
ئاڤاتودەی/ بەپێی ڕاپۆرتی "نەوەدێ ئێقتسادی"، سەر بە کۆماری ئیسلامی، لەو دواییانەدا وەزیری کارەبای عێراق بڵاوی کردووەتەوە کە لە بواری بەرنامەی هاوردەکردنی گاز لە وڵاتی "قەتەر" بۆ وڵاتەکەی، دەسکەوتی باشیان هەبووە و پێداویستیی ژێرخانەکانیان لە ماوەی ١٢ یان ١٥ مانگی داهاتوو لەلایەن "قەتەر"ەوە دابین دەکرێن.
هەروەها "ئیرنا" هەواڵدەریی کۆماری ئیسلامی وتوویەتی: "عادڵ کەریم وەزیری کارەبای عێراق لە دیداری بۆ قەتەر لەگەڵ سەعد شەریدە ئەلکەعبی وەزیری نەوت و وزەی ئەو وڵاتە لەسەر هاوردەکردنی گازی قەتەر بۆ عێراق و تێهەڵێنانەوەی کەمیی گازی وزەخانەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، وتووێژیان کردووە".
ڕێککەوتنی ئەو دوو وڵاتە لەسەر هاوردەکردنی وزە بۆ عێراق لە حاڵێکدایە کە ساڵانێکی دوورودرێژە "عێراق" ڕێژەی یەک هەزار و ٢٠٠ مێگاوات کارەبا و هەروەها گازی بۆ خۆراکی وزەخانەکانی کارەبای خۆجێیی تەنیا لە ئێران هاوردە کردووە.
زۆربەی کارناسانی بواری وزە لەسەر ئەو بڕوایەن کە گەمارۆکانی ئامریکا، سیاسەتی وزەی دەوڵەتی عێراق و سستیی بەڕێوەبەرانی پێشووی پیشەی نەوت بوونەتە هۆی ئەوەی کە گۆڕانکارییەکانی بازاڕی وزەی "عێراق" بە زیانی کۆماری ئیسلامی تەواو ببێت.