Ana içeriğe atla

١٨% بۆ ٣٥%ى ئێرانییەکان لە ژێر هێڵى هەژارین

١٨% بۆ ٣٥%ى ئێرانییەکان لە ژێر هێڵى هەژاریدان
بەڵێنەکانی حەسەن ڕوحانی بۆ باشترکردنى دۆخى خەڵک هەمووی درۆ بوون
posted onOctober 29, 2018
noyorum


ئەحمەد میدری جێگری وەزارەتی کار دەڵێ "ژمارەی ئەو هاوڵاتییە ئێرانیانەی لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین لە نێوان سەدا ١٨ بۆ ٣٥ ـە.

 

موحسێن هاشمی سەرۆکی شوورای شاری تاران دوو مانگ پێش ئێستا گووتبوی هەڵاوسانێک کە لە ئەنجامی دابەزینی بەهای تمەن هاتۆتە ئارا، بووەتە هۆی ئەوەی یەک لەسەر سێی خەڵکی ئێران لە ژێر هێڵی هەژاری و یەک لەسەر دەش لە ژێر هێڵێ هەژاری ڕەها دابژین.

ڕیشەکێشکردنی هەژاری لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری ئێران لە ساڵی ٩٦، دروشمی سەرەکی حەسەن ڕوحانی سەرۆککۆماری ئێستای کۆماری ئیسلامی بوو، بەڵام بە هۆى داگیرکردنى ئابووریی ئێران لە لایەن سوپای پاسداران، نەک هەژاری بنەبڕ نەبووە بەڵکوو چەندین بەرامبەر بووە.

 ڕەسوڵ خزری نوێنەری شارەکانی پیرانشار و سەردەشت لە مەجلیسی کۆماری ئیسلامی ئێران، مانگی گەلاوێژ ڕایگەیاندبوو تا پێش هاتنەسەرکاری دەوڵەتی دوازدەیەم هێڵی هەژاری بە سێ میلیۆن تمەن دەخەمڵێندرا، کەچی ئێستا ئەو ڕێژەیە شەش میلیۆن تمەنە. ئێستا نیزیک بە چوار مانگ بەسەر قسەکانی خزریدا تێدەپەڕێن، کەچى ئەوڕۆ دۆلار لە بازاڕەکانی تاران بە ١٦٦٠٠ تمەن سەوداى پێوە کراوە کە بێ گومان کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر دیاریکردنی هێڵی هەژاری و هەژاری ڕەهادا هەیە.

سەعید مەدەنی کۆمەڵناس و لێکۆڵەڕی زانستە کۆمەڵایەتییەکان ڕۆژی ڕابڕدوو لە دانیشتنێکی تایبەت بە هەڵسەنگاندنی ڕۆڵی هەژاری لە کۆمەڵگای ئێران گووتبوی "بارتەقای بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژاری کۆمەڵگاکان شۆڕشی کۆمەڵایەتی زۆرتر بە خۆیانەوە دەبینن و لە لایەکی دیکە لە پێوەندی لەگەڵ هەژاری و دیموکراسیدا ئەوەی هێنابووی سەر زمان کە هەژاری وادەکات خەڵک لە ڕێگەی تووندوتیژەوە بەدوای وەدیهێنانی ئامانجەکانیان بکەون".

شایانی باسە ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان "بێ دەسەڵاتی لە دەست پێڕاگەیشتن بە مافە سەرەتاییەکانی وەک خواردن بە پێی پێویست ، بێ دەسەڵاتی لە پێشگرتن لە نەخۆش بوون، نەبونی سەرپەنا، بێبەشبوون لە خوێندنی سەرەتایی، بەشدارینەکردنی چالاکانە لە کاروباری کۆمەڵایەتی بە هۆی هەستی شەرمەزاری و بێتوانایی لە ڕووی دابینکردنی بژیوی ژیان و بەشداریکردن لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا" بە سەرەکیترین نیشانەکانی هەژاری دەستنیشان دەکات.