تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

خەونە فانتێزییەکانی پەکەکە

خەونە فانتێزیەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)
AvaToday caption
posted onDecember 4, 2021
noتعليق

▪️نووسینى: ئاکۆ نادرى

 

مرۆڤ لە سەردەمی ئەمرۆدا لە چوارچێوەی پارادایمی مۆدێرنیتە دەژیت کە فۆرمی ئابووریەکەی بە سەرمایەداری و فۆرمی سیاسیەکەی بە مۆدێلی دەوڵەت - نەتەوە پێناسە دەکرێت و نەزمی نێوخۆیی وڵاتان و پێوەندی نێونەتەوەیی لەسەر ئەم دوو فۆرمە بنیاد نراوە و کاری پێدەکرێت، یانی بە مانایک‌تر هەر نەتەوەیەک، دەوڵەتی خۆی هەبێت لە ئاستی نێونەتەوەیی بە فەرمی دەناسرێت، کە بەداخەوە هێشتا نەتەوەی کورد لەبەر ئەوەیکە لە چوارچێوەی مۆدێلی دەوڵەت- نەتەوەدا، دەوڵەتێکی بۆ خۆی نییە بە فەرمی ناناسرێت و پرسی کورد لە ئاستی نێونەتەوەیی لە پرسێکی ئینسانی و مافی مرۆڤ بۆ پرسێکی سیاسی تێنەپەریوە و تا ئێستا کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی فەقەت کاتێک لەسەر پرسی کورد هەڵوێستی ئەرێنی نیشان داوە کە پرسەکە لە چوارچێوەی مافی مرۆڤ‌دا بووبێت.
وەک ئاماژە کرا نەتەوەی کورد بۆ ئەوەیکە لە ئاستی نێونەتەوەیی بە فەرمی بناسرێت و مافە سەرەتاییەکانی بپارێزرێت ناچارە کە لە چوارچێوەی فۆرمی قەبووڵکراوی نێونەتەوەیی یانی دەوڵەت- نەتەوە کایەی خۆی بکات و خەبات بۆ ئەوە بکات کە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان دابمەرزێت یا لانیکەم ئەگەر بۆی نەکرا کە دەوڵەتی سەربەخۆ دابمەرزێت لە چوارچێوەی فیدرالیزم بتوانێت مافە سەرەتاییەکانی خۆی لە یاسای بنەڕەتی وڵاتە داگیرکەرەکاندا دەستەبەر بکات.
هەروا کە دەزانین، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) یەکێک لە حیزبە گەورە و بەهێزەکان لە ساحەی کوردستانە کە پەلی هاویشتووەتە ناو هەر چوار پارچەی کوردستان و بە تایبەت رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە ژێر ناوی پژاک لەویا چالاکی دەکات.

پەکەکە و فانتێزیا
 بە پێی ئایدیۆلۆژی پەکەکە کە لە لایەن عەبدۆڵا ئۆجاڵانەوە دارێژڕاوە، پەکەکە بە گشتی خۆی وەک حیزبێکی چەپ لە چوارچێوەی پارادایمی مۆدرنیتەی دێمۆکراتیک پێناسە دەکات کە فۆرمی ئابووریەکی سۆسیالیسم و فۆرمی سیاسیەکەی مۆدێلی کۆنفێدڕاڵیسمی دێمۆکراتیکە.
فۆرمی کۆنفێدڕالیسمی دێمۆکراتیک خۆی وەک ئاڵتێرناتیوی مۆدێلی دەوڵەت- نەتەوە پێناسە دەکات و بە وتەی خۆیان، پەکەکە خەبات بۆ ئەوە دەکات کە مۆدرنیتەی کاپیتالیستی و بە تایبەت مۆدێلی دەوڵەت- نەتەوە لەسەر ئاستی جیهانیدا بڕۆخێنێت، یانی ئایدیۆلۆژی پەکەکە دژ بە نەزمی ئێستای جیهانە و بە مانایێک‌تر پەکەکە وەک دۆژمن چاو لە نەزمی ئێستای جیهان دەکات و خەبات بۆ ئەوە دەکات کە بیڕۆخێنێت کە بە دڵنیاییەوە ئەم شێوازە لە خەبات لە ئاستی جیهانی قەبووڵ ناکرێت و وڵاتان بەرەوڕووی دەبنەوە، هەروا کە یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی پەکەکە ئەوەیە لە ئاستی نێودەوڵەتی بە تایبەت لە لایەن ئەمریکا، یەکیەتی ئۆرووپا، کانادا، بریتانیا، ئوسترالیا و... وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی پێناسە کراوە کە بووەتە هۆی زەختێکی گەورە لەسەر پەکەکە و کێشە درووست بوون بۆ بزووتنەوەی کورد لە بەشەکانی باکور و رۆژئاوای کوردستان کە دەوڵەتی تورکیا لە بەرژەوەندی خۆی کەڵکی لێوەردەگرێت.
ئەگەر چی لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی کوردستان تیرۆری کەسانێک وەک سامان دانشوەر، سۆران ئەختەر سەمەر، باج وەرگرتن لە کۆڵبەران، هاوکاری کردن لەگەڵ سۆپای تیرۆریستی پاسداران بە تایبەت لە رادەستکردنی ناوچەی جاسووسانی سەردەشت، کەڵک وەرگرتن لە منداڵی ژێر ۱٨ ساڵ لە ڕیزەکانی یەرەکە سەلمێنراوە و نکۆڵی لێوە ناکرێت و پێویستە سەرکردایەتی پەکەکە و پژاک لەم بارەوە بەرپرسیاریەتی قەبووڵ بکەن و ئیزن نەدەن جارێکیتر ئەم کردەوە دژە مرۆڤانە لە ریزەکانیان رووبدات. 
ئەگەر چاو لە واقعیەتی کوردستان، ناوچە و جیهان بکەین پرسیار ئەمەیە حیزبێک وەک پەکەکە کە توانای ڕزگارکردنی گۆندێکی لە باکوردا نییە و لە لایەن زلهێزانی جیهانییەوە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی پێناسە دەکرێت چۆن دەتوانێت نەزمی جیهانی دەوڵەت - نەتەوە بگۆڕێت؟!
پێویستە ڕێبەرانی پەکەکە کەمێک لە واقعیەتەکانی کوردستان، ناوچە، جیهان و تواناییەکانی خۆیان تێبگەن و بە چاوێکی کراوە جارێکی‌تر خۆیان ڕێکبخەنەوە و دەست لە خەونی پارادایمی مودرنیتەی دێموکراتیک و ڕۆخاندنی مودرنیتەی کاپیتالیستی بشۆرنەوە و ئیدی لاوەکانی ئەم نەتەوە قوربانی خەونە فانتێزیەکانیان نەکەن.

 

تێبینى:
ئەم وتارە ڕوانگەى شەخسى نووسەرە نەوەک ماڵپەڕ.