تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

بنکەی فەرهەنگی هونەری موکریان: نەیاران و دژپەرەستانی ڕوحی نەتەوەیی ئێمە بۆ لەناوبردنی هێما نەتەوەییەکانمان دەست لە هیچ شتێک ناپارێزن!

بنکەی فەرهەنگی هونەری موکریان: نەیاران و دژپەرەستانی ڕوحی نەتەوەیی ئێمە بۆ لەناوبردنی هێما نەتەوەییەکانمان دەست لە هیچ شتێک ناپارێزن!
AvaToday caption
posted onJanuary 10, 2021
noتعليق

ناوەندی موکریانی مهاباد سەبارەت بە بێڕیزی و شێواندنی گڵکۆی هونەرمەندی نەتەوەیی مامۆستا محەمەد ماملێ ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

 

لە بەشێکی ڕاگەیەندراوەکە هاتووە: نەیاران و دوژمنانی نەتەوەکەمان دەستیان کردووە بە شێواندنی هێمای موسیقای ڕۆژهەڵات و گڵکۆی گەورە هونەرمەندی کوردیان شێواندووە. دیارە ئامانجی ئەو کارە نەیاری کردنە. پاش ماوەیەکی دوور و درێژ لە تێپەڕاندنی دۆخی شکاندن و خەراپکردنی گڵکۆی مامۆستایان ''هێمن و هەژار'' کە ئەو کاتیش تەواو بە مەبەستی شەڕناخێوی ڕۆحی نەتەوەیی ئێمە دەکرا، دیسانیش تووشی وەها دیاردەیەکی قێزەوەن هاتووینەوە.

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: نەیاران و دژپەرەستانی ڕۆحی نەتەوەیی ئێمە بۆ لەنێوبردن و کەمڕەنگکردنی هێما نەتەوەییەکان و تووڕەکردنی گشتیی جەماوەری کوردستان و بەلاڕێدابردنی حەولەکانمان دەست لە هیچ شتێک ناپارێزن و دەستی ڕەش و چڵکنی ئەوان ئەو جارە دەربایسی گڵکۆی مامۆستا ''ماملێ'' هاتووە.

ناوەندی موکریان داوا لە خەڵکی کوردستان دەکات بەهەڵوێست و ئاگایانە ڕووبەڕووی ئەو کردەوانە ببنەوە و بە هەڵوێستی بەکۆمەڵ کارێکی وابکە کە جارێکی دیکە گڵکۆی هونەرمەندان تووشی هەتکی حورمەت نەبنەوە.

بنکەی فەرهەنگی ـ هونەریی موکریانی مەهاباد لە داوایان لە ناوندە پێوەندیدارەکان لە مەهاباد کردووە لەو بابەتە بکۆڵنەوە و بکەرەکانی ئەو کردەوە قێزەوەنە ڕادەستی دادگا بکەن و هەروەها بۆ پێشگرتن لە جۆرە کردەوەیانە ڕێکاری پێویست بگرنە بەر و پێش لە دووپاتبوونەوەی بگرن.

لە کۆتاییدا بنکەی فەرهەنگی هونەری مەهاباد داوای لە هەموو خەڵکی بە شەرەفی کوردستان کردووە کە بەنیسبەت ئەو جۆرە کردەوانە بێدەنگ نەبن و کاردانەوەیان هەبێ. شایانی باسە لە ڕۆژانی ڕابردوودا و لە درێژەی هەڵمەتی تێکدانی ئاسەوارە مێژوویی و فەرهەنگی و هێماکانی مهاباد، بێڕیزی بە گڵکۆی هونەرمەند محەمەد ماملێ کرابوو و گۆڕەکەی شێوێندرابوو. 

ئەم کارەی سوپای پاسداران و مۆرەکانی ڕووبەڕووی کاردانەوەی تووندی خەڵکی ڕۆژهەكات و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان ببووە.