تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

لە لیبیا ئاگربەست ڕاگەیەندرا

لە لیبیا ئاگربەست ڕاگەیەندرا
AvaToday caption
posted onAugust 22, 2020
noتعليق

لایەنەکانی بەشدار لە شەڕی ناخۆیی لیبیا ڕایانگەیاند تەمایان هەیە بە زووترین کات ئاگربەست ڕابگەیەنن و ئامادەی بەرێوەبردنی هەڵبژاردنن. بە ساڵانێکە لیبی تووشی شەڕی ناوخۆ بووە و رێککەوتنی نێوان لایەنە بەشدارەکانی شەڕ بۆ ئاگربەست لە ڕابردوودا بێ ئاکام بووە.

 

دوای چەندین ساڵ شەڕ و نائەمنی ناوخۆیی لە لیبیا، لە لایەک فائیز فەراج سەرۆکی دەوڵەتی ویفاقی نەتەوەیی لە تەرابلوس کە لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکان پشتیوانی دەکرێت و لە لایەکی دیکە ژنەڕاڵ خەلیفە خەفتەر لە بن غازی ئامادەیی خۆیان بۆ ئاگربەست و بەرێوەچوونی هەڵبژاردن ڕایگەیاندووە. ڕۆژی هەینی هەر دوو لایەن ڕاگەیەندراویان سەبارەت بە ڕێککەوتنەکەیان بڵاو کردەوە و نەتەوە یەکگرتووەکان پێشوازی لەو ڕێککەوتنە کرد.

سراج و خەفتەر فەرمانیان بە هێزەکانیان کردووە ئاگربەست ڕابگەیەنن و خۆیان بە دوور بگرن لە تێکهەڵچوونی سەربازی لە سەرتاسەری لیبیا، هەروەها بڕیار وایە دانوستانەکان لە شاری ستراتژیکی سێرت لە لێواری دەریای مەدیتەرانە و لە ناوچەیەک کە شەڕی تێدا نەبێ بەڕێوە بچێت.

لیبیا لە ساڵەکانی ٢٠١١ بەملاوە و بە دوای ڕووخانی قەزافی تووشی قەیران و شەڕی ناوخۆیی بۆتەوە. هەتا ئێستا هیچ هەوڵێکی نێودەوڵەتی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕە ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتە بە ئاکام نەگەیشتووە. لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ئاڵمان هەوڵێکی زۆر بۆ چەسپاندنی ئاشتی لە لیبی داوە.

ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، وەزیری دەرەوەی ئاڵمان سەردانی تەرابلوسی کردووە بۆ ئەوەی لایەنە بەشدارەکانی شەڕ ڕازی بکات ناوچەیەکی ناسەربازی لە سێرت درووست بکەن و داهاتی نەوتی بە شێوەیەکی دادپەروەرانە لەنێوان خۆیان دابەش بکەن.

دەوڵەتی سیراج لە ڕۆژئاوای لیبیا پێگەیەکی لاوازتری هەیە. بەشی زۆری باشوور و باشووری ڕۆژهەڵاتی لیبیا لە کۆنترۆڵی هێزەکانی خەلیفە خەفتەر دایە. تورکیە و قەتەر لاینگری حکومەتی سێراج و ئیمارات و ڕووسیە و میسر پشتیوانی ژنەڕاڵ خەفتەر دەکەن.