە، پێی وایە " ئەو هەنگاوانە سزا تووندەکانى سەر ئەو گرووپە لاواز دەکات و، رێگەش بەزۆربەى مامەڵداران دەدات مامەڵە لەگەڵ سوپاى پاسداران بکەن، کەلەقازانجی ئەو رێکخراوەو کۆمپانیا پاشکۆکانی دەبێت.

پاش بڵاوبوونەوەى ئەو ووردەکاریانە، رۆب مالی، نێردەى تایبەتى ئەمەریکا بۆ دانووستاندنەکانى ئێران لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ڕەتی کردەوە پێوەرەکان و یاساکانى خۆی تایبەت بەسزاکانى سەر سوپای پاسداران بگۆرێت.

گووتیشى " بۆ ئەوەى زۆر روون بین، بەهیچ شێوەیەک ویلایەتە یەکگرتووەکان نەچووەتە نێو دانووستاندنەکان بۆ جێبەجێکردنى سزایەکانى ئەمەریکاو، ملکەچى دوو لایەنەى جێبەجێکردنى تەواوى رێکەوتننامە ئەتۆمییەکە دەبێت، بەپێچەوانەى ئەوانەش هەڵەیەکى زەقە".

هەر بۆیەش لەدواى کشانەوەى یەکلایەنەى ئیدارەى ترامپ لەرێکەوتننامەکە، چالاکییە ئەتۆمییەکانى تاران بەشێوەیەکى خێرا فراوان بوون و، راوێژکارێکى عەلى خامەنەئی، رێبەرى باڵا بەروونی باسى لەوە کرد " وڵاتەکەى تواناى دروستکردنى بۆمبی ئەتۆمی هەیە، ئەگەر ئەو پرسەش ئامانجی سەرەکیی تاران نەبێت".

 

ئێران داوا دەکات، بەڵام کۆنگرێس ڕەتی دەکاتەوە

لەنیسانى رابردوو بایدن داوایەکى ئێرانى بەهەڵوەشانەوەى بڕیارى ساڵى ٢٠١٩ تایبەت بەتۆمار کردنى سوپاى پاسداران لەنێو لیستى رێکخراوە تیرۆریستەکان ڕەتکردەوە، هەرچەندیشە ئەو ئیدارەیە لەسەرەتاى دەست بەکاربوونیەوە دروشمى گەڕانەوە بۆ رێکەوتننامە ئەتۆمییەکە بەرز کردبوویەوە.

هەر بەو بۆنەیەوەش ژمارەیەک ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی هەردوو پارتى باڵاى ئەمەریکا لەسەرەتاکانى ئایار، کۆنگرێسیان ناچار کرد، بەوەى رێگرى لەویلایەتە یەکگرتووەکان بگرن لەئەنجامدانى هەر گرێبەستێک ببێتە هۆى هەڵگرتنەوەى سزایەکان.

هەرچەندە پێشنیارە ئەورۆپیەکە سزایەکانى سەر ئەو رێکخراوە سەربازییە هەڵناگرێت، بەڵام ئەگەرێکى زۆرە بارگرانییەکانى سەری سووک بکاتەوە، چونکە دەقە پێشنیار کراوەکە رێگە بەئەورۆپی و غەیرە ئەمەریکییەکان دەدات کاری بازرگانى لەگەڵ کۆمپانیا ئێرانییە نزیکەکانى ئەو گرووپە سەربازییە بکەن، بەبێ ئەوەى لەلایەن واشنتۆنەوە سزا بدرێت. تاوەکو ئێستا ئەمە تاکە پێشنیارە، کە نابێت هاوبەشە بازرگانیە سەرەکییەکەیان لەنێو سزاکانى ئەمەریکا نەبێت.

دەقەکەش دەڵێت " دەکرێت کەسانى غەیرە ئەمەریکى، مامەڵە لەگەڵ کەسانى ئێرانى لەدەرەوەى لیستى سزایەکانى ئەمەریکا بکەن، بەبێ ئەوەى رووبەرووى سزا ببنەوە، لەبەر ئەوەى ئێرانین و، مامەڵەى جیاوازییان لەگەڵ کەسانی ئێرانى نێو لیستى سزایەکان هەیە، وەک سوپاى قودسی سوپای پاسداران، یاخود کۆمپانیا هاوبەشەکانیان".

ئەم پێشنیارە قازانجێکى گەورەیە بۆ سوپای پاسداران، بۆ ئەوەى مامەڵە بازرگانیەکانى لەسەرتاسەرى ئێران لەگەڵ هاوبەشە بیانیەکان فراوانتر بکات، چونکە ئەو دامەزراوەیە تێکەڵییەکى ئاڵۆزیی لەگەڵ ئابوورى گشتى کۆمارى ئیسلامیدا هەیە.

جگە لەوانەش رێگەخۆشکردنێکە بۆ ئەوەى خۆ دزینەوە لەسزایەکانى ئەمەریکا جێبەجێ بکات، بەدروستکردن و داخڵکردنی چەندین کۆمپانیاى دەرەوەى بازنەى مامەڵە بازرگانیەکانی، بەبێ ئەوەى تووشى مەترسیی سزادان بن، بەکورتیەکەى سزایەکانى ئەمەریکا وەک گورگێکى بێ ددان دەکات بەرامبەر سوپاى پاسداران.

گووتەبێژى یەکێتى ئەوروپا، ئامادە نەبوو هیچ لێدوانێک لەبارەى ئەو پێشنیارە پێشکەش بکات، بەڵام مالی و بەرپرسانى ئەمەریکا، بەتایبەت پسپۆڕانى سزایەکان بەگوومان بوون لەوەى سزایەکانى ئەمەریکا بەسەر سوپاى پاسداران لاواز ببێت.

تەنانەت بەرپرسێکى باڵای ئیدارەى بایدن جەختى لەوە کردۆتەوە کە ئێمە بەشێوەى ئاشکرا دانووستاندنمان نییەو، هیچ لێدوانێکیش لەبارەى زانیارییە دزە پێکراوەکان ناکەین.

 

مامەڵە لەگەڵ ئێران واتا سوپاى پاسداران

لەچەندین دەیەى رابردوو سوپاى پاسداران وەک سوپایەکى هاوشێوەى هێزى چەکداریی نیازمیی ئێرانەو، ڕاستەوخۆش لەژێر دەسەڵاتی ڕاستەوخۆى رێبەرى ئێرانەو، وەک هێزی ئابوورى قۆرخکار دەرکەوتووە، تەنانەت لەچەندین بوار پرۆژەو کاری وەبەرهێنانى هەیە.

لەژێر دەسەڵاتدارێتى مەحمود ئەحمەدی نەژاد، دواى دەستبەکاربوونیەوە لەساڵى ٢٠٠٥ ـەوە چنگی ئەو میلیشیایە لەنێو ئابوورى ئێران زۆر بەهێزتر بوویەوە، تەنانەت هینری بۆلسۆن، وەزیرى خەزێنەى پێشووى ئەمەریکا گووتبووى " زۆر ئاساییە کاتێک مامەڵە لەگەڵ ئێران دەکەی، کەواتە مامەڵە لەگەڵ سوپاى پاسداران دەکەی".

 

ئەوروپیەکان زۆر نەرمترن لە هاوتا ئەمەریکییەکەیان

ئەمەریکییەکان بەردەوام سوپای پاسداران و باڵى دەرەکییەکەى کە سوپاى قودسە، کردۆتە ئامانج، بەردەوامیش ڕایانگەیاندووە ئەوان ئەرکی راهێنان و پارەدارکردنى میلیشیاکانى زۆربەى وڵاتان دەکەن، بەتایبەت لەنێو عێراق، سووریا، لوبنان و یەمەن، لەساڵانى رابردووش حزبوڵلای لوبنانی لەلایەن ئەورۆپیەکان و ئەمەریکاوە خرایە نێو لیستى تیرۆرەوە.

واشنتۆن دووپاتیدەکاتەوە ئەو میلیشیانە دەستیان لەکوشتنى ئەمەریکییەکاندا هەیەو، بەردەوامیش کردەوەى تیرۆریستى لەدژى وڵاتەکەى ئەنجام دەدەن، بەتایبەت لەعێراق و ئەفغانستان.

تاڕادەیەک گەیشتۆتە ئەو ئاستەى پیلانى تیرۆر کردنی جۆن بۆڵتن، راوێژکاری پێشووترى ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا، مایک پۆمپیۆ، وەزیرى دەرەوەى پێشوو و مارک ئەسپەر، وەزیرى بەرگری پێشوو تیرۆر بکەن، هۆکارەکەش بۆ تێوەگڵانیان لە لەناوبردنى گەورە سەرکردەى تیرۆریستى قاسم سولەیمانى، فەرماندەى پێشووى سوپاى قودس هەبووە.

چاوەڕوانی ئەوەش دەکرێت، پێشنیارەکانى بایدن لەنێو کۆنگرێس شەڕێکى تووندی بەخۆیەوە ببینێت، چونکە مەترسییان هەیە ئیدارەى کوشکی سپی تەنازولی زۆر بۆ ئێران بکات، کەئەویش سل لەوێرانکردنى ئیسرائیل ناکاتەوە، چونکە لەتێکدانی سەقامگیری چەندین وڵاتانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست.

لەبەرامبەردا ئەوروپا پێی وایە ئێران بازاڕێکى سەرەنج ڕاکێشە بۆ کەرتى ووزە، بۆیە زۆر نەرمترە بەرامبەر تاران و، پاڵپشتیەکانیان بۆ سەرخستنى رێکەوتننامە ئەتۆمییەکەش لەو چوارچێوەیە دێت.

تا گەیشتە ئاستێک پەرلەمانى بەلژیکا ڕەزامەندی نیشان بدات لەواژۆکردنى پەیماننامەى ئاڵوگۆر کردنى گیراوانى لەگەڵ ئێران، کە برۆکسل ناچار دەکات گەورە تیرۆریستێکى ئێرانى لەبەرگی دیپلۆماسیدا ئازاد بکات، کەتومەتبارە بەتەقاندنەوەى گردبوونەوەیەکى ئۆپۆزسیۆنى تاران لەساڵى ٢٠١٨.

لایەنگیرییەکەى ئەورۆپا بۆ رژێمەکەى تاران، تەنها بارزگانى و تاکە کەسییە، بۆیەش چەندین ساڵە سەرقاڵى داڕشتنى پرۆژە پێشنیارێکن بۆ ئێران، کە زۆترین قازانجی خۆیانى تێدا بێت، بەسەرکەوتنیشى گەورەترین دەستکەوتە بۆ ئەو کیشەوەرە.

 

وەڵامە تەماوییەکەى تاران:

وەک کارە هەمیشەییەکانى رژێمەکەى تاران، دیپلۆماتە ئێرانییەکان تاوەکو ئێستا بەڕوونى نایانگووت "نەخێر"، یاخود بەڕاشکاوانە "بەڵێ" رابگەیەنێت. تەنانەت ڕاپۆرتى ئاژانسى فەرمیی باسى کۆمەڵێک کێشەى کردووە، کە بەقسەى خۆیان ئەمەریکا نەرمیی لەبەرامبەردا نوواندووە، بەڵام ئەو هیچ شتێکى لەبارەى ئەو کۆمەڵە پرسانە نەکردووە.

وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەش هاوشێوەى کارى ئاژانسەکەى دەڵێت " سێ پرس هەیە ئەگەر چارەسەر بکرێن، ئەوا دەتوانین بگەینە رێکەوتن"، بەبێ هیچ زانیارییەکی زیاتر لەسەر ئەو قسانە باس بکات.

گووتیشى " پێمان گوتن دەبێت رێز لەهێڵە سوورەکانمان بگرن، زۆر نەرمیمان نواندووە، نامانەوێت بگەینە رێککەوتنێک لەسەر زەوی دواى ٤٠ رۆژ، یاخود چەند مانگێک برووخێت".

هێماى بەوەشکردبوو وەڵامەکانیان بەنووسین ڕەوانە دەکەن، ئەگەر ڕەزامەندی لەسەر درا، ئەوا ئامادەى واژۆ کردنى رێکەوتنەکەین".

ئێران سوورە لەسەر بەدەستهێنانى گەرەنتى بۆ هەڵگرتنەوەى سزایەکان، لەهەمان کاتیشدا بەپێی زانیارییەکان دەستبەرداری پرسى هەڵگرتنى سوپای پاسداران لەنێو لیستى تیرۆر بووە.

بۆیە ئەو دەیەوێت واژۆ لەسەر رێکەوتنێک بکات لەرێکەوتنەکەى ٢٠١٥ زۆر باشتر بێت بۆ ئەو، بەجۆرێک قازانج و داهاتەکانى گەورەتر بن.

ئەوەى ماوە بۆ ئێرانییەکان یاریکردنە تا کۆتا سات، تاوەکو زۆرترین دەستکەوت بەدەست بهێنن و، بازاڕەکانی ووزەش تاڕادەیەک تەماوی بێت و، نرخەکان بەرەو بەرزبوونەوەى زیاتر هەنگاو بنێت، چونکە قازانجترین کارە بۆ خەزێنەکەى رژێمەکەى تاران.