تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

تاقانە ڕزگاربووەکەى ئەنفال: یاسا پێشێل کراوه‌ و سوکایه‌تی به‌ ڕوفاتی پیرۆزی که‌سوکارى ئەنفالمان کراوه‌

تاقانە ڕزگاربووەکەى ئەنفال: یاسا پێشێل کراوه‌ و سوکایه‌تی به‌ ڕوفاتی پیرۆزی که‌سوکارى ئەنفالمان کراوه‌
AvaToday caption
posted onFebruary 13, 2022
noتعليق

"ته‌یموری ئه‌نفال"، تاکه‌ ڕزگاربووی گۆڕە‌ به‌کۆمه‌ڵه‌کانی ژنان و مناڵانی ئه‌نفالکراو له‌بیابانی سه‌ماوه‌ و تاکه‌ شاهیدی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ له‌دۆسیه‌ی ئه‌نفال له‌به‌رده‌م دادگای باڵای تاوانه‌کان له‌عێراق، دژى هەڵدانەوەى گۆڕە بەکۆمەڵەکانى ئەنفال و سووکایەتى بە ئەنفالکراوانى کورد و دەستبەسەرکردنى بە پیلانگێری وەزارەتى شەهیدانى هەرێمى کوردستان و عێراق وتار و بانگەوازێکى بڵاو کردووەتەوە کە لێرەدا سەرەنجتانى بۆ ڕادەکێشین:

 

من هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ هۆشداریم دا که‌ یاسا پێشێل کراوه‌ و سوکایه‌تی به‌ ڕوفاتی پیرۆزی که‌سوکارمان کراوه‌ له‌ شه‌هیدانی ئه‌نفالکراو؛

من وه‌ک تاکه‌ ڕزگاربووی گۆڕە‌ به‌کۆمه‌ڵه‌کانی ژنان و مناڵانی ئه‌نفالکراو له‌بیابانی سه‌ماوه‌ و تاکه‌ شاهیدی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ له‌دۆسیه‌ی ئه‌نفال له‌به‌رده‌م دادگای باڵای تاوانه‌کان له‌عێراق، زۆر زوو هه‌ر له‌گه‌ڵ هه‌ڵدانه‌وه‌ی ئه‌و گۆڕە‌ به‌ کۆمه‌ڵه‌ی سه‌ماوه‌ که‌ لێی ڕزگار بووم و ڕووفاتی زیاتر له‌ ١١٠ که‌س له‌ ئه‌ندامانی خێزانه‌که‌می تێدایه‌ که‌ له‌نێوانیاندا دایکم و سێ خوشکه‌که‌می تێدایه‌، هۆشداریم دا له‌ پێشێلکاری یاساکان و بچوککردنه‌وه‌ و هه‌وڵدان بۆ شاردنه‌وه‌ی تاوانی ئه‌نفال و...هتد.

بۆیه‌ هه‌مو په‌یوه‌ندیه‌کانی خۆم خسته‌کار و ڕای گشتی و لایه‌ن و که‌سانی په‌یوه‌ندیدارم له‌سه‌رجه‌م ئاسته‌کاندا لێ ئاگادار کرده‌وه‌ پێم ڕاگه‌یاندوون که‌ ده‌زگای شه‌هیدانی عێراق و وه‌زاره‌تی کاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان نه‌ک هه‌ر یاسا ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌کانی تایبه‌ت به‌گۆڕە‌ به‌کۆمه‌ڵه‌کان و مافی مرۆڤی پێشێل کردووه‌ به‌ڵکو سوکایه‌تیشیان به‌ ڕووفاتی پیرۆزی کاسوکارمان له‌ شه‌هیدانی ئه‌نفالکراو کردوه‌ و هه‌روه‌ها له‌سه‌ره‌تاوه‌ پێم ڕاگه‌یاندون که‌ پشکنینی (DNA) بۆ ڕوفاته‌کان ناکرێ (قسه‌که‌شم ڕاست ده‌رچوو) و له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ردوولا به‌نهێنی ڕێککه‌وتوون بۆ له‌مه‌ودوا گۆڕە‌ به‌کۆمه‌ڵه‌کانی تر به‌پێچه‌وانه‌ی یاسا ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی و بڕیاری دادگای باڵای تاوانه‌کانی عێراق و به‌ها مرۆییه‌کان به‌نهێنی و دوور له‌چاوی کامێراکان و ڕای گشتی ناوخۆیی و جیهانی هه‌ڵبده‌نه‌وه‌.

له‌به‌ر که‌مته‌رخه‌می وه‌زاره‌تی کاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوانی حکومه‌تی هه‌رێم و هه‌وڵی جدی ده‌زگای شه‌هیدانی عێراق بۆ بچوککردنه‌وه‌ و شاردنه‌وه‌ و په‌رده‌پۆشکردنی تاوانی ئه‌نفال و هه‌روه‌ها به‌ده‌نگه‌وه‌نه‌هاتنی زۆرینه‌ی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان دوای ئاگادارکردنه‌وه‌یان ناچار بووم په‌نابه‌رمه‌ به‌ر دادگاکانی سه‌ماوه‌ (که‌ ئه‌وانیش به‌نه‌فه‌سی نه‌ته‌وه‌یی دژە‌کورد مامه‌ڵه‌م له‌گه‌ڵ ده‌که‌ن) و سکاڵای یاسایی تۆمار بکه‌م به‌رامبه‌ر ئه‌و پێشێلکارییه‌ یاساییانه‌ و ئه‌و سوکایه‌‌تیکردنه‌ی که‌ به ‌ڕووفاتی ئه‌زیزانمان له‌ ئه‌نفالکراوان کراوه‌.

له‌پای بێده‌نگ نه‌بوونم له‌و پێشێلکاریانه‌ و ئه‌و سوکایه‌تییه‌ی به‌ ڕووفاتی ئه‌زیزانی ئه‌نفالکراوانمان کراوه‌، وه‌زاره‌تی کاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوانی هه‌رێم که‌ له‌سه‌ر خوێنی که‌‌سوکاری شه‌هیدان و ئه‌نفالکراو و ئێمه‌ دامه‌زراوه‌ نه‌ک هه‌ر وه‌ک تاکه‌ ڕزگاری گۆڕە‌ به‌کۆمه‌ڵه‌کان و تاقانه‌ی ئه‌نفال پشتگیری نه‌کردووم، به‌ڵکو تا پێی کرابێ دژایه‌تی کردووم تا گەیشتووەته‌ ئاستی شێواندنی مێژوو به‌وه‌ی من ڕزگاربووی گۆڕە‌ به‌کۆمه‌ڵه‌کان نیم و هه‌ر ئه‌‌وه‌نده‌ش نا، به‌ڵکو بێباکی و دژایه‌تیان گه‌یشتووەته‌ ئاستی پشتگیریکردنی ده‌زگای شه‌هیدانی عێراق و شاهیدی دان له‌ دژم بۆ ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ماوه‌ و به‌ده‌ستی عه‌ره‌ب ده‌ستگیر بکرێم و بخرێمه‌ کونجی زیندانه‌وه‌ وه‌ک ئه‌وه‌ی پێیان که‌م بووبێ که‌ ڕووبارێک خوێنم داوه‌ و تا ئێستاش جه‌سته‌م شوێنه‌واری ئه‌و فیشه‌کانه‌ی پێوه‌یه‌ که‌ له‌ شه‌وێکی سامناکی بیابانی گۆڕە به‌ کۆمه‌ڵه‌کانی سه‌ماوه‌ پێی گوله‌باران کراین.

له‌ هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕە‌ به‌کۆمه‌ڵه‌کاندا به‌تایبه‌ت ئه‌و گۆڕە به‌کۆمه‌ڵه‌ی سه‌ماوه‌ چه‌ندین یاسایی ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی و جاڕنامه‌ی جیهانی مافه‌کانی مرۆڤ و ده‌ستوره‌ جیهانییه‌کان پێشێل کراوه‌ که‌ له‌به‌ر زۆریان له‌ خواره‌وه‌ هه‌ندێکیان ‌ده‌خه‌‌مه‌ڕوو؛

- ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عێراق ساڵی ٢٠٠٥.

- یاسای دادگای باڵای تاوانه‌کانی عێراق ژماره‌ (١٠)ی ساڵی ٢٠٠٥.

- بڕیاری دادگای باڵای تاوانه‌کانی عێراق له‌ دۆسیه‌ی ئه‌نفال ساڵی ٢٠٠٧.

- یاسای پاراستنی گۆڕه‌ به‌کۆمه‌ڵه‌کان ژماره‌ (٥)ی ساڵی ٢٠٠٦ی هه‌موار کراو.

- ڕێنمایی ئاسانکاری جێبه‌جێکردنی یاسای پاراستنی گۆڕه‌ به‌کۆمه‌ڵه‌کان ژماره‌ (١)ی ساڵی ٢٠٠٧.

- یاسای ده‌زگای شه‌هیدانی عێراق ژماره‌ (٢)ی ساڵی ٢٠١٦.

- یاسای ده‌زگای شه‌هیدان له‌هه‌رێمی کوردستان ژماره‌ (٤)ی ساڵی ١٩٩٧.

- یاسای ماف و ئیمتیازاتی که‌سوکاری شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان له‌ هه‌رێمی کوردستان ژماره‌ (٩)ی ساڵی ٢٠٠٧.

- یاسای ماف و ئیمتیازاتی تاقانه‌کانی جینۆساید ژماره‌‌ (٩)ی ساڵی ٢٠١٥.

- یاسای سزادانی عێراقی ژماره‌ (١١١)ی ساڵی ١٩٦٩.

- یاسای شارستانی عێراقی ژماره‌ (٤٠)ی ساڵی ١٩٥١ هه‌موارکراو.

- یاسای پزیشکی دادوه‌ری عێراقی ژماره‌ (٣٧)ی ساڵی ٢٠١٣ هه‌موارکراو.

- یاسای به‌رزه‌فته‌کردنی فه‌رمانبه‌رانی ده‌وڵه‌ت و که‌رتی گشتی ژماره‌ (١٤)ی ساڵی ١٩٩١ هه‌موارکراو.

- سستمی گۆڕه‌کان (نظام المقابر) ژماره‌ (١٨)ی ساڵی ١٩٣٥.

- لائیحه‌ی ڕە‌فتاری پیشه‌یی (لائحة السلوك الوظيفي) ژماره‌ (١)ی ساڵی ٢٠١٦.

- جاڕنامه‌ی جیهانی مافه‌کانی مرۆڤ ساڵی ١٩٤٨.

- عه‌هدی نێوده‌وڵه‌تی تایبه‌ت به‌ مافه‌ ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆشنبیریه‌کان ساڵی ١٩٦٦.

- عه‌هدی نێوده‌وڵه‌تی تایبه‌ت به‌ مافه‌ مه‌ده‌نی و سیاسیه‌کان ساڵی ١٩٦٦.

- ڕێکه‌وتنامه‌ی جنێف ی چواره‌م ساڵی ١٩٤٩.

- پرۆتۆکۆلی یه‌که‌می ساڵی ١٩٧٧ که‌ هاوپێچ و پاشکۆی ڕێکه‌وتنامه‌کانی جنێف ی ساڵی ١٩٤٩یه‌.

- ڕێکه‌وتنامه‌ی ڕێگری له‌ له‌ناوبردنی به‌کۆمه‌ڵ (الإبادة الجماعية) ساڵی ١٩٤٨.

- ڕێکه‌وتنامه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ پاراستنی تاکه‌کان له‌ وونکردنی زۆره‌ملێ (الاختفاء القسري) له‌ساڵی ١٩٩٢.

- ده‌ستوری نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان ساڵی ١٩٤٥.

له‌پاڵ ئه‌و هه‌مو پێشێلکاریه‌ یاسایی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئاینی و ئه‌خلاقییه‌، ئێستاش دره‌نگ نییه‌ لایه‌ن و که‌سانی په‌یوه‌ندیدار به‌ ویژدان و دڵسۆزی و خه‌‌مخۆریه‌وه‌ بێنه‌ پێشی و بێده‌نگ نه‌بن و هه‌ڵوێسته‌ی جدی مرۆیی و ئه‌خلاقی و نه‌ته‌وه‌یی مێژوویی خۆیان بکه‌ن و نه‌هێڵن چیتر جارێکیتر ئه‌نفال بکرێینه‌وه‌ و سوکایه‌تی به‌ڕوفاتی ئه‌زیزانمان له‌ شه‌هیدانی ئه‌نفالکراو بکرێ، و‌ ده‌بێت به‌بیانوی جیاوازی بێ به‌ها ئه‌و مافه‌مان لێ زه‌وت نه‌کرێ که‌ ئاشنا بینه‌وه‌ به‌ ڕوفاتی پیرۆزی که‌سوکارمان و بیانناسینه‌وه‌، هه‌روه‌ها نابێ بوار بدرێ که‌ گۆڕهە به‌ کۆمه‌ڵه‌کانی تر به‌نهێنی هه‌ڵبدرێنه‌وه‌ و ده‌رفه‌تی به‌جینۆساید ناساندنی تاوانی ئه‌نفالمان له‌ئاست نێوده‌وڵه‌تی له‌ده‌ست ده‌ربهێنرێ که‌ ئه‌مه‌ش ئامانجی ده‌زگای شه‌هیدانی عێراقی یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ڕۆژێ له‌ڕۆژان ناو ناوبانگی وڵاته‌که‌یان به‌ ئه‌نجامدانی تاوانی جینۆساید به‌رامبه‌ر به‌ کورد به‌ تێڕوانینی خۆیان له‌که‌دار نه‌کرێ.

جێی خۆیه‌تی جارێکیتر که‌سوکاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان و ڕای گشتی ئاگادار بکه‌مه‌وه‌ له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌مجاره‌ هه‌ڵوێستی مێژوویی جدی وه‌رنه‌گرن ئه‌وا مافی ناسینه‌وه‌ی ڕوفاتی که‌سوکارمان له‌ ڕێگای پشکنینی (DNA) به‌بیانوی جیاواز له‌ده‌ست ده‌ده‌ین، هه‌‌ر ئه‌وه‌نده‌ش نا به‌ڵکو ده‌رفه‌تی به‌نێوده‌وڵه‌تی کردنی (جینۆساید) ئه‌م تاوانه‌ گه‌وره‌یه‌ی که‌ ده‌رهه‌ق به‌گه‌له‌که‌مان کراوه‌ له‌ده‌ست ده‌چێت، جارێکیتر ئاگادارتان ده‌که‌مه‌وه‌ که‌ ڕێکه‌وتنی نهێنی کراوه‌ له‌نێوان وه‌زاره‌تی کاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوانی هه‌رێمی کوردستان و ده‌زگای شه‌هیدانی عێراقی بۆ به‌نهێنی هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌ به‌کۆمه‌ڵه‌کانی تر، هه‌ر ئه‌مه‌ش هۆکار بوو که‌ من شوێنی گۆڕه‌ به‌ کۆمه‌ڵه‌کانی تر که‌ ده‌یانزانم ئاشکرای نه‌که‌م.

من لێره‌وه‌ سوپاسی هه‌مو که‌سێک ده‌که‌م که‌ هه‌ڵوێستی مێژووی و ئه‌خلاقی خۆی تۆمار ئه‌کات ئه‌گه‌ر به‌ وشه‌یه‌کیش بێت به‌رامبه‌ر به‌ تاوانی ئه‌نفال و شه‌هیدانی سه‌ربه‌رزی کوردستان و قوربانیان و که‌سوکاریا

 

ته‌یموری ئه‌نفال

٢٠٢٢/٢/١٣