چەند ڕۆژ دوای ساڵوەگەری کۆچی دوایی شاعیری گەورەی فارس، ئەحمەدى شاملوو، خاوەنى ئێستاى خانووەکەی شاملو ئیزنی ڕووخاندنی ماڵەکەی لە شارەوانی تاران وەرگرتووە و بە گووتەی دراوسێکانى ئەگەری هەیە، ئەوڕۆ و سبەی خانووەکە بکوتێتەوە.
سەڕەڕای پێداگری میراتی فەرهەنگی لە پاراستنی خانووەکەى ئەم شاعیرە ئازادیخوازە، نەتەنیا لەبەر ئەوەی شاملوو لەو ماڵەدا ژیاوە، بەڵکو لەبەر بایەخی بیناسازى خانووەکەش، کەچى شارەوانی تاران سوورە لەسەر ڕووخاندنی.
شاملو یەکێک لەو شاعیرە ئازادیخوازانەیە کە بەشی زۆری هۆنراوەکانی دژی ستەم و دیکتاتۆرین و پڕن لە هاواری ئازادیخوازی. کۆماری ئیسلامی ساڵانە ڕێگە نادات کۆمەڵگەی فەرهەنگی و ئەدەبی و خەڵک و ئارەزوومەندانى شیعرى ئەم شاعیرە، ڕیوڕەسمی تایبەت بە ساڵیادەکەى بگرن و تەنانەت حەوتووى پێشوو کە ساڵیادى کۆچى دواییەکەى بوو، گوڵدانەکانى سەر گڵکۆکەى شکێنران و نەهێڵدرا لاوان و ئەدەبدۆستان لەسەرى کۆ ببنەوە و شیعر بخوێننەوە.
ڕووخانی خانووەکەى شاملوو، سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە کە کۆماری ئیسلامی تەنانەت لە دوای مردنیشیان لە بیروبۆچوونی ئازادیخوازان دەترسێ.