تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

قوربانیانى کۆڕۆنا.. بازرگانییەکى لەبار بۆ کۆمارى ئیسلامى

قوربانیانى کۆڕۆنا.. بازرگانییەکى لەبار بۆ کۆمارى ئیسلامى
AvaToday caption
posted onOctober 27, 2020
noتعليق

ئێستا ئیتر بنەماڵەى قوربانیانى کۆڕۆنا بڕوایان بە کۆمارى ئیسلامى و وەزارەتى تەندرووستییەکەى نییە کە ئازیزانیانى بەخاک بسپێرن، چونکە بە هۆى چەند نمونەیەکى ئاشکرابووەوە، بۆیان دەرکەوتووە کە قوربانییەکان بەر لە مردن و دواى مردن دەبەنە ژوورى نەشتەرگەرى و ئەندامەکانى جەستەیان دەردەهێنن!

 

ئەمەش بۆیە تا ئێستا ئاشکرا نەبووە، چونکە بڕیاریان داوە قوربانیانى کۆڕۆنا لەبەر مەترسى ڤایرۆسەکە خۆیان بەخاکیان بسپێرن!

تۆڕى مافەکانى مرۆڤ لە کوردستانى ئێران بڵاوى کردەوە کە "بەپێی لێدوان و قسەی چەند کەس لەو بنەماڵانەی کە ئەندامانی خێزانەکەیان لەم دواییانەدا لەدەستداوە و لە نەخۆشخانەکانی ڕێژیمدا بە بیانووی پەتای کۆرۆناوە بە بێ ئەوەیکە تەرمەکەیان ببینن بە خاک سپێردراون دەردەکەوێ کە، بەرپرسانی نەخۆشخانەکانی ڕێژیم بە هاوکاری ئۆڕگانە ئەمنییەتییەکان لە گشتگیربوونی پەتاکە و ئەو ترس و دڵەڕاوکێیەی کە لە نێو خەڵکدا بڵاویان کردۆتەوە بە خراپی کەڵک وەردەگرن و لە هەندێ لەو ڕاپۆرتانەدا هاتووە کە بە بیانووی کۆرۆناوە ئەندامانی جەستەی نەخۆشەکان دەردێنن و بازرگانییان پێوەدەکەن و پاشان پارەیەکی زۆریش لە بنەماڵەکان بۆ تێچووی نەخۆشخانەکان وەردەگرن و لە شوێنێکی نادیاردا دەیاننێژن."

هەر لەو پێوەندییەدا مەنسوور مرادی خەڵکی بۆکان و دانیشتووی وڵاتی سویس بە بڵاوکردنەوەی ویدیۆیەک لەسەر چۆنیەتی کوشتنی دایکی بە ناوی ” ئامینە قادری” لە لایەن بەرپرسانی نەخۆشخانەی” دوکتور قولی پوور”ی بۆکانەوە دەڵێ: ڕۆژی ٢٥ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی کە دایکم بە ناوی ئامینە قادری، نەخۆش دەکەوێ و دەیبەنە نەخۆشخانەی ” قولی پوور”ی بۆکان و تا ماوەی ٦ ڕۆژ کە لە نەخۆشخانە دەبێ و خۆیشم قسەم لە گەڵی کردووە دۆخی تەندروستیی زۆر جێگیر و باش بوو بەڵام پاش ٦ ڕۆژ بەرپرسانی نەخۆشخانە بە بنەماڵەکەم ڕادەگەیەنن کە ” ئامینە قادری گیانی لەدەستداوە و دەیانەوێ بیبەنە ساردەخانە بەڵام بنەماڵەکەم کە ئاگاداری بارودۆخی دایکم دەبن ئیزن نادەن و لەسەر پێداگریی ئەوان دیسان دایک دێننەوە بۆ سەر تەختەکەی خۆی و دەردەکەوێ کە دایکم گیانی لەدەست نەداوە و زیندووە، پاش ٧ کاتژمێری دیکە بنەماڵەکەم دەکەنە دەرەوە و ناهێڵن دایکم ببینن و پاشان هەواڵ بە بنەماڵەکەم دەدەن کە دایکتان گیانی لەدەستداوە و بردوومانە ناشتوومانە و ئێوەش بۆتان نییە تەرمەکەی ببینن.

ئامینە

وێنەى ئامینە ـ یەکێک لە قوربانیانى ڤایرۆسى کۆڕۆنا

لە پەیامێکیش کە دوێنێ لە شارى بانەوە گەیشتە ئاڤاتودەى، تیایدا هاتبوو "چەند رۆژ لەمەوپێش هەلیکۆپتەری هیلال ئەحمەر بە سەر ئاسمانی شاری بانەدا دەسووراوە.  سەیرتر لە هەمووی ئینترنێت و تەنانەت هێلی تەلەفوونیش پچرابوو.  بەڵام من شتێکم بەو چاوانەی خۆم دیوە کە ئێستا بۆ ئێوەی ئەنووسم مووچرکم پێدا دێت. ئەو هەلیکۆپتەرە لە سەربانی بیمارستانی رازی نیشت و ئامبوڵانسێ هاتە حەوشەی بیمارستانەکە و کەسانێ  سندووقێکی مەشکووکیان بڕدە سەر بان و خستیانە هەلیکۆپتەرەکە. دوێنێ کەسێکم بینی وتی خزمێکمان لە بیمارستان قورسیان داوەتێ نەیخواردووە بەڵام دوو کەسی تر خواردوویانە و دوای چەند ساعەت وتوویانە مردوون. مەبەستم ئەوەیە باوەرتان بە چی هەیە توو خوا کەس نەچێ بۆ بیمارستان بەخوا ئەم مافیانە  بازرگانی بە لەش و ئەندامی خەڵک دەکەن و خەڵکی دەکووژن . کاکە کڕۆنایە و کەسیش بۆی نییە جەنازە ببینن بۆیە هەلی لەوە باشتریان دەست ناکەوێت!"