نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمرۆ پێنجشەممە ٧ى نۆڤەمبەر ڕایگەیاند، ڕاپۆرتگەلێکیان بەدەست گەیشتووە کە هێزە ئەمنییەکانى عێراق، بەردەوامن لە بەکارهێنانى چەکى گەرم و تەقەکردنى ڕاستەوخۆ لە خۆپێشاندەران!
نەتەوە یەکگرتووەکان لەم بەیاننامەیە، داواى لە لایەنە عێراقییەکان کردووە کە خۆیان ببوێرن لە توندوتیژى و لێکۆڵینەوەى ورد لەمەڕ کوژار و بریندارە زۆرەکانى خۆپێشاندەران بکەن. هەروەها داواى گفتوگۆی جددى کرد لە نێو دەوڵەت و خۆپێشاندەران.
هاوکات لەگەڵ داواکارییەکەى نەتەوە یەکگرتووەکان لە دەوڵەتى عێراق بۆ وەستاندنى توندوتیژى بەرامبەر خۆپێشاندەران، ئانتۆنیۆ گۆتریش سەرۆکى ئەو ڕێکخراوەیە ئەمڕۆ پێنجشەممە لە بەیاننامەیەک نیگەرانى خۆى لە ژمارەى کوژراو و بریندارەکانى نێو خۆپێشاندەران دەربڕی و داواى وەستاندنى توندوتیژییەکانى کرد.
پاش ئەوەى کە هێزە چەکدارەکانى عێراق ڕۆژى چوارشەممە ڕایگەیانگەیاند کە فەرمانێکى جددى بۆ بەکاربردنى چەکى گەرم دژى خۆپێشاندەران دەرچووە، عادل عەبدولمەهدى سەرۆکوەزیرانى عێراق لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان و بە ئامادەبوونى کۆمیتەى ئاسایش و بەرگرى لە پەرلەمان و وەزارەتى بەرگرى و ناوخۆ کۆ بووەوە. لەم دانیشتنەدا، گۆڕانکارییە ئەمنییەکان و پێویستى وەڵامدانەوەى خواستى خۆپێشاندەران بە شێوەى ئاشتیخوازانە تاوتوێ کراوە.
سەرۆکوەزیرانى عێراق پێداگریشى لەسەر پێویستى پاڵپشتى لە هەوڵەکانى دەوڵەت بۆ وەڵامدانەوەى خواست و داواکارییە ڕەواکان و پاڵپشتى هەوڵەکانى پاراستنى ئەمنیەت و ئاسایشى دەوڵەت و پاراستنى ماڵ و موڵکى گشتى و خەڵکى و دامەزراوە حکومییەکان و شوێنە گشتییەکان و هێورکردنەوەى دۆخى بەغدا و گەڕانەوەى ئەمن و ئاسایش لە بەرژەوەندى هەموو هاووڵاتیانى عێراق کردەوە.
لە لایەکى جیمەوە سەرلەشکر عەبدولکەریم خەلەف وتەبێژى فەرماندەى هێزە چەکدارەکانى عێراق، لە کۆنفڕانسێکى ڕۆژنامەنووسیدا جگە لە پێداگریکردنەوە لەسەر ڕەوابوونى خۆپێشاندانى ئاشتیخوازانە و دوور لە توندوتیژى، گوتى گرتنى جادە و پرد و شوێنە گشتییەکان بە پێچەوانەى بەرژەوەندى گشتى و خەڵکى عێراقە و نابێت ئەنجام بدرێت. ئەو داواى لە خۆپێشاندەران کرد کە لە ناوەند و دامەزراوە سەربازییەکان نێزیک نەکەونەوە.
هەروەها پێداگرى لەسەر ئازادى ڕاگەیاندن بۆ ڕووماڵى ڕووداوەکان کردەوە، بەڵام گوتى بە مەرجێک کە ڕاگەیاندنەکان نەکەونە هەڵنان و دنەدانى خۆپێشاندەران بە ئاراستەى توندوتیژى.