Ana içeriğe atla

ئومێدەکانى ئێران ڕوو لە خەزانن

ئومێدەکانى ئێران ڕوو لە خەزانن
سزا ئابوورییەکانى ئەمەریکا لەسەر ئێران ڕەوشى ئەو وڵاتەى ئاڵۆزتر کردووە
posted onOctober 3, 2018
noyorum

 

حکومەتى کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ پەردەپۆشکردنى شکستە ئابووری و داراییەکەى، هەڕەشە لە هاووڵاتییە توڕەبووەکانى خۆی دەکات، کە ڕەخنە لە ئاڵۆزبوونى ڕەوشى ئابوورى دەگرن.

 

بۆ چاوترساندنى خەڵکەکەی تەلەڤزیۆنى فەرمی ئێران هەواڵى بەتۆمەتى ئەنجامدانى "تاوانى ئابووری"، سزاى لەسێدارەدانى بۆ سێ کەس بڵاو کردووەتەوە کە گوایە لەلایەن دەسەڵاتداری دادوەرییەوە دەرچوون. ئەو دادگایەى بڕیاری سزاکانى دەرکردووە، بە بڕیاری عەلى خامنەیی رابەرى باڵاى کۆمارى ئیسلامی، وەک هەنگاوێک بۆ ڕەوینەوەى تووڕەیی خەڵک دژى خراپبوونى ئابوورى و داڕمانى بەهاى دراوی تمەن دروست کراوە. بەهۆى خراپبوونى بژێوى هاووڵاتییان و، داڕمانى سەدا 75 بەهاى تمەن، خەڵکی ئەو وڵاتە لەزۆربەى شارەکانى ئێران خۆپێشاندانیان دژى دەسەڵاتداران ئەنجام دا.

سزا ئابوورییەکانى ئەمەریکا بەسەر ئەو وڵاتە، ڕەوشەکەى ئاڵۆزتر کرد، بەئاستێک سەپاندنەوەى سزا ئابوورییەکان تارانی تووشى ئیفلیجییەکى بێوێنە کردووە، چاوەڕوانیش دەکرێت لەسەرەتاکانى تشرینى دووهەمەوە، داڕمانى ئابوورى گەورەتر لەو وڵاتە روو بدات. خامنەیی بەبیانووی چارەسەر کردنى ئەو "جەنگە ئابوورییە"ـى لە دەرەوەى خاکی وڵاتەکەى دژی رژێمەکەى ئەنجامدەدرێت، سەرووى مانگێکە دادگاى شۆڕشی ئەنجامداوە، لەهەمان کاتیشدا هیچ هەنگاوێکى ئەرێنی بۆ ئاڵۆزییە ناوخۆییەکانى ئەنجام نەداوە.

راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان دەری دەخەن "تاران ئەوەندەى خەرجیی بۆ میلیشیا چەکدارانى وڵاتانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و، بەشێعەکردنى چەندین وڵات دابین دەکات، نیوەى بۆ نێوخۆى وڵاتەکەى خەرج نەکردووە". میدیا فەرمییەکانى ئێران لەسەر زارى دەسەڵاتدارانى دادوەرى بڵاوی کردووەتەوە "دەدرێتە شۆفێرانى بارهەڵگرەکان، بەوەى بەرزی کرێیەکان و نرخەکان رووبەرووى سزاى قورس دەبنەوە، گەر هاتوو بەردەوام بن لەناڕەزاییەکانیان". تەنانەت هەڕەشەى سزای لەسێدارەدانیان رووبەروو بووەتەوە.

واشنتۆن بەنیازە لە 5 تشرینى دووهەم، قۆناغی دووهەمى سزاکانى دژى تاران بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەم جارەش کەرتى وزە و نەوت لەخۆ دەگرێت، کەتاکە سەرچاوەى بژێوی ئەو وڵاتەیە. کۆمارى ئیسلامی گەیشتە ئەو باوەڕەى بەڵێنەکانى وڵاتە دژە بڕیارەکەى سزاکانى ئەمەریکا ، هیچ کاریگەریی لەسەر کەمکردنەوەى بارگرانییەکانى نابێت، چونکە وڵاتانى یەکێتى ئەورۆپا رایدەگەیەنێت " ئەو پرۆژە هاوبەشەى بەنیازن لەگەڵ ئێران پەیڕەوی بکەن، پێش تشرینى دووهەم ئامادە نابێت"، بەڵام چاودێران بەپرۆسەیەکى بێئومێدو شکستخواردوو وەسفی دەکەن، چونکە مەترسییەکانى لەقازانجەکانى گەورەترە.

یەکێک لەگورزە گەورەکان بەئێران کەوت، کەمکردنەوەى ئاستى وەبەرهێنانى کۆمپانیاى سینۆپێکى نەوتى چینى بوو، کەئەم مانگە قەبارەی کڕینى نەوتى تارانى کەم کردەوە.

پەکین بڕیاری وەبەرهێنانی کۆمپانیاکانى لەگەڵ تاران سەرپشک کردووەو، ئەگەرى ئەوەش هەیە لەگفتوگۆکانى لەگەڵ واشنتۆن دەستبەرداری ئەو چڵە دارەش بێت کۆمارى ئیسلامی خۆی پێوە هەڵواسیوە.