تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

لە ئێران مادەى هۆشبەر بە تەلەفۆنێک و کەمتر لە ٧ خولەک بە دەستت دەگات

لە ئێران مادەى هۆشبەر بە تەلەفۆنێک و کەمتر لە ٧ خولەک بە دەستت دەگات
AvaToday caption
posted onJuly 20, 2021
noتعليق

▪️ ڕاپۆرتى: کەیهانى لەندەن

 

لە هەندێک لە شەقامە قەرەباڵغەکانى تاران و لەبەرچاوى خەڵکى، بێ هیچ کێشەیەک ماددەى هۆشبەر دەکێشرێت و لێ دەدرێت.

 

فەرید بەراتى سەدە، پسپۆڕى پێشگرتن و دەرمانى ئاڵوودەبوون لە سازمانى بێهزیستى کۆمارى ئیسلامى دەڵێت: هۆکارى ژینگەیی کە ئەم دەرمانەى خستووەتە بەر دەستى خەڵکى، بەرەو لایەک ڕۆیشتووە کە هەر کەسێک حەزى لێ لێت دەتوانێت بە ئاسانى دەستى پێ ڕابگات. بەراتى باس لەوەش دەکات کە توێژینەوەکان نیشان دەدەن کە بەهاى ماددەى هۆشبەر ڕۆژ بە ڕۆژ لە چاو هەڵاوسان هەتا دێت زیاتر دادەبەزێت و لە فەزاى مەجازى و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بە تەلەفۆنێک کەمتر لە حەوت خوولەک دەتوانرێت بەدەست بهێنرێت.

ئەم پسپۆڕە ئاماژە بە بەکارهێنانى ماددەى هۆشبەرى "گوڵ" دەکات لە تەمەنى خوارەوە و ئەوەى کە نێوەنجى تەمەنى بەکاربەرانى ئەم ماددەیە کە پێشتر لە نێوان ٢٥ بۆ ٢٦ بوو، ئێستا گەیشتووەتە ٢٢ ساڵ. ئەم پسپۆڕە ڕەخنەى توندى لە وەزارەتى پەروەردە و فێرکردنى کۆمارى ئیسلامى گرت و دەڵێت: چەندین ساڵە هاوکارى لەگەڵ پەروەردە و فێرکردن دەکەین بەڵام ئەوان لەم چەند ساڵەى دوایی دەرگا و دەروازەکانى هاوکارییان کڵۆم داوە و ڕێگە نادەن سازمانى بێهزیستى بێتە پێشەوە و دەڵێن خۆمان ئەم کێشەیە چارەسەر دەکەین. بەڵام لە کردەوەدا لەگەڵ ئەوەى کە بیست تا سی ملیار تمەن بۆ بەرگرتن لە ماددەى هۆشبەریان وەرگرت، گوتیان لە لایەن (شەبەکە)ى "شاد" لە بوارى ئاڵوودەنەبوون بە ماددەى هۆشبەر قوتابى و خوێندکاران ڕا دەهێنین و فێریان دەکەین دوور کەونەوە لە ماددەى هۆشبەر، بەڵام گەڵاڵەى "شاد" لە کارە سەرەکییەکەى خۆى کە گوتنەوەى وانە ئاساییەکانە، خۆى دۆش داماوە.

بەر لەمەش لە ڕاپۆرتێکدا لە زمانى سەرۆکى ئەنجوومەنى هەماهەنگیی ڕووبەڕووبوونەوەى ماددەى هۆشەبەر بڵاو ببووەوە کە: بەکارهێنانى ماددەى هۆشبەر بەتایبەت حەشیش و گوڵ، گەیشتوەتە تەمەنى ١٣ و ١٥ ساڵ. جێطەى باسە لەسەر بنەماى ئەم ئامارانە، ئەم ڕۆژانە بە ڕێژەى ٣/٢ى خوێندکاران لە ئێران ئاڵوودەن بە ماددەى "گوڵ".

گوڵ

لەم دواییانەدا ڤیدیۆیەک لە گرووپێک کەسى ئاڵوودەبوو لە شەقامى "نشاطى" لە مەیدانى شووشى تاران بڵاو بووەوە کە نیشان دەدات ئەوان بێ هیچ کێشە و لەمپەرێک خەریکى کێشان و لێدانى دەرزى هۆشبەرن لە کاتە قەرەباڵغەکانى شار و کاتى هاتوچۆى ڕێبواران کە ئەمەش درۆزنى بەرپرسانى کۆمارى ئیسلامى دەردەخات لەوەى بانگەشەى ڕووبەڕووبوونەوەى ماددەى هۆشبەر دەکەن. سەرەڕاى ئەوەش هەر ساڵەى ژمارەیەکى زۆر کەس بە ناوى ڕووبەڕووبوونەوە و خەبات دژى ماددەى هۆشبەر، لە ئێران ئیعدام دەکرێن.

ڕێکخراوى مافى مرۆڤ لەم دواییانەدا ڕایگەیاند: ژمارەى ئەو زیندانییانەى کە لە ئێران ئیعدام دەکرێن، لە چاو دوو ساڵى ڕابردوو سێ هێندە زیادیان کردووە. ڕێکخراوى مافى مرۆڤ "لێبوردنى نێودەوڵەتى" لە ڕاپۆرتى ساڵەى خۆى لە سەر ئیعدام لە جیهان ڕایگەیاند: نیوەى هەموو ئیعدامکراوە تۆمارکراوەکانى دونیا لە ساڵى ٢٠٢٠ى زایینى، کە ٢٤٦ کەسن، لە لایەن کۆمارى ئیسلامییەوە ئەنجام دراون.

لە لایەکى ترەوە بەدواداچوونەکانى چالاکانى بوارى ژنان و ئاڵوودەبوون بە ماددەى هۆشبەر نیشان دەدات کە لە سەردەمى گشتگیربوونى کۆڕۆنا، تەمەنى ئاڵوودەبوونى کچان دابەزیوە بۆ ١٥ ساڵ و ژمارەى کچان و ژنانى ئاڵوودەبووى کارتۆنخەویش زیادى کردووە. لەم ساڵانەى دوایی، هەژارى و کێشەى ئابوورى، توندوتیژى بنەماڵە و ژینگەى نالەبارى ژیان، ئاڵوودەبوونى باوک و یا دایک و یا هەردوو، ناچار جێهێشتنى خوێندن و شووکردنی ناچارى کە دەبێتە هۆى شڵەژانى ڕۆحى و دەروونى، بووەتە هۆى ئەوەى کە کچانى لاو و مێرمنداڵ ئاڵوودەى ماددەى هۆشبەر بن.

لەسەر بنەماى ئامارەکانى سازمانى بێهزیستى، زیاتر لە هەزاران کچ و ژنى ئاڵوودەبوو لە شارى تاران ناچار ماڵەکانى خۆیان جێ هێشتووە و نیوەیان شەوانە شوێنى خەوتنیان نییە. ئەمە هەمووى لە کاتێکدایە کە کۆمارى ئیسلامى لە هیچ بوارێکى ئاڵوودەبوون بە ماددەى هۆشبەر نەک هەر ئامارێکى دروست و ورد ناداتە دەستەوە تا بزانرێت ژمارەى منداڵان و مێرمنداڵان و لاوانى ئاڵوودەبوو چەندەیە، بەڵکو هیچ ئامار و قسەیەکیشى لەسەر ئاڵوودەبوونى ژنان و پیاوانیش دروست و ڕاست نییە.

منداڵان گوڵ دەکێشن