تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

ئێران هۆکارى شەڕى نێوان ئەمریکا و چینە

ئێران هۆکارى شەڕى نێوان ئەمریکا و چینە
ئەمریکا جەنگەکەى لەگەڵ چین لە هواوییەوە دەست پێ کرد
posted onJanuary 12, 2019
noتعليق

 

جارێ قەیران و ئاڵۆزییەکانى کۆمپانیاى هواوی تەکنەلۆجیز، لەگەڵ دەسەڵاتدارانى ویلایەتە یەکگرتووەکان لە پرسى دەستگیرکردنى بەرپرسى داراییەکەى کۆتایی نەهاتووە، کەیسێکى دیکە سەرهەڵدەدات و ئەمجارەش دوو کۆمپانیاى دیکەش دەکەونە نێو ئەو پرسە.

 

لە کانوونى یەکەم (سەرماوەز)ى ٢٠١٨، دەسەڵاتدارانى کەنەدا مینگ وان چشووی بەرێوەبەرى دارایی و کچى دامەزرێنەى کۆمپانیاى هواوییان بە فەرمانى ئەمریکا دەستگیر کرد، تۆمەتەکەشى پاڵپشتیکردنى کۆمارى ئیسلامی ئێران بوو لە تەکنەلۆژیاى قەدەغەکراو. واشنتۆن سوورە لەوەى ئەو کۆمپانیا چینییە، لە ڕێگەى دوو کۆمپانیاى نەناسراوەوە هاوکارییەکانیان پێشکەش بەتاران کردووە، یەکێک لەو کۆمپانیایە تایبەتمەندی فرۆشتنى کەرستەى پەیوەندییەکانە و لە تاران تۆمار کراوە، ئەویتریش کۆمپانیایەکى خاوەنداریەتییەکەى هواویە و لە دوورگەى مۆریشیۆس لە ئۆقیانووسى هیندی تۆمار کراوە.

دەسەڵاتدارانى ئەمریکا ڕایگەیاندووە "وان چشوو، ساختەکارى لەگەڵ بانکە نێودەوڵەتییەکان کردووە بۆ ئەوەى مامەڵەکانى خۆی لەگەڵ ئێران ئەنجام بدات کە بیانووى ئەوەى هەبووە هەردوو کۆمپانیاکە پەیوەندییان بە هواوییەوە نییە و سەربەخۆن، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو کۆمپانیایە لەژێر دەستى هواوین. لەلایەن خۆشیەوە کۆمپانیا چینیەکە سوورە لەسەر هەڵوێستەکەى کە هەریەک لە کۆمپانیاى سکایکۆمی سنووردار بۆ فرۆشتنى کەرستەى پەیوەندییەکان و کۆمپانیاى کانیکۆلای هۆڵدینگی سنووردار سەربەخۆیی خۆیان هەیەو، پەیوەندییان بەهواویەوە نییە.

 

ناوەرۆکى کێشەکان:

ناوەرۆکى کێشەکان

ئاژانسى هەواڵی ڕۆیتەرزى بەریتانی ئاشکراى کردووە "بەڵگەنامە فەرمییەکانى ئەو کۆمپانیایە کە ئاراستەى بازاڕى دارایی و فەرمانگەکانى دیکە کراوەن لە سووریاو ئێران، دەریخستووە پەیوەندییان بەهواوی هەیە".

کۆمپانیاى هواوی تەکنەلۆجیز، لە ساڵى ١٩٨٧ لە شارى شینزینی چین لەلایەن ڕەن چشینگ، ئەندازیاری پێشووى سوپاى ڕزگارى چین، دروست بووە، دواى ١٠ ساڵ توانى ئەو کۆمپانیایە ببێتە یەکێک لە ١٠٠ باشترین کۆمپانیاکانى جیهان، بە جۆرێک سەرمایەى سەرەکی هواوی بە هەزار هێندەى سەرەتای بەرز ببێتەوە. ئێستا ئەو کۆمپانیایە جگە لە فرۆشتنى کەرستەکانى پەیوەندی، خاوەنى چەندین بەرهەمى تەکنەلۆژی و مۆبایل و پەیوەندییە هۆشمەندەکانە، بەهۆى کەمیی نرخ و کواڵتیە بەرزەکانى توانیویەتى ڕکابەرى گەورەترین کۆمپانیا تەقلیدییەکان بکات. بە جۆرێک لەم ساڵانەى دواییدا گرنگییەکى زۆرى بە توێژینەوە تەکنەلۆژییەکان و سیستەمەکانى پەیوەندیی داوە، ئەمەش بووەتە هۆى توڕەبوونى ئەمریکا بە تایبەت لە پرسى ئامادەسازییەکان سیستەمى 5G، کە بڕیارە لە داهاتوو بخرێتە کارەوە.

واشنتۆن هێماى بەوە کردووە "بەرپرسێکى باڵاى هواوی، بەرێوەبەرى کۆمپانیاى سکایکۆم لە ئێران دامەزراندووە و، سێ لەو ناوانەش کە بە چینى نووسراون مافی واژووکردنى هەژمارە بانکییەکانى هەردوو کۆمپانیاى هواوی و سکایکۆم لەتاران هەبووە" ئاژانسی ڕۆیتەزر دەشڵێت "پارێزەرێک لەرۆژهەڵاتى ناوەڕاست پێی ڕاگەیاندووە هواوی لە ڕێگەى کۆمپانیاى کانیکۆلا ئۆپەراسیۆنەکانى لە سووریا بەرێوە دەبات".

ئەمریکا مەترسییەکانى دژى هواوی بۆ ئەوە دەگەرێتەوە باکگراوندی دامەزرێنەرى ئەو کۆمپانیایەو، پاڵپشتیەکانى حکومەتى پەکین، هواوی ناچار دەکات کاری هەواڵگرى و سیخۆرى بۆ دەزگا ئەمنیەکانى وڵاتەکەى بکات، تاوەکو ئێستاش هیچ زانیارییەک لەسەر ئەو زانیارییە ئاشکرا نەبووەو، هواوی بە تووندیش ئەو هەواڵانە ڕەت دەکاتەوە.

پێدەچێت پەیوەندی نێوان هەردوو کۆمپانیاو هواوی کاریگەرى لەسەر تۆمەتەکانى ئەمریکا دژى چشوو، کچى دامەزرێنەرى ئەو کۆمپانیا چینیە هەبێت، بەڵام هواوی جەخت لەوە دەکاتەوە "سکایکۆم، تەنها هاوبەشێکى بازرگانییەو بە شێوەیەکى سەربەخۆ کارەکانى ڕادەپەرێنێت".

دەسەڵاتدارانى واشنتۆن بەرامبەر هەنگاوەکانى هواوی مەترسییەکى گەورەى بۆ دروست بووە، بە تایبەت ئێستا زۆربەى کۆمپانیاکانى ئەمریکا لە نێوخۆى چین کاڵاکانیان بەرهەم دەهێنن، بۆیە دۆناڵد ترامپ سەرۆکى ئەمریکا جەنگی بازرگانى دژى وڵاتى بەرهەمهێنەرى هواوی ڕاگەیاند. ئەمەش بە بۆچوونى خۆى هواوی کۆنترۆڵکردنى سکایکۆم پاراستووە و بەکارهێناوە بۆ ئەوەى کەرستەى پەیوەندییەکان بە ئێران بفرۆشێت و لە هەمان کاتدا لە ڕێگەى سیستەمى بانکى جیهانى پارەى بۆ حەواڵە بکات.

 

ساختەکارى بەسەر بانکەکان

ساختەکارى بەسەر بانکەکان

کۆشکی سپی دەڵێت "بە بەهاى ملیۆنەها دۆلار، هواوی ساختەى لەگەڵ بانکەکان کردووە، بۆ ئەوەى بەبێ زانیارییەکانیان پارە بۆ تاران حەواڵە بکەن، کەئەگەری ئاشکرابوونیان سزایان بەسەردا دەسەپێنرێت". لەبارەى ئەو زانیارییەى واشنتۆن بەرێوەبەرى دارایی کۆمپانیا چینیەکە وەڵامى پرسیارەکانى ئاژانسى ڕۆیتەرزى نەداوە، هاوکات پەیوەندیکردن بەکۆمپانیاى کانیکۆلاش وەڵامى پەیوەندییەکانى ئەو ئاژانسە نەداوە.

لەنێو ئەمریکاشدا وەزارەتى داد ئامادە نەبووە زانیارییەکانى ئەو ئاژانسە پشتڕاست بکاتەوە.

ترامپ؛ دواى کشانەوەى لە ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکەى ئێران و ٥+١ کە ساڵى ٢٠١٥ واژووکراوە لە ئایار (بانەمەڕ)ی ساڵى ڕابردوو، بە دوو قۆناغ سزاى بەسەر کۆمارى ئیسلامی سەپاند، یەکەم قۆناغ لە سەرەتاکانى ئاب (گەلاوێژ)ی ٢٠١٨ چووە بوارى جێبەجێکردنەوە، قۆناغی دووەمیش لە سەرەتاکانى تشرینى دووەم (گەڵاڕێزان)ـى هەمان ساڵ چوونە بوارى جێبەجێکردنەوە.

هەردوو سزاکانیش کۆمەڵێک کەرتى هەستیارى ئابوورى و تەکنەلۆژی لەخۆ گرتووە، بە تایبەت (پیشەسازی، هەناردەکردنى کاڵاى تەکنەلۆژی و پارچەى یەدەگى ئۆتۆمبێل و فڕۆکەوانى، دارایی و مامەڵەکردن بە دۆلار، کەرتى نەوت و وزە و دامەزراوە داراییەکان لەسەرووى هەمووانەوەش بانکى ناوەندی ئێران).

ئەمەش وای کردووە زۆربەى دامەزراوە داراییەکان لە ترسی سزاکانى واشنتۆن مامەڵە داراییەکانیان لەگەڵ بانکەکانى تاران ڕابگرن و، بە دواى ئالیەتێکى نوێ بگەرێن بۆ ئەوەى شایستە داراییەکانى ئەو وڵاتە ببەخشن، جگە لەوەش قەبارەیەکى زۆری پارەى ئەو وڵاتەش دەستى بەسەردا گیراوە، تا یەکلاییکردنەوەى کەیسەکان. هەرچەندە دەسەڵاتدارانى کەنەدا لە ١١ کانونى یەکەم (سەرماوەز)ى ڕابردوو بە کەفالەتێکى ٧،٥ ملیۆن دۆلاری ئەمەریکى ئازاد کردووە، بەڵام تا ئێستا لە ڤانکۆڤەرى کەنەدی نیشتەجێیە بۆ ئەوەى کەیسەکەى یەکلایی ببێتەوە. چاوەڕوانیش دەکرێت ڕادەستى دەسەڵاتدارانى واشنتۆن بکرێت.

تا ئێستاش بە شێوەیەکى ڕوون تۆمەتەکانى ئاراستە نەکراوە، بەڵام لە ئەگەرى ڕادەستکردنى چشوو بە دەسەڵاتدارانى ئەمریکا، ئەوا ڕووبەڕووى تۆمەتی ساختەیی بەسەر دامەزراوە هەمەجۆرە داراییەکان دەبێتەوەو، تووندترین سزاشى بەزیندانیکردنى ٣٠ ساڵە. لە مانگى ڕابردوو هواوی لە بارەى یادداشتنامەی تۆمەتەکەى ئەمریکا ئاشکراى کردووە "هیچ زانیارییەکیان پێ نەگەیشتووە و خاتوو مینگیش هیچ هەڵەیەکى یاسایی ئەنجام نەداوە". دووپاتی کردووەتەوە "بە هەموو شێوەیەک پابەندن بە یاساو ڕێنماییەکان ومەرجی ئەوەشى هەبووە کۆمپانیاى سکایکۆم پابەندی ئەو ڕێنمایی و یاسایانە بێت".

 

هواوی؛ بڵێسەى جەنگی بازرگانى

هواوی؛ بڵێسەى جەنگی بازرگانى

هەر یەک لەشی جینگپینگ، سەرۆکى چین و دۆناڵد ترامپ، لە پەراوێزى لوتکەى گرووپی بیست لە ئەرجەنتین لەسەر ڕاگرتنى کاتیی جەنگی بازرگانییەکانیان ڕێککەوتن، بۆ ئەوەى هەردوو وڵات بگەنە چارەسەرێکى گونجاو بۆ مامەڵە بازرگانییەکانیان، بە جۆرێک قەیران بۆ بازاڕە جیهانییەکان دروست نەبێت. بەڵام دەستگیرکردنى بەرێوەبەرى دارایی کۆمپانیاى هواوی، هەرایەکى گەورەى لەناوخۆی پەکین دروست کرد و ئاڵۆزیی و ناکۆکییەکانى نێوان هەردوو پایتەختى زلهێزى ئابوورى گەیاندە ئاستێکى بێوێنە.

بە جۆرێک کاریگەریى نەرێنى لەسەر کەرتى بازرگانى، سەربازی و ئابوورى نێوان هەردوو وڵات دروست کرد، مەترسییەکانیش گەیشتنە نێو ژوورە داخراوەکانى هەواڵگرى ئەمریکا بەوەى "کەرستە بەرهەمهێنەراوەکانى هواوى دەرگاى پشتەوەى سیخۆرى چین بێت"، بەڵام بە خێرایی ئەو تۆمەتانە لەلایەن هواوی ڕەت کرایەوە.

بۆ پشتگیری لەهەوڵەکانى واشنتۆن هەریەک لە ئوسترالیا و نیوزلەندە، گرێبەستەکانیان لەگەڵ هواوی بۆ دروستکردنی تۆڕی مۆبایلى نەوەى داهاتوو هەڵوەشانەوە و بەریتانیاش مەترسییەکانى خۆشى لەو پرسە نەشاردەوە.

 

پاڵپشتیکردنى ئێران

پاڵپشتیکردنى ئێران

سکاڵاکەى ئەمریکا پشت بە ڕاپۆرتێکى ڕۆیتەرز لە ساڵانى ٢٠١٢ ـ ٢٠١٣ دەبەستێت، کاتێک باس لە هواوی و سکایکۆم و خوودی مینگ دەکات. ئەو کات ڕاپۆرتەکە هێمای بەوە کردووە "سکایکۆم ساڵى ٢٠١٠؛ گرێبەستێکى فرۆشتنى کەرستەى قەدەغەکراوى کۆمپیوتەر لە هیولیت باکارد بە بەهاى ١،٣ ملیۆن یۆرۆ، خستۆتە بەردەم گەورە کۆمپانیاى پەیوەندییەکانى مۆبایلى ئێران".

ئەو گرێبەستە کە لە ١٣ لاپەرە پێک هاتووە بە (نهێنى بۆ هواوی) مۆر کراوە و، لۆگۆى کۆمپانیا چینیەکەى لەسەر بووە، بۆ پشتڕاستکردنەوە و بەدرۆخستنەوەى زانیارییەکەى ڕۆیتەرز، هواوى گوتبووى "پرسەکە کۆتایی هاتووە و هیچ شتێکیان یاخود سکایکۆم کەرستەى ئەمریکى پێشکەش نەکردووە".

ڕۆیتەرز سوور بووە لەوەى پەیوەندییەکانى هواوی بە سکایکۆم لە ڕێگەى مامەڵەى دارایی و کەسایەتییەکانیان نزیکیەکى زۆر هەیە، بە جۆرێک چشوو لە شوبات (ڕێبەندان)ـى ٢٠٠٨ بۆ نیسان (نەورۆز)ى ٢٠٠٩ ئەندامى ئەنجومەنى کارگێری سکایکۆم بووە. لەسەر داواى ویلایەتە یەکگرتووەکان دەسەڵاتە دادوەرییەکانی کەنەدا ئاماژەى بەوە کردووە "زۆربەى بانکەکان پرسیاریان لە ڕاپۆرتەکەى ڕۆیتەرز لەسەر هواوی کردووە".

بەشێکى بەڵگەنامەکانى ئەمریکا دەریخستووە "مینگ و چەندین فەرمانبەرى نێو هواوی چەندین جار لەوەڵامى بانکەکان درۆیان کردووەو، هیچ کاتێک باسیان لەپ ەیوەندییەکانیان لەگەڵ سکایکۆم نەکردووە، ئاشکراشیان نەکردووە کە سکایکۆم بەتەواوى لەژێر کۆنترۆڵی هواویە".

واشنتۆن دەشڵێت " لە ئاب (گەلاوێژ)ی ٢٠١٣ مینگ لە چاوپێکەوتنێکى لەگەڵ بەرێوەبەرێکى جێبەجێکارى یەکێک لەبانکەکان باسى لە فرۆشتنى پشکەکانى هواوى لە سکایکۆم کردووە، بەڵام باسى لەوە نەکرد کڕیارى پشکەکانى کۆمپانیایەکى دیکەى هواوی بووە". بەڵگەنامە دادوەرییەکان جەخت لەوە دەکەن "هواوى بە بانکەکانى ڕاگەیاندووە، لە ساڵى ٢٠٠٩ کۆمپانیا چینیەکە پشکەکانى لەسکایکۆم فرۆشتووە، کە هەمان ساڵە لە دەستلەکارکێشانەوەى مینگ لە ئەندامێتى ئەنجومەنى کارگێرى سکایکۆم"، تاوەکو ئێستاش ئاشکرا نەکراوە کڕیارى ئەو پشکانە کێ بوون، بەڵام بەڵگەنامەکانى سکایکۆم کە پێشکەشى دەسەڵاتدارانى دارایی هۆنگ کۆنگ کراوە، دەرکەوتووە خاوەندارێتى پشکەکان لە تشرینى دووەم (گەڵاڕێزان)ـى ٢٠١٧ ڕەوانەى کۆمپانیاى کانیکۆلا کراوە. کانیکۆلاش لە ساڵى ٢٠٠٦ لە دوورگەى مۆریشیۆس تۆمار کراوە و، بۆ ماوەى دە ساڵ خاوەندارێتى پشکەکانى سکایکۆم دەکرد.

لە پووختەى "ڕاستییەکان"ـى دەسەڵاتدارانى کۆشکی سپی لە نێو دادگاى کەنەدا هاتووە "چاوخشاندن بە ئازادکردنى مینگ، بەڵام زۆربەى بەڵگەنامەو تۆمارى ئەلیکترۆنییەکان دەردەکەوێت کە ئەوانەى خۆیان بە ئەندامى ئەنجومەنى کارگێرى سکایکۆم هەژمار کردووە فەرمانبەرن لە نێو هواوی". ناوی هیچ کەسێکیش ئاشکرا نەکراوە کە چ کارەن لە نێو هواوی.

بەشێکى دیکەى بەڵگەنامەکە باس لەدامەزراندنى (شی یاوو هۆنگ)  بۆ ماوەى دوو ساڵ لە کانوونى یەکەم (ڕەزبەر)ى ٢٠١١ وەک بەرێوەبەرى لقى سکایکۆم لەئێران بووە و هاوکات کەسێک لەنێو هواوی بەرێوەبەری جێبەجێکارێک هەیە بە ناوى شی یاوو هۆنگ هەیە، بەڵام لە نێو تۆڕى لینکد ئین ـى کۆمەڵایەتى زانیارییەکانى ئەو کەسایەتیە هاتووە " لەحوزەیرانى ٢٠١٢ سەرۆکى ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لەنێو کۆمپانیاى هواوی بووە".

لە لایەن خۆیەوە ئاژانسى هەواڵى ئیمارات لەتشرینى دووەم (گەڵاڕێزان)ـى ٢٠١٠ بڵاوی کردووەتەوە "ئەو بەرپرسى هواویە لەمامەڵە سەرەکییەکانیان لەگەڵ کۆمپانیاى پەیوەندییەکان و هاوبەشى سەرەکی کۆمپانیا چینییەکەن". کاتێک ڕۆیتەرز لەگەڵ ئەو کەسایەتییە گفتوگۆ کردووە و لێی پرسیوە "چ پەیوەندییەکى لەگەڵ سکایکۆم هەیە؟"، دەستبەجێ پەیوەندییەکەى کۆتایی پێ هێناوە.

لە بەشێکى دیکەى بەڵگەنامە ئاشکراکراوەکان دەرکەوتووە "سکایکۆم کاتێک نووسراوەکانیان پێشکەش بە دەسەڵاتدارانى تایبەتمەندی تاران کردووە، دەرکەوتووە سێ کەس مافی هەژمارە بانکییەکانیان لەو وڵاتە هەبووە"، هەر سێ ناوەکەش چینی بوون کە لە هەمان کاتیشدا دەسەڵاتیان بەسەر هەژمارى بانکی کۆمپانیاى هواوی تەکنەلۆجیز هەیە. لەنێو تۆمارە فەرمییەکانى تارانیش یەکێک لەناوەکان گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، بەڵام یەک ژمارەى پاسپۆرتى هەبووە، هۆکارەکەش بۆ شێوە نووسین و خوێندنەوەى ناوەکە گەڕاوەتەوە.

دەسەڵاتدارانى ئەمریکا لەبارەى ئەو بەڵگەنامانە سوورە لەوەى " فەرمانبەرانى هواوى لەماوەى ٢٠٠٧ بۆ ٢٠١٣ واژوویان لەسەر هەژمارە بانکییەکانى کۆمپانیای سکایکۆم دەکرد"، بەڵام تۆمارە فەرمییەکانى هۆنگ دەردەکەوێت کۆمپانیاى سکایکۆم بەشێوەیەکى ئارەزوومەندانە لە حوزەیران (جۆزەردان)ـى ٢٠١٧ یەکلای کراوەتەوە و، کانیکۆلاش لەبەرامبەر ئەو یەکلایی کردنەوەیەدا ١٣٢ هەزار دۆلاری دەست کەوتووە. ئەو فەرمانبەرەش واژووی لەسەر نووسراوە کردووە ناوى چشان لیۆنگ لیی، لە کۆمپانیاى (بی دی ئەو)ـى سنووردار هیچ زانیارییەکى ئاشکرا نەکرد.

لەو نێوەندەش دەستەى خزمەتگوزارییە داراییەکانى مۆریشیۆس کە تاوەکو ئێستا کانیکۆلای لێی تۆمار کراوە، ئامادە نەبووە هیچ تۆمارێکى فەرمیی ئاشکرا بکات.

 

بازنەى سووریا

بازنەى سووریا

تا دوو ساڵى ڕابردووش کانیکۆلا نووسینگەى لە سووریا هەبووە، کە ئەو وڵاتە لەژێر سزایەکى فراوانى یەکێتى ئەوروپا و ویلایەتە یەکگرتووەکان دایە، لە ئایار (بانەمەڕ)ی ٢٠١٤ ماڵپەرى (الأقتصادی – ئابوورى) بۆ هەواڵى دارایی و بازرگانییەکان لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست ڕاپۆرتێکى فراوانى لەسەر هەڵوەشانەوەى ئەو کۆمپانیایە کردووە. باسى لەوەش کرد "ئەو کۆمپانیایە کە تایبەتمەند بووە لە کەرستەى ئامێرەکانى دارایی ئەلیکترۆنى ATM  بەشێک بووە لە کۆمپانیاکانى هواوی". لەو بارەیەوە ئوسامە قەروانى، پارێزەرو یەکلاییکەرەوەى ئەو کۆمپانیایە نامەیەکى ڕاستکردنەوەى بۆ ماڵپەرەکە ناردووە بەوەى "وتارەکەى زیانێکى دارایی گەورەى بە هواوی گەیاندووە".

لە ناوەرۆکى نامەکەیدا هاتووە "کۆمپانیاى هواوى بۆ پەیوەندییەکان خۆى هەڵوەشاندۆتەوە، نەوەک هواوى بۆ چارەسەری پەیوەندییەکانى سنووردارو، پسپۆڕ لەئامێرە دارایی ئەلیکترۆنى". دووپاتی کردووەتەوە "کۆمپانیاى هواوى بە هیچ شێوەیەک هەڵنەوەشاوەتەوە"، وەک مەبەستێکی ڕوون بۆ کۆمپانیا چینییەکە. قەروانى گووتیشى "کۆمپانیاى هواوى لە ڕێگەى هواوى تەکنەلۆجیز و کۆمپانیاى کانیکۆلا درێژە بەکارەکانى خۆی داوە و، چەندین نووسینگەشى لە سەراسەرى سووریاو دەرەوەى ئەو وڵاتە هەیە".

یەکێک لە لێکۆڵەرانى ئەمریکا گووتویەتى "واشنتۆن زانیاری لە بارەى کانیکۆلا لەسووریا هەیە، کە لە ڕێگەى نووسینگەکەى بۆ بەرژەوەندی هواوی کار دەکات".

یەکێک لە بریکارەکانى کانیکۆلا لە سووریا سێ گەورە کۆمپانیاى پەیوەندییەکانن، یەکێک لەوانەش (ئێم تی ئێن سووریا)یە، کە لە لایەن گرووپى ئێم تی ئێنی سنووردار لە باشوورى ئەفریقاوە خاوەندارێتى دەکرێت و، لە نێو دیمەشق و تاراندا سیمکارتى مۆبایلى خستۆتە بازاڕەکانى هەردوو وڵات. لقەکەى لە نێو کۆمارى ئیسلامیش بە ناوى ئێم تی ئێن ئیرانسڵە، کە ئەویش لەلایەکى دیکەوە هاوبەشى هواویە. هەردوو کۆمپانیاش تاوتوێی پرسى کارکردنى سکایکۆم لەنێوخۆى کۆمارى ئیسلامی کردووە، بۆ ئەو مەبەستەش هواوی پێشنیار و بۆچوونەکانى بە هاوبەشە ئێرانییەکە داوە.