تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

دۆزەخى لەبیرکراو.. دەستدرێژى و پێشێلکردنى مافى زیندانیان

دۆزەخى لەبیرکراو.. دەستدرێژى و پێشێلکردنى مافى زیندانیان
AvaToday caption
posted onOctober 18, 2021
noتعليق

سپێدە قۆلیان چالاکێکى کرێکارى و مەدەنى و مافى ژنانە لە ئێران کە تەمەنى ٢٦ ساڵە و لە زیندانە خراپەکەى بووشێهرى ئەو وڵاتە بەسەر دەبات، ماوەیەک لەبەر خراپى دۆخى تەندرووستى بە شێوەى کاتى ئازاد کرا، هەر لەو ماوەیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پەردەى لەسەر ئەو دۆزەخە هەڵدایەوە کە لەو زیندانە بۆ زیندانیان دروست کراوە و هەر ئەمەش واى کرد دووبارە هێزە ئەمنییەکانى کۆمارى ئیسلامى بڕژێنە نێو ماڵەکەیەوە و دەستبەسەرى بکەنەوە و بیبەنەوە بۆ نێو زیندان.

 

سپێدە باسى ڕەفتارى نائینسانى لەگەڵ زیندانیان و ڕەفتارى نائینسانى پاسەوان و بەڕێوەبەران و زیندانبانەکان لەگەڵ زیندانییەکان دەکات وەک دەستدرێژى سێکسى و ئازار و ئەزیەتى سێکسى. هەروەها ئەوەشى لەقاو داوە کە ژنان لێیان دەدرێت و قامچىکارى دەکرێن و ناچار دەکرێن بە پەیوەندیگرتنی سێکسی لەگەڵ هەندێک لە پاسەوانەکان و تەنانەت هەندێک لە ژنە زیندانییەکان ناچار دەکرێن بە شێوەى کاتى (سیغە) لەگەڵ زیندانییەکانى دیکە لە بەشى پیاوان هاوسەرگیرى بکەن کە هەندێک جار ئەمە بۆ پارە و دەستکەوتى ماددییە و زۆرجاریش سووکایەتییان پێ دەکرێت و لە پێش لێکۆڵەر و لێپرسەرەوەکان ڕووت دەکرێنەوە.

هەموو ئەم پێشێلکاریانە لە لایەن ئەم ژنە لاوە واتە سپێدەوە ئاشکرا و لەقاو درا کە بە شێوەى کاتى ئازاد ببوو، تاوانى زیندانیکردنەکەشى بەرگریکردن لە مافى ڕەواى کرێکاران بەتایبەت کرێکارانى کارگەى شەکرى حەوت تەپە بوو کە بەرگرى لە خۆپێشاندانەکەیان کرد، خۆپێشاندانێک بۆ وەرگرتنى ماف و مووچەى چەندین مانگ دواکەوتوویان.

سپێدە

دۆزەخى لەبیکراو:

سپێدە قۆلیان، زیندانى بووشێهر بە دۆزەخێکى لەبیرکراو وەسف دەکات و نیگارێک لەگەڵ تویتەکەى بڵاو دەکاتەوە کە کۆمەڵە ژنێکى زیندانى لەسەر سەرى ژنێکى دیکەى زیندانین کە خوێنى لەبەر دەڕوات و لە زنجیرە تویتەکەشیدا نووسیویەتى:

 

ئێرە شوێنێکە نزیک لە کۆتایی دونیا: بەندى ژنانى زیندانى ناوەندى بووشێهر.

 ساڵى ڕابردوو، ئەو کاتەى بۆ ئەم زیندانە دوور خرامەوە، دەمزانى ڕووبەڕووى دۆزەخێکى لەبیرکراو دەبمەوە، بەڵام قورسایی ئەم ساڵەى ڕابردوو لەو زیندانە تەنانەت لە خەیاڵیشمدا ناگونجێت. ژنانى ئەم زیندانە بە تاوانى ژنبوون و زیندانیبوون کەوتوونەتە ژێر وەحشیانەترین و دڕندانەترین ئازار و ئەزیەتەوە و لە خراپترین دۆخ ڕاگیراون. هەر جۆرێک کە دەمتوانى و هەر شوێنێک کە دەمناسى باسى ئەم زیندانەم پێ ڕاگەیاندن، هەر لە ڕاگرتن لە نێو چواردیوارییەک لە جسنى بەرد و هاوار، بەڵام ئەم جارەیان دەمەوێت ڕوو لە کەسانێک باسى ئازارى ژنانى زیندانى بووشێهر بکەم کە گوێیەکیان بۆ بیستن هەیە، گیانیان وەزاڵە هاتووە و لە بەرامبەر توندوتیژى بێ هەڵوێست نابن. ئەمە ڕاپۆرتی دیمەنگەلێکى کورت لە دۆخی ژنانى زیندانى بووشێهرە بەڵام (بە ناوى خوازراوەوە).

 

یەکەم: زەهرا

زەهرا ژنێکى ئەفغانستانە کە بە منداڵەکەیەوە لە دەستى تاڵیبان و مەرگ هەڵاتووە و ئێستا لە مەراسیمى سیمبولیک، کوڕەکەى ئەحمەد لە لایەن زیندانبانەکانەوە لە حەسارى زیندانى ناوەندى بووشێهر کفنپۆش کراوە. لە ڕوانگەى زیندانبانەکانەوە، ئەحمەد کە لە باوەشى دایکى هاتووەتە زیندان، زۆڵە. منداڵەکەى زەهرا لە حەسارەکەى بەندى ژنان، بە بڕیارى بەرپرسى شوێنەکە کفنپۆش کراوە، تەنیا بۆ ئەوەى بترسێت و شەو زوو بخەوێت. زەهرا تۆقیوە، هەڵمەت دەبات و  منداڵەکەى لە نێو کفنەکە دەردێنێت و هێرشى دەکاتە سەر و لە کوڕەکەى دەدات و دەڵێت خۆم ئەدەب و ئاقڵى دەکەم، تکایە ئێوە کارتان بەسەریەوە نەبێت.

 

دووەم: مائیدە

یاریدەدەرى بەرپرسى بەندى زیندانەکە بڕیارى داوە لەبەرکردنى جلوبەرگى ژێرەوە بە ناچاری لەبەر بکرێت. مائیدە سەرپێچى کردووە و نایهەوێت ڕۆژ و شەو ستیان ببەستێت. یاریدەدەرەکەش بۆ ئاقڵکردنى، هەموو ژنانى بەندەکەى ناچار کردووە کە جلەکانى ژێرەوەیان بدەن بە دەستەوە. ئەو، ژنانى زیندانى بە قەحپەکانى شار ناو دەبات و هەڕەشە دەکات کە ئەگەر جلى ژێرەوەیان نەدەن بە دەستەوە، بە زۆر لەبەریان دادەکەنێت. لە ڕیزێکى درێژ و لە بەردەم چاوى تۆقیوى ژنە زیندانییەکان، جلەکانى مائیدەى لەبەر دڕاند (کە تەنیا تۆمەتەکەی لەبەرنەکردنى جلى ژێرەوەیە)، بەڵام سزاى سەرپێچییەکەى مائیدە بەردەوام بوو. لە ڕیزە درێژەکە هەموویان ناچار کردن جلەکانى بنەوەیان دەربهێنن و ستیان و مایۆکانیان بخەنە نێو کیسەیەکى زبڵەوە کە لە دەستى یاریدەدەرەکە بوو. لەو ڕۆژە بە دواوە چەندین حەوتوو لەبەرکردنى جلوبەرگى بنەوە قەدەغە بوو، تەنانەت لە کاتى سووڕى مانگانەش.

 

سێیەم: سەحەر

 چوونە حەمامى زیندانیان لە زیندانى بووشێهر دیاریکراوە. سەحەر لەو کاتە دیاریکراوە حەمامى کردبوو و ئێستا بەو تاوانەوە دەبوو لە نێوەڕاستى حەسارى بەندەکە بە دەستى بەرپرسى بەندەکە تاوانەکەى "پاک بکرێتەوە". بەرپرسى بەندەکە، سەحەرى لە نێوەڕاستى حەسارەکە ڕووت کردەوە و بە هاوکارى یاریدەدەرى بەندەکە بە شیر و ئاوى خواردنەوەى نێو دەبە شووشتیان و زیندانییەکانى دیکەیان ناچار بە تەماشاکردنى ئەم دیمەنە کرد و دەبوو هەمووش هوراى بۆ بکێشن و ئەگەر کەسێک تەماشاى نەکردبایە ئەوا لە مافى تەلەفۆنکردن بێبەش دەکرا. بە دەیان چاوى تووڕە و واقوڕماو، تەماشاى لەشى ڕووت و وەلەرزەکەوتووى ژنەکەمان دەکرد. هەر کامەمان بیرمان دەکردەوە چەندە تەنیا و بێ پەناین.

 

ڕیسوایی زیندانیانى ئەڤین:

لە مانگى ئووتى ڕابردوو، وێنە و ڤیدیۆیى دزەپێکراو و هاککراوى زیندانى ئەوینى تارانى پایتەختى ئێران، نمونەیەکى دیارى ڕیسوایی و خراپڕەفتارى بوو لەگەڵ زیندانیان لە نێو ئەو وڵاتە لە لایەن بەرپرسان و پاسەوان و زیندانبانەکانەوە.

ڕێ:خراوى دیدەبانى مافى مرۆڤ لەم بارەوە ڕایگەیاند: ئەم ڤیدیۆیانە بەڵگەى قەناعەتپێهێنەرن لە پێشێلکارى مافى مرۆڤ لە لایەن کۆمارى ئیسلامی و هەروەها ئاماژەشى بە هەندێک مەرگى گوماندار لە نێو زیندانەکانى ئێران کرد کە تەنیا لە سێ ساڵى ڕابردوو بەلانیکەمەوە پێنج زیندانى بە شێوەى گوماناوى گیانیان لەدەست داوە.

زیندانیانى پێشوو زۆربەیان ئازار  و ئەشکەنجە و یا ترس و لەرزەکانى نێو زیندانەکان پشتڕاست دەکەنەوە، ئەمە بەدەر لەو سەدان حوکمە دروستکراوەى کە مەحکومن بە لەسێدارەدان.

 

 

 

سەرچاوە: الحدث