تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

ڕۆڵى کۆمارى ئیسلامى لاوازتر و کرانەوەیەکى سیاسیی زیاتر لە عێراق بەدی دەکرێت

ڕۆڵى کۆمارى ئیسلامى لاوازتر و کرانەوەیەکى سیاسیی زیاتر لە عێراق بەدی دەکرێت
AvaToday caption
posted onApril 15, 2022
noتعليق

ئا: کارزان حەمید

فراکسیۆنى دەوڵەتى یاسا بەسەرۆکایەتى نوری مالیکی، ئاماژەى بەکرانەوەیەکى سیاسی نزیک کردووە لەنێوان لایەنە سیاسییەکان، بەتایبەت لەنێوان هەردوو گرووپی رکابەرى نێو ئەنجومەنى نوێنەران کە لەنێوان چوارچێوەى هەماهەنگی و هاوپەیمانى سێقۆڵى.

 

فەیسەڵ نائیلی، پەرلەمانتاری ئەو فراکسیۆنە لەلێدوانێکى رۆژنامەوانیدا جەختى لەوە کردەوە " رێکەوتنە سیاسییەکان دڵنیاکەرەوەن، لەقۆناغی نزیکی داهاتوو، ئەنجامێکى ئەرێنی لەنێوان چوارچێوەى هەماهەنگی و هاوپەیمانى سێقۆڵى بەدی دێن".

هیماى بەوەشداوە " دەستپێشخەرییەک لەپێش جەژندا رادەگەینرێت و، دەبێتە هۆى کرانەوەى ئەو داخستنە سیاسییەى بەدیهاتووە".

ئەو لێدوانەش لەکاتێکدایە، موقتەدا سەدر، رێبەرى ڕەوتى سەدر، لەماوەى رابردوو بەهۆى ئەو رێگرییانەى لەبەردەمیدا دروستبوون، بۆ پێکهێنانى حکومەتى نوێ و، تێپەراندنى کاندیدی سەرۆکایەتى کۆمار کە لەلایەن پارتى دیموکراتى کوردستان و، یەکێک لەبەرەى سێقۆڵییە سیاسییەکەى عێراق، پێشنیارێکى خستە بەردەم چوارچێوەى هەماهەنگی بۆ ئەوەى لەماوەى ٤٠ رۆژ حکومەتى نوێ پێکبهێنن، بەبێ ئەوەى فراکسیۆنەکەى کەزۆرینەى کورسییەکانى پەرلەمانى بەدەستهێناوە بەشداریی تێدا بکات.

نائیلی ئەوەشى گووت " یەکلایی کردنەوەى هاوپەیمانیەکان و، بابەتى سەرۆکایەتى کۆمارو وەزیران تەنها لەسەر کات ماوە". دووپاتیکردەوە " جمۆجۆڵێکى سیاسیی باش لەئارادایەو، چەندین دیداری بەرهەمداریش دروستبوونە، لەپێش جەژنیشدا کرانەوە روودەدەن".

چوارچێوەى هەماهەنگی کەزۆربەى ئەو لایەنە سیاسییانەى لەخۆ گرتووە، لەهەڵبژاردنەکانى ١٠ تشرینى یەکەمى ٢٠٢١، ژمارەى کورسییەکانیان بەشێوەیەکى بەرچاو رووى لەپاشەکشێ کردو، نەیانتوانى ببنە هێزێکى کاریگەر، جگە لەفراکسیۆنى دەوڵەتى یاسا نەبێت، کەتوانى ژمارەى کورسییەکانى بەرز بکاتەوە. بەقسەى ئەو پەرلەمانتارەش فراکسیۆنەکەیان دەستپێشخەرییەکی ٩ خاڵى پێشکەش کردووە، بۆ ئەوەى نزیکبوونەوەى لایەنەکان و، تەوافوقێکى گشتى بێتەئاراوە، کە ئەو دەستپێشخەرییەش چەندین کەیس و بابەتی جیاوازو چارەسەر دەکەن و، تێروانینەکانیش لەیەکتر نزیک دەکاتەوە بۆ ئەوەى بگەنە خاڵێکى هاوبەش.

گرنگترین ئەو ناکۆکییانەش لەنێوان لایەنە سیاسییەکان دروستبووە، بەهۆى پۆستى سەرۆکایەتى کۆمارە، کە وەک عورفێکى سیاسیی دواى ٢٠٠٣ پشکى نەتەوەی کوردە، بەڵام ململانێیەکان لەنێوان پارتى دیموکراتى کوردستان، کەداواى ئەو پۆستە وەک ئیستحقاقێکى هەڵبژاردنەکان دەکات و، لەو بارەیەوەش رێبەر ئەحمەد، وەزیرى ناوخۆى هەرێمى کوردستان کاندید کردووە.

لەبەرامبەریشدا یەکێتى نیشتیمانی کوردستان، ئەو پۆستە بەپشکى خۆى دەزانێت و، رایدەگەیەنێت " ئەو پۆستە پەیوەندیی بەئەنجامى هەڵبژاردنەکانەوە نیەو، بەڵکو بەستراوەتەوە بەپۆستەکانى نێوخۆى هەرێمى کوردستان و، سەرۆکایەتى کۆماریش بەستراوەتەوە بەسەرۆکایەتى هەرێم، کەلەلایەن پارتى بەرێوەدەبردرێت". ئەویش بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری ماوە بەسەرچوو  بۆ خوولى دووهەم کاندید کردۆتەوە.

زۆربەى لایەنە سیاسییە عێراقییەکانیش تا دوایین دانیشتنى پەرلەمان کە 26 ئادار بەرێوەچوو، ئامادە نەبوون، بچنە نێو ئەو ململانێیە، تا ئەو کاتەى هاوپەیمانى سێقۆڵى هەڵوێستى خۆى لەقازانجی کاندیدەکەى پارتى یەکلایی کردەوە، بەڵام ئەنجومەنى نوێنەران بەهۆى تەواو نەبوونى رێژەى یاسایی دوو لەسەر سێی بەشداریی ئەندامان نەیتوانى پۆستەکە لەنێوان هەردوو رکابەری ئەو پۆستە یەکلایی بکاتەوە.

 

مالیکی وڵات جێناهێڵێت

جەوهەری کێشەى هەردوو هێزە عێراقییەکەش بۆ رێبەرەکانیان دەگەرێتەوە، بەتایبەت لەنێوان مالیکی و سەدر، کەدوژمنایەتیەکى مێژینەیان لەنێواندا دروستبووەو، هەردوو لایەنیش هەڕەشەى دەستگیرکردن و ڕاوەدونانی یاسایی لەدژى یەکتر دەکەن.

بەها نوری، گووتەبێژى فراکسیۆنى دەوڵەتى یاسا، ڕەتیکردەوە مالیکی بەنیازی جێهێشتنى عێراقی هەبێت، وەک ئاماژەیەک بۆ هەڕەشەکانى سەدر لەئەنجامدانى راوەدونانى یاسایی بەرامبەر ئەو تاوانانەى رێبەرەکەى ئەنجامیداوە.

ئاشکراشی کرد " لەهەر ئەگەرێکدا هاوپەیمانى سێقۆڵى توانى حکومەت پێکبهێنن، کەلە سوننەو، کورد پێکهێتاوە، ئەوا حکومەتێکى زۆرینە نیە، بەڵکو پەراوێز خستنى بەشێکى گرنگی شیعەکانە، کە لەلایەن کەمینەکەوە هەوڵى پاوانخوازی دەدات".

سووریشە لەوەى جیاوازی لەتێڕوانینەکاندا هەیە، تاوەکو ئێستاش گفتوگۆییەکى ڕاستەقینە لەگەڵ ڕەوتەکەو موقتەدا سەدری رێبەرەکەیدا نیە. گووتیشى "  دەوڵەتى یاسا لەو سووچە دەوەستێت کەچوارچێوەى هەماهەنگی دیاریی دەکات، نەوەک لایەنێک بەتەنیا".

 

ئەنجامدانەوەى هەڵبژاردن

دوابەدواى سێ شکست لەهەڵبژاردنى سەرۆککۆماری نوێ بۆ عێراق، پەرلەمانى ئەو وڵاتە تاوەکو ئێستا هیچ وادەیەکى دیکەى بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکى نوێی وڵات دیاریی نەکردووە، زۆربەى پێشبینیەکانیش بەو ئاراستەیە دەچن، ئەگەر ئەو پرۆسەیە لەو وادەیەى ئێستا هەیە کە چووەتە قۆناغی نادەستووری، ئەوا ئەگەرێکى زۆرە دووبارە هەڵبژاردنى پێشوەختە دروست ببێتەوە.

پێشبینیەکانیش هیمایان بەوە کردووە، ئەگەر لەحاڵەتێکدا دووبارە هەڵبژاردن ئەنجامبدرێتەوە، ڕەنگە ئەنجامەکان گۆڕانکارییەکى بەرچاو بەخۆیەوە ببینێت، بەتایبەت لەوەى ئەمجارە مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانى ماوە بەسەرچوو بەشداریی بەلیستێکى سەربەخۆ بەشداریی ئەو پرۆسەیە بکات.

هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەرێتەوە، لەرێکەوتنێکى نهێنیدا لەنێوان کازمی و سەدر، لایەنى دووهەم داواى لەسەرۆک وەزیران کردبوو، بەشداریی ئەو هەڵبژاردنەکان نەکات، لەبەرامبەردا بۆ خوولی دووهەم لەپۆستەکەى دەمێنێتەوە، بەڵام دوای چەندین هەڵوێستى دژ بەیەک، رێبەرى سەدر لەدوایین هەڵوێستى خۆى جەعفەر سەدر، باڵیۆزى عێراق لەلەندەن و، هاوکات ئامۆزایەتى بۆ پۆستى سەرۆک وەزیرانى نوێ کاندید کرد.

سەرەڕاى ئەوەى هیچ هەڵوێستێکى فەرمیی لەلایەن سەرۆک وەزیرانى ماوە بەسەرچوو ڕانەگەینراوە، بەڵام هەنگاوێکى چاوەڕوان بوون لەلایەن سەدرەوە، چونکە هیچ کاتێک بەشێوەیەکى روون درێژەى بەهەنگاوەکانى خۆى نەداوەو، لەنێوەى رێگاکاندا لێدوانى و هەڵوێستى پێچەوانەو پاشگەزبوونەوەى بەخۆیەوە بینیوە.

بەڵام ئەوەى زیاتر سەدری ناچار کرد پشت لەکازمی بکاتەوە، سووربوونى هێزەکانى چوارچێوەى هەماهەنگییە، کەبەروونى دژایەتى سەرۆک وەزیرانیان دەکردو، زۆربەشیان گرووپی میلیشیایی نزیک لەرژێمى ئێرانن و، فەرمان و بڕیارەکانیان لەنێو تارانەوە پێدەگات.

سوپای پاسدارانیش، بەروونى کازمی بەتێوەگڵان بۆ لەناوبردن قاسم سولەیمانى، فەرماندەى پێشووى سوپای قودس و، ئەبومەهدی موهەندیش، جێگری سەرۆکى دەستەى میلیشیاکانى حەشدی شەعبی تومەتبار کردووە.

بۆیە ئەگەری زۆر هەیە، کازمی بەپاڵپشتى خۆپێشاندەرانى تشرین کە لەساڵى ٢٠١٩ ـەوە دروستبوونە، فراکسیۆنێکى سەربەخۆ دروست بکاتەوەو، هاوپەیمانیەکى سیاسیی لەگەڵ بەشێک لەهێزە سیاسییەکان بکاتەوە، بۆ ئەوەى ئەمجارە پرۆسەکە لەقازانجی خۆیدا بەدەست بهێنێتەوە.