Ana içeriğe atla

سعودیە جەنگی میدیایی دەگوازێتەوە نێو ئێران

سعودیە جەنگی میدیایی دەگوازێتەوە نێو ئێران
پاڵپشتییەکانى ڕیاز بۆ دژبەرەکانى کۆمارى ئیسلامى تەنها لە بازنەى مەعنەوی و سیاسی نەماوەتەوە
posted onNovember 1, 2018
noyorum

 

بە مەبەستى گۆشەگیرکردنى زیاترى کۆمارى ئیسلامی ئێران، شانەشینى عەرەبی سعودیە دەستپێشخەرى جەنگێکى میدیایی تووند لەگەڵ تاران بەرپا کردووە و، بەو هۆیەوەش پاڵپشتى کۆمەڵێک دامەزراوەى میدیایی فارسى دەکات.

 

پاڵپشتییەکانى ڕیاز بۆ ئەو دامەزراوەیە، تەنها لەبازنەى مەعنەوی و سیاسی نەوەستاوە بۆ گرووپەکانى ئۆپۆزسیۆنى ڕژێمى ویلایەتى فەقیهی، بەڵکو شۆڕ بووەتەوە بۆ گەیاندنى پەیام بۆ گەلی ئێرانی. لەنێو ئەو میدیانەى توانى لە ماوەیەکى کورتدا کاریگەرییەک لەنێو گۆڕەپانی میدیایی دروست بکات، " تۆڕی ئێران ئەنتەرناشیوناڵ"ـە کە لە لەندەنى پایتەختى بەریتانیا پەخشى خۆى دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتەکانیش ئەو کەناڵە لەلایەن سعودیەوە ڕاستەوخۆ پاڵپشتى دەکرێت. ئەو ئاراستە نوێیەى ئەو شانەشینە عەرەبیە، یەکەمجارە "سیاسەتێکى یەکگرتوو دژى کۆماری ئیسلامى ئەنجام دەدات، کە لە ڕێگەى میدیایی و دامەزراوە ڕاگەیاندنەکاندا پەیڕەوی دەکات".

هاوکات تارانیش لە ڕرێگەى کەناڵەکانى "العالم، پرێس تی ڤی"، ململانێیەکانى خۆى گەیاندووەتە گۆڕەپانى میدیای جیهانیی. سیاسەتە نوێیەکەى ڕیاز کە هێرشبەرانەى بەرامبەر تاران گرتۆتە بەر، دوا بەدواى لێدوانەکانى مەحمەد کوڕی سەلمان، جێنیشینى شانەشینى سعودیە دێت، کاتێک ڕایگەیاند "سعودییە ئامادەسازی دەکات بۆ ئەوەى شەڕەکە بگوازێتەوە نێو ئێران". ئێران ئەنتەرناشیوناڵ، کەبەرنامەکانى بەزمانى فارسین و، ماڵپەرەکەشى بەزمانەکانى (فارسی، عەرەبی و ئینگلیزیە)، تایبەتە بەتاوتوێکردنى پرسى ئەو وڵاتە، کەچی لە ناوخۆى ئەو وڵاتە ڕوودەدات.

سەرچاوەکان ئەوەشیان دووپات کردووەتەوە "سعودیە بۆ پاڵپشتیکردنى ئەو کەناڵە لە ڕووى کواڵیتى و ئاراستەکردنى پشتى بە ڕۆژنامەنووسێکى خۆى بەستووە کەشارەزاییەکى فراوانى لەکەناڵە بینراوەکاندا هەیە". ئەو ڕۆژنامەنووسەش عەبدولرەحمان ڕاشدە، کە پێشتر سەرنووسەرى شرقولئەوسەت و بەرێوەبەرى کەناڵى عەرەبیە بووە.

ئەو بەڵگەنامانەش کە ڕۆژنامەى گاردیانى بەریتانی بڵاوی کردووەتەوە ئاشکراى دەکات "لە ماوەى پێنج ساڵدا ڕیاز ٢٥٠ ملیۆن دۆلارى بەو کەناڵە بەخشیوە، کەساڵانە دەکاتە 50 ملیۆن دۆلار، سەرجەم پارەکانیش لە ڕێگەى سعود قەحتانی، ڕاوێژکارى پێشووى دیوانى پادشایەتى سعودیە بوو، کە بەم دواییانە لە پۆستەکەى بەهۆى کوشتنى جەمال خاشقچی دوور خراوەتەوە". یەکێک لە ئامانجەکانى ئەو وڵاتەی کەنداو " قۆزتنەوەى ئەو بێئومێدییەى شەقامی ئێرانییە، لەو زانیارییانەى ڕژێمەکەیان لە ڕێگەى کەناڵە فەرمییەکانەوە پەخشى دەکات".

هەرچەندە ئەو ڕژێمە سانسۆرى خستۆتە سەر سەرجەم تۆڕەکانى گەیاندن و پەخشکردن، بەڵام هاووڵاتیان توانیویانە لە ڕێگەى کۆمەڵێک بەرنامەى تایبەتەوە ئەو سانسۆرانە بشکێنن و، بەدواى سەرچاوەى هەواڵى نوێ بگەرێن. تایبەت بەو پرسەش ئیسکەندەر سادق بورجوردی، توێژەرى مێژووى ئێران لە زانکۆى ئۆکسفۆرد دووپاتی دەکاتەوە "بەبێ هیچ دوودڵییەک، دەوڵەتى ئیران بەرپرسیارە لە نەمانى متمانەى هاووڵاتیان بە میدیاکانیان".

پێدەچێت "ئێران ئەنتەرناشیوناڵ، بەشێکە لە بڕیارەکانى کوڕەکەى سەلمان، بۆ ئەوەى سیاسەتێکى دوژمنکارانەى زیاتر دژى تاران پەیڕەو بکات، هاوکات دۆناڵد ترامپ، سەرۆکى ئەمەریکاش پاڵپشتى ئەو پرۆژەیەى سعودیە بەرامبەر ئێران دەکات".