تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

هەوڵی ڕفاندنی مەسیح عەلینەژاد پووچەڵ کرایەوە

هەوڵی ڕفاندنی مەسیح عەلینەژاد پووچەڵ کرایەوە
AvaToday caption
posted onJuly 14, 2021
noتعليق

وەزارەتی دادی ئەمریکا ڕایگەیاند، کە پیلانی تۆڕێکی هەواڵگیریی کۆماری ئیسلامی بۆ ڕفاندنی ژنە ڕۆژنامەنووسێک پوچەڵ کردووەتەوە و تۆمەتبارێکی دەستگیر کردووە.

 

شەوی ڕابردوو، وەزارەتی دادی ئەمریکا ئاشکرای کرد، کە تۆڕێکی دەزگای سیخوڕیی کۆماری ئیسلامی هەوڵی داوە ژنە ڕۆژنامەنووسێکی ئێران کە هاوکات چالاکی بواری مافی مرۆڤیشە، بڕفێنن. داواکاری گشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکان و وەزارەتی دادی ئەو وڵاتە، لە دوو ڕاگەیەندراوی جیاواز، ناوی ئەندامانی ئەو تۆڕە سیخوڕییەی ئێرانیان ئاشکرا کردووە و ڕایانگەیاندووە کە یەکێکیان دەستگیر کراوە.

لە ڕاگەیێندراوەکەی وەزارەتی داد هاتووە: "عەلیڕەزا فەراهانی، مەحمود خازعین، کیا سادقی، ئومێد نوری و نیلوفەر بەهادوری، تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی هەندێک تاوان، لەوانە؛ ڕفاندن، گواستنەوەی پارە، سپیکردنەوەی پارە، قاچاخ، فێڵ و ساختەکاری لە ئەمریکا". بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی داواکاری گشتیی، یەکێک لەو کەسانە بەناوی "نیلوفەر بەهادوری" لە کالیفۆرنیا دەستگیر کراوە و دەدرێتە دادگا، بەڵام ئەوانی دیکە گەڕاونەتەوە بۆ ئێران.

هەر لەو ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە: ئەم تۆڕە لە لایەن کەسێک بەناوی "عەلیڕەزا فەراهان"ـیەوە فەرماندەیی کراوە و لە چەندین وڵاتی دیکە لەوانە کەنەدا، ئیمارات و بەریتانیا، چەندین قوربانیی دیکەشیان وەک ئامانج دەستنیشان کردووە بۆ ڕفاندن یان تیرۆرکردن.

لە ڕاگەیێندراوەکانی داواکاری گشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکان و وەزارەتی دادی ئەو وڵاتە، هیچ ئاماژەیەک بە ناوی ئەو ڕۆژنامەنووسە نەکراوە و تەنیا وتراوە کە ڕۆژنامەنووس و چالاکوانێکی بواری مافی مرۆڤە، بەڵام دەنگی ئەمریکا چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئەو ژنە ڕۆژنامەنووسە بە ناوی "مەسیح عەلینەژاد" کردووە کە باسی بەسەرهاتی خۆی دەکات و پێشتر ئەو هەڕەشانەی لێکراوە.

هەر بەپێی دەنگی ئەمریکا "مەحمود خازعین" ناسراو بە "حاج مەحمود" کە یەکێک لە تۆمەتبارانی ئەو دۆسیەیە، پەیوەندییەکی زۆری لەگەڵ هونەرمەندانی ناسراوی ئێرانى هەیە و لە ڕەواڵەتدا کاری ڕێکخستنی جەژن و بۆنەکانی هونەرمەندانى لە ئەستۆیە، بەڵام خۆی یەکێک لە ئەندامانی دەزگای سیخوڕیی دەسەڵاتی ئێرانە.