تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

ئاژانسی وزەی ئەتۆم نیگەرانە لە ڕژێمى ئێران

 ئاژانسی وزەی ئەتۆم نیگەرانە لە ڕژێمى ئێران
AvaToday caption
posted onJune 6, 2020
noتعليق

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم ڕۆژی هەینی لەمەڕ درێژەی ڕێگریکردنی کۆماری ئیسلامی لە پشکێنەرانی ئاژانسی وزەی ئەتۆم بۆ پشکنینی هێندێک لە ناوەندەکانی ڕژیم نیگەرانی جدی خۆی ڕاگەیند و گووتی ئەگەری هەیە ئەو چالاکیانەی پێشتر لەو ناوەندانە کراوە بە ئاراستەی بەرنامەی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی بووبێت.

هەواڵدەری ڕۆیتێرز دەنووسێ: ئاژانس و ڕێکخراوی ئیتلاعاتی ئەمریکا لەو بڕوایەدان کۆماری ئیسلامی بەرنامەیەکی دارێژراوی بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی هەتا ساڵی ٢٠٠٣ هەبووە و ئەوەی کە ئیسرائیل لەمەر دەستپێراگەیشتن بە ئارشیوی زانیاریەکانی بەرنامەی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند، زانیاری زیاتری سەبارەت بە چالاکیە ئەتۆمیەکانی پێشووی کۆماری ئیسلامی تێدابوو.

ئیسرائیل دەڵێ ڕێبەندانی ساڵی ٩٦ بە ئەنجامدانی چالاکیەک، توانیویەتی ئارشیوی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی بۆ تەل ئاویو بگوازێتەوە. بنیامین نەتانیاهۆ بەهاری ساڵی ١٣٩٧ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا ٥٠ هەزار بەڵگە و هەزاران سی دی پڕ لە ئارشیوی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی بڵاو کردەوە. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەو کات گووتی: ئامانجی سەرەکی کۆماری ئیسلامی لە وەگەڕخستنی بەرنامەی ئەتۆمیەکەی، درووست کردنی بۆمبی ئەتۆمی بووە و لە کاتێکدا ساڵی ١٣٩٤ لەگەڵ وڵاتانی جیهان بەرجامی واژۆ کرد، ئەو بەڵگانەی لەناو نەبرد و لە کۆگایەک لە شورئابادی تاران شاردیەوە.

ئەوروپا و ئێران

دوای ئەوە، ئیسرائیل ڕایگەیاند کۆماری ئیسلامی لە ناوەندی نورقوزئاباد لە نیزیک تاران مادەی ئەتۆمی هەبووە. ئەو زانیاریە لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی ئێران " درۆ، ڕێسراو و بێ ناوەرۆک" ناوزەد کرا و عەباس عەراقچی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران گووتی: کۆمەڵێک کڵاویان لەسەری نەتانیاهۆ ناوە.

بەڵام ئاژانسی وزەی ئەتۆم دوای پشکنینی ئەو ناوەندە شوێنپێی یۆرانیۆمی پیتێندراوی پشتراست کردەوە و داوای لە ئێران کرد سەرچاوەی یۆرانیۆمەکە ڕابگەیەنێت. دوا دوو ساڵ کۆماری ئیسلامی هیچ زانیاریەکی بە ئاژانس نەدا و ئیزنی چوونەوەی دووبارەی پشکێنەرانی بۆ ئەو ناوەندە نەدا.

ئاژانس لە ڕاپۆرتی نوێی خۆیدا دەڵێ: خوازیاری ئەوەیە چاوی بە سێ ناوەند لە ئێران بکەوێت بەڵام کۆماری ئیسلامی چەندین مانگە ڕێگری دەکات.
ئەو ناوەندە ناوی ناوەندەکانی بڵاو نەکردووەتەوە بەڵام گووتویەتی لە یەکێک لەو ناوەندانە کە لە ساڵەکانی ٢٠٠٣ و ٢٠٠٤ تێکدراوە، بە ئەگەری زۆر کۆماری ئیسلامی پاشەکەوتی یۆرانیۆمی سرووشتی هەبووە و چالاکیەکی بۆ لەناوبردنی پاشماوەکانی ئەو یۆرانیۆمە ئەنجام داوە.