تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

ئەو پەرەستووە بناسن کە سەرۆکى پێشووى بزووتنەوەى ئەحوازیونى خستە داوەوە

ئەو پەرەستووە بناسن کە سەرۆکى پێشووى بزووتنەوەى ئەحوازیونى خستە داوەوە
AvaToday caption
posted onDecember 18, 2020
noتعليق

سەرچاوە: دوبەى ـ ئەلعەرەبیە نێت

 

 

میتى تورکیە چەندین دیمەنى لە کامێراکانى چاودێرى و کامێراکانى هاتوچۆى چەندین شوێن و ڕێگەى جیاوازى نێو وڵاتەکەى بڵاو کردەوە کە نیشاندەرى چۆنیەتى ڕفاندنى حەبیب فەرەجوڵا کەعب ـى سەرۆکى پێشووى "بزووتنەوەى عەرەبی ئەحوازیون"ـن.

 

ئەم دیمەنانە نیشان دەدەن کە پەرەستوویەکى ئیتلاعاتى کۆمارى ئیسلامى بە ناوى "سابرین سەعیدى" کە ٣ ساڵ پێش توانیبووى وەک چالاکڤان و شاعیرى ئەهوازى خۆى بگەیێنێتە بەریتانیا و خۆى بخزێنێتە نێو چالاکانى ئەهوازى نیشتەجێى دەرەوەى وڵات، توانى حەبیب فەرەجوڵا کەعبی ناسراو بە حەبیب ئەسیود بگەیێنێتە تورکیە.

سابرین لە دیمەنێک دەردەکەوێت کە لە تورکیە چاوەڕوانى حەبیب ئەسیودە

سابرین لە دیمەنێک دەردەکەوێت کە لە تورکیە چاوەڕوانى حەبیب ئەسیودە

دەستەواژەى پەرەستو لە ئەدەبیاتى سیاسى ئێران بەو ژنە جوانانە دەگوترێت کە ئیتلاعات و سوپاى تیرۆریستى پاسدارانى کۆمارى ئیسلامى بۆ سەرنجڕاکێشان و فریودانى دژبەرانیان بەکاریان دەهێنن.

بەدواداچوونەکانى ئەلعەرەبیە نیشان دەدات کە سابرین سەعیدى ئەندامى بنەماڵەیەکى عەرەبی ئەهوازییە کە زۆرێک لە ئەندامەکانى بە تۆمەتى چالاکى سیاسى پەیوەست بە ئەهوازەوە لە لایەن ڕژێمى ئێرانەوە ئیعدام کراون. ئەم بنەماڵەیە هەر لە سەرەتاى دەیەى هەشتاى زاینییەوە کۆچیان کردووە بۆ عێراق و سابرین هەر لە عێراق لەدایک بووە و گەورە بووە.

سابرین سەعیدى

سابرین سەعیدى

سابرین سەعیدى پاش گەڕانەوەى بۆ ئێران شوو بە یەکێک لە کوڕە مامەکانى لە ئەهواز دەکات، بەڵام پاش ماوەیەک لێى جیا دەبێتەوە و شوو بە خزمێکى دیکەى لە بەریتانیا دەکات و پاش ماوەیەک لە ساڵى ٢٠١٧ى زایینى دەچێتە بەریتانیا. سالى ٢٠١٧ى زایینى سەردەمى دەستپێکى پەیوەندى ئەم پەرەستوویە بووە بە چالاکییەکانى ئەهوازییەکانى دەرەوەى وڵات و لەوانەش سەرۆکى "حركة النضال العربي لتحرير الأحواز" بەتایبەت حەبیب ئەسیود.

ئەو زانیارییەى کە ئەلعەرەبیە لە چالاکانى ئەهوازى دانیشتووى ئەوروپا دەستى کەوتووە، نیشان دەدات کە سابرین لە لەندەنەوە دەچێتە شوێنى نیشتەجێبوونى سەرۆکى جووڵانەوەى عەرەبە ئازادیبەخشەکانى ئەلئەحواز لە وڵاتى دانیمارک، هۆڵەند، سوید و بەلژیک و لەگەڵى لە پەیوەندیدا بووە و هەوڵى داوە بەرەو لاى خۆى هەڵیخەڵەتێنێت. ئەو بە گێڕانى ڕۆڵى چالاکێکى ئەهوازى، توانیویەتى هاتوچۆ بکات بۆ ماڵى حەبیب ئەسیود و چەند ڕابەرى دیکەى ئەو بزووتنەوەیە و زانیارییان لەسەر کۆ بکاتەوە و بینێرێتەوە بۆ ناوەندە ئیتلاعاتییەکانى کۆمارى ئیسلامى.

دیمەنى سابرین لە کاتى چالاکى و شیعرخوێندنەوە لە تەلەڤزیۆنى أحوازنا

دیمەنى سابرین لە کاتى چالاکى و شیعرخوێندنەوە لە تەلەڤزیۆنى أحوازنا

هەروەها توانیویەتى بڕواى سەرۆکى بزووتنەوەکە بۆ خۆى ڕابکێشێت و بچێتە نێو تیمى ڕاگەیاندنەکەیانەوە و لە تەلەڤزیۆنى "أحوازنا" کە سەر بەو بزووتنەوەیەیە، کار بکات. ئەو لەگەڵ مێردەکەى بە ناوى شاعیر لە تەلەڤزیۆنەکە کار دەکات و بەشدارى هەموو چالاکى و بەرنامەکانى سێ ساڵى ڕابردووى بزووتنەوەکە دەکات و بە خوێندنەوەى شیعرى حیماسى و نیشتمانپەروەرانە هەوڵى ڕاکێشانى سەرنج و بڕواکان دەدات. هەندێک لەم مەراسیمانەش لە تەلەڤزیۆنى أحوازنا بڵاو بوونەتەوە

چالاکانى ئەهوازى دەڵێت کە سابرین بە بیانووى تەواوکردن و ڕێکوپێککردنى کەیسی منداڵەکانى و هێنانیان بۆ لەندەن، چەندین جار سەردانى عێراقى کردووە و دواجار لە لایەن ناوەندە زانیارییەکانى بەریتانیاوە گومان لە پەیوەندییەکانى دەکەن و ناهێڵن بگەڕێتەوە بۆ لەندەن.

ئەلعەرەبیە ناتوانێت ڕاستەوخۆ ئەم زانیارییە پشتڕاست بکاتەوە، بەڵام سەعید حەمیدان سەرۆکى ئێستاى "حركة النضال العربي لتحرير الأحواز"لە گفتوگۆیەکى لە ڕۆژى ١٥ى دیسەمبەرى ٢٠٢٠ى زایینى لەگەڵ ئەلعەرەبیە گوتى کە سابرین سەعیدى لەگەڵ مێردەکەى لە لەندەن نیشتەجێ بوونە و بەریتانیا لە دیسەمبەرى ٢٠١٨ دەریانکردووە.

لەبارەى ڕفاندنى حەبیب ئەسیود، ناوى پەرەستوویەکى دیکەیش بە ناوى "شەهلا زەبیدى"ـیش دێت کە پاش جیابوونەوەى ئەسیود لە ژنەکەى یەکەمى واتە "هودا هەواشمى"، لە سوید شووى پێ دەکات. دەگوترێت کە شەهلا زوبێدیش توانیویەتى زانیارییەکى زۆر لەسەر بزووتنەوەکە کۆ بکاتەوە و پاشان ئەندامانى بزووتنەوەکە بە دزینى ماڵ و موڵکى تۆمەتبار دەکات و لە فەزاى مەجازى بە توندى ڕەخنەیان لێ دەگرێت و پڕوپاگندەیان دژ بڵاو دەکاتەوە. هەر ئەم بابەتە دەبێتە هۆى ئەوەى کە حەبیب ئەسیود لە شەهلا جیا بێتەوە، بەڵام سەرەڕاى جیابوونەوەشیان بەڵام هەر پێکەوە دەژین و ئەمەش دەبێتە هۆى جیاوازى و کێشە لە نێوان ئەو و سەرۆکەکانى دیکەى بزووتنەوەکە. بە قسەى هودا هەواشمى ژنى یەکەمى ئەسیود، شەهلا زوبێدی زانیارى هەبووە لە سەرفەرى سەرۆکى پێشووى بزووتنەوەکە بۆ تورکیە.

 

ڕاپۆرتێک کە کەناڵى "سکاى نیوز" بڵاوى کردووەتەوە، نیشان دەدات کە ئەسیود لە ٩ى ئۆکتۆبەر چووە بۆ تورکیە تا لە ژوانێکى عاشقانە چاوى بە سابرین سەعیدى بکەوێت، بەڵام لەوێ ئەندامى باندێکى قاچاخى ماددەى هۆشبەر کە پەیوەندییان لەگەڵ ئیتلاعات و سوپاى کۆمارى ئیسلامى هەبووە و هاوکارى یەکترى بوونە، دەیڕفێنن و بێهۆشى دەکەن و دواتر دەیبەنەوە بۆ ئێران.

پاش زیاتربوونى کێشە و مشتومڕەکانى نێوان تاران و ئەنکارا لە بوارى قەیرانى قەرەباغ، میتى تورکیە ڤیدیۆ و زانیارییەکى بەهادارى لەمەڕ ڕفاندنى حەبیب ئەسیود و کوژانى چەندین ئێرانى دژبەرى کۆمارى ئیسلامى لە خاکى تورکیە دەداتە ڕاگەیاندنەکان و ڤیدیۆى گەیشتنى ئەسیود بە تورکیە و ساتى ڕفاندنەکەى لە پۆمپ بەنزینێک و هەروەها شێوازى پلان و هەماهەنگییەکەى بۆ ڕفاندنى لە لایەن سابرین سەعیدى و ئەندامانى ئیتلاعاتى ئێران دەداتە کەناڵى سکاى نیوز.

هەروەها تورکیە ١٣ کەس دەستبەسەر دەکات کە لەگەڵ ئیتلاعات و سوپاى کۆمارى ئیسلامى پەیوەندییان هەبووە و دەستیان هەبووە لە ڕفاندنى حەبیب ئەسیود. ئەم کەسانەش ئەندامى باندى مافیایی "ناجى شەریفى زیندەشتى" بوونە کە کوردێکى ڕۆژهەڵاتە. ناجى شەریفى کە ناسنامەى تورکیەشى هەیە، چەندین ساڵە سیخوڕى دوولایەنەى ئیتلاعاتى ئێران و میتى تورکیەیە. ئەو کە ئێستا بە تۆمەتى دەستهەبوونى لە ڕفاندنى ئەسیود و هەروەها کوژرانى چەندین دژبەرى کۆمارى ئیسلامى تۆمەتبارە، لە تورکیە هەڵاتووە و چووەتەوە بۆ ئێران.

ئەندامانى باندەکەى زیندەشتى ڕۆژێک بەر لە ڕفاندنى ئەسیود، لە ئەستەنبوڵ چاویان بە یەکترى دەکەوێت و دوو کەسیان دەچنە دووکانەکانى ئەو شارە و بەند و تەنافى پلاستیکى جیاواز دەکڕن. میتى تورکیە دەڵێت کە ئەم تەنافانەیان بۆ بەستنەوەى دەستى ئەسیود و گواستنەوەى بە ئۆتۆمبێلێکى بچووک بەکار هێناوە.

شەهلا زوبێدى

شەهلا زوبێدى

ڤیدیۆگەلى دیکە کە خراوەتە بەر دەستى سکاى نیوز، نیشان دەدات کە حەبیب فەرەجوڵا کەعب، ڕۆژى ٩ى ئۆکتۆبەر، لە فڕۆکەخانەى سەبیحەوە بە تاکسییەک دەچێتە پۆمپ بەنزینێک کە ٨٠ کیلۆمەتر لە فڕۆکەخانەوە دوور بووە تا چاوى بە سابرین بکەوێت و لەوێ لە تاکسییەکە دادەبەزێت تا سوارى ئۆتۆمبێلەکەى سابرین ببێت. دەگوترێت هەر کە ئەسیود سوارى ئۆتۆمبێلەکە دەبێت بێهۆش دەبێت و دەست و پێى دەبەسترێتەوە. فڕێنەرەکان دواتر دەیگەیێننە شارى وان لە ڕۆژهەڵاتى تورکیە و لە نزیک سنوورەکانى ئەم وڵاتە لەگەڵ ئێران کە ١٦٠٠ کیلۆمەتر لە ئەستەنبوڵەوە دوورە و لەوێشەوە دەیگەیێننەوە ئێران.

ڕفاندنى حەبیب فەرەجوڵا کەعب، جارێکى دیکە سەرنجەکانى خستەوە سەر بابەتى پەرەستووەکانى ئیتلاعاتى کۆمارى ئیسلامى. یەکێک لە بەنێوبانگترین قوربانییەکانى ئەم پەرەستووانە، "ڕوحوڵا زەم"ـى دامەزرێنەرى کەناڵى "ئامەدنیوز"ـە کە دەکێشرێتە عێراق و لەوێوە دەڕفێندرێت و لە ڕۆژى شەممە ١٢ى دیسەمبەرى ٢٠٢٠ ئیعدام دەکرێت.

دیمەنێک لە دیاربوونى حەبیب ئەسیود لە تورکیە

دیمەنێک لە دیاربوونى حەبیب ئەسیود لە تورکیە

هاوڕێکانى زەم ناوى یەکێک لەم پەرەستووانە دەبەن بە ناوى "شیرین نەجەفى" کە نیشتەجێى تورکیەیە و توانیویەتى بچێتە نێو تیمى بەڕێوەبەرى ئامەدنیوزەوە و زەم ڕازى بکات کە بۆ دیدار لەگەڵ ئایەتوڵا عەلى سیستانى مەرجەعى شێعەکانى دونیا بچێتە نەجەف بۆ ئەوەى ١٥ ملیۆن یۆرۆ وەک هاوکارى وەربگرێت.

ئۆفیسى ئایەتوڵا سیستانى ڕەتیان کردووەتەوە کە هەر جۆرە پەیوەندییەکیان لەم کەیسەوە هەبێت (هەڵبەتە ڕفاندنەکە بە ناویانەوە تۆمار بووە).

ڕۆژنامەى کەیهان کە لە خامنەیی سەرۆکى کۆمارى ئیسلامییەوە نێزیکە، ڕۆژى سێشەممە ١٥ى دیسەمبەر، هەڕەشەى لە دژبەرانى کۆمارى ئیسلامى کردبوو کە چارەنووسیان هاوشێوەى ڕوحوڵا زەم دەبێت و نووسیویەتى کە تاران لەگەڵ ئەو کەسانە هەڵناکات کە دژى ئاسایشى نیشتمانى بێت. کەیهان ڕفاندنى ڕوحوڵا زەم و حەبیب ئەسیود و جەمشید شارمێهدى بە فازێکى نوێ بۆ گەڕان بە دواى "خائینان" لە ناوەوەو دەرەوەى وڵات وەسف کردووە.