تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

عوسمان هەورامى نووسەرى بوارى ئەدەبیاتى منداڵان کۆچى دوایی کرد

عوسمان هەورامى نووسەرى بوارى ئەدەبیاتى منداڵان کۆچى دوایی کرد
AvaToday caption
posted onOctober 19, 2020
noتعليق

نووسه‌ر و ئه‌دیبو هۆرامانی مامۆسا "عوسمان محه‌مه‌د هۆرامی" کە جە بوارو شیعرو زارۆڵانە، هەم دەسێوى باڵاى ئەدەبش بێ و هەمیش خزمەتێوى گەورەش کەرد پا بوارەو ئەدەبییە،  دماو ئانەیە تووشوو ڤایرۆسوو كۆڕۆناى بی، بەداخەوە ڕۆو پەنجشه‌ممەى جە تەمەنوو هەشتا ساڵییەنە گیانش سپارد.

 

مامۆستا عوسمان محەمەد ناسراو بە مامۆستا عوسمان هەورامی، ساڵی ١٩٤٠ى زایینى لە شارۆچكە جوانەکەى تەوێڵە لە خێزانێكی كەمدەرامەت لەدایك بووە. ساڵی ١٩٤٧ لە قوتابخانەی تەوێڵە خراوەتە بەر خوێندن و لەگەڵ دەرچوونیا بۆ پۆلی دووەم، ساڵی (١٩٤٨)، باوكی بە ماڵەوە هاتووەتە شاری سلێمانی و لەوساوە تا ئەمڕۆ لەو شارەدا ماوەتەوە. لە سلێمانى چووەتە قوتابخانەی كانی ئاسكانی سەرەتایی و خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی، بەشی وێژەیی لە شاری سلێمانی تەواو كرد.

ساڵی ١٩٥٨ لە قوتابخانەی تەوێڵەی سەرەتایی كوڕان مامۆستای كاتی بووە، چونكە لەبەردەستكورتی نەیتوانیوە بۆ تەواوكردنی خوێندن بچێتە شاری بەغدا. ساڵی ١٩٥٩ كە بۆ یەكەمینجار لە كۆلێژی ئاداب لە بەغدا بەشی زمانی كوردی كراوەتەوە، لەوێ وەرگیراوە، بەڵام دووبارە لەبەر هەژاری تەنیا دوو مانگ توانیویەتى بخوێنێت و گەڕاوەتەوە و لە گوندی چنارنەی سەر بە ناحیەی بنگرد كراوە بە مامۆستای كاتی، پاشان لەهاوینی ١٩٦٠ دا خولێكی تایبەتی و بەهێز بۆ دەرچوانی دواناوەندی كراوەتەوە، ئەویش بەشدار بووەو بە پلەی یەكەم تەواوی كردووە و خۆبەخشانە چووە بۆ دوورترین گوند لەشاری سلێمانی كە گوندی (شێنێ)ی سەر بە قەڵادزێ بوو.

لە قوتابخانەکانى زانستى ئێواران، سەیوان، دەگاشێخان، هەورامان، تەوێڵە، ئەیوبییە، ئاراس، پەیمان، گزنگ، میدیا، هێمن، کانى، دووکان، دەبەندیخان، ناوەندى نەورۆزى کچان- وانەبێژى ئینگلیزى وانەى گوتووەتەوەو خزمەتى منداڵانى کردووە. مامۆستا عوسمان هەورامى بەردەوام هاوكاری باخچەكانی ساوایانی كردووە و هەر ئەمەش واى کرد کە وەک دۆست و هاوڕێى منداڵان بناسرێت و لە بوارى ئەدەبیى منداڵانیشدا ئەسپى خۆى تاو بدات. مامۆستا، چەندین پێشنیارى پێشکەش بە پەروەردە کردوون بۆ بژارکردنى هەندێک کتێبى خوێندنەوەى کوردى، بەتایبەتى کتێبی ئەلف و بێیەکەى مامۆستاى (ئیبراهیم باڵدار) و هەروەها لە دانان و چاپکردنى کتێبى ئەلفوبێى کوردیدا بۆ گەورە منداڵان هاوکارییەکى بنەڕەتى کردووە.

هەروەها مامۆستا عوسمان هەورماى، یەکێک بوو لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری مەڵبەندی ڕۆشنبیری هەورامان و یەکەم سەرنووسەری گۆڤاری هەورامان بوو، هاوکات هاوکارێکی هەمیشەیی و سەرێکی دیار بوو لە چالاکییەکانی ناوچەى هەورامان.

مامۆستا عوسمان

خزمەت و کارەکانى لە بوارى ئەدەبیات و زمان:

مامۆستا عوسمان محەمەد هەورامى لە ساڵى ٢٠٠٣ بۆ ٢٠٠٦ى زایینى وەک شارەزا لە خانەى وەرگێڕان کاری کردووە. هەروەها لە بوارى زمان بە هۆى گەڕان و مامۆستایەتییەوە کە لە دەیان گوند و شار و شارۆچکەى کوردستان خزمەتى کردووە، هەردەم کارى گەورەى کردووە و بەشانازییەوە دەیان وشەی ڕەوان و ڕەسەن لە خەڵكی گوندەکان وەرگرتووە، هەر بۆ نمونە، وشەی (ئاماژە) كە بۆ یەكەمینجار لە نوسیندا بەكاری هێناوە و بووە وشەیەکى دیارى کوردى.

ئەم مامۆستایە لەبوارە جیاجیاکانى نوسین و وتار و هۆنراوەدا کارى زۆرى کردووە، بەڵام زیاتر لە بوارى هۆنراوەى پەروەردە و ئەدەبیاتى منداڵان خۆى ماندوو کردووە و بۆ ماوەى دوانزە ساڵیش ڕۆژانە لە ڕادیۆى دەنگى گەلى کوردستان، بەرنامەى پەروەردەیى (خەندە)ى پێشکەش بە منداڵانى کوردستان کرد کە هەر خۆشى ئامادەى دەکرد.

مامۆستا عوسمان شاعیرێکی دیار و زمانشیرین و پەروەردەکارێکی کەموێنە بوو لە بواری شیعری منداڵان و یەکەم کەس بوو کە نوێخوازی لە فۆڕم و ناوەرۆکی شیعری هەورامیدا هێنایە کایەوە، سەرەڕای دیوانی شیعرییەکانی و نووسینەکانی خۆی، هەوڵێکی زۆری داوە بۆ کۆکردنەوەو بە چاپگەیاندنی بەرهەمی ژمارەیەک لە شاعیرانى کورد و پێداچوونەوەی بە دەیان بەرهەمی ئەدەبیدا کردووە.

 

ڕێزلێنان و خەڵات:

مامۆستا عوسمان هەورمانى لەسەر بەو ٤٧ ساڵەى کە خزمەتى بوارى پەروەردە و فێرکردنى کردووە و مامۆستا بووە، چەندین جار لە لایەن وەزارەتى پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتى پەروەردەى سلێمانى خەڵاتى پێشکەش کراوە و ڕێزى لێ نراوە.

هەروەها لەبەر خزمەتى گەورەى بوارى ئەدەبی منداڵان و گەورە ساڵان و ئەو خزمەتەى کە بە بوارى زمان کردوویەتى، لە لایەن وەزارەتى ڕۆشنبیرى هەرێمى کوردستانەوە دوو جار ڕێزى لێ نراوە و هەروەها بنکەى ئەدەبى ڕۆشنبیرى گەلاوێژ ڕێزى لەم مامۆستا سەنگینە هەورامییە گرتووە و هەروەها لە دووەمین فێستیڤاڵى هەورامان کە بەشدارى کردووە ڕێزى لێ نراوە و خەڵاتى پێشکەش کراوە. هەروەها بانگهێشتى حەوتەمین کۆنفرانسى زمانى دایک بووە و لەوێ ڕێز لە خزمەتەکانى نراوە. سەنتەرى فرە زمان (ڤێستەرۆس ـ سوید) ڕێزى لەم مامۆستایە ناوە.

هەروەها لە لایەن گۆڤارەکانى گوڵەكان و جگەرگۆشەكانى تایبەت بە منداڵانەوە خەڵاتى ڕێزلێنانى پێ بەخشراوە.

عوسمان هەورامىی

بەرهەمەکانى مامۆستا عوسمان:

ـ شاهۆ: هۆنراوەی پەروەردەیی، سلێمانی / ١٩٧٠

ـ خونچە گوڵ، هۆنراوەی پەروەردەیی / چاپی یەكەم ٢٠٠٠، چاپی دووەم ٢٠٠٨ سلێمانی

ـ مناڵ و گوڵ، هۆنراوەی پەروەردەیی / سلێمانی ، ٢٠٠١

ـ مافەگەشەكانم، هۆنراوەی پەروەردەیی / سلێمانی ٢٠٠٣

ـ جیهانە جوانەكەمان، ئۆپەرێت و شانۆگەری جیهانی منداڵان / هەولێر ٢٠٠٤

ـ چاوانی باوان، هۆنراوەی پەروەردەیی / هەولێر، ٢٠٠٤

ـ شنەی شادی، هۆنراوەی پەروەردەیی / سلێمانی ٢٠٠٤

ـ  هەشتەمین دانا، چیرۆك بۆ منداڵان ، لەعەرەبییەوە كردوویەتی بە كوردی / سلێمانی ٢٠٠٤

ـ مافی مرۆڤ، بۆ پۆلی پێنجەمی بنەڕەتی، لەگەڵ لیژنەیەكدا / سلێمانی ٢٠٠٤

ـ  لایلایەی دایكانی كورد، لەگەڵ هاشمی سەلیمی دا / سلێمانی ٢٠٠٥

ـ  لالەزار، هۆنراوەی پەروەردەیی / هەولێر ٢٠٠٧

ـ گوڵبژێرێك هۆنراوەی پەروەردەیی بۆ باخچەكانی ساوایان / هەولێر ٢٠٠٨

ـ گوڵزاری پەروەردە، هۆنراوەی هەڵبژاردە / سلێمانی ٢٠٠٩

ـ ئاسۆی گەش، هۆنراوەی پەروەردەیی / سلێمانی ٢٠٠٩

ـ ڕۆشنایی، هۆنراوەی پەروەردەیی / سلێمانی ٢٠٠٩

ـ گەشە، هۆنراوەی پەروەردەیی / هەولێر ٢٠٠٩

ـ  چریكە، هۆنراوەی پەروەردەیی / سلێمانی ٢٠١٠

ـ  بۆقی گەشتیار ، چیرۆك بۆ منداڵان ، داڕشتنەوەی بۆ كردووە / سلێمانی ٢٠٠٧