Ana içeriğe atla

عێراق لەنێو چەکوچى ئەمەریکاو توڕەیی ئێراندایە

عێراق لەنێو چەکوچى ئەمەریکاو توڕەیی ئێراندایە
ئاڵۆگۆری بازرگانى لەنێوان هەردوو پایتەخت لەساڵى رابردوو گەیشتۆتە شەش ملیار دۆلار، ئەویش رێژەى سەدا 15 کۆى گشتى هاوردەکانى بەغدای پێکهێناوە، جگە لەگرێبەستى ووزە کە 2017 بەهاکەى 12 ملیار دۆلار بوون.
posted onAugust 22, 2018
noyorum

 

پەیوەندییەکانى ئێران و عێراق، ئەوەندە ئاڵۆزە تەنها کەرتێک و بوارێکى تایبەتى نەگرتۆتەوە، بەتایبەت لەپرسى سیاسی، سەربازی و کۆمەڵایەتى ئەوەندە تێکەڵ بووە، سزاکانى ویلایەتە یەکگرتووەکان بەسەر تاراندا مەترسیی و دڵەراوکێی لەبەغدا دروستکردووە.

 

تەنانەت ئاستەکە گەیشتۆتە رادەیەک حکومەتى بەغدا داوا لەواشنتۆن بکات، لەهەندێک پرسى ئابووریدا لەگەڵ تاران چاوپۆشى لەوڵاتەکەى بکات.

 

لەسەر ئاستى ناوخۆیی عێراقیشدا پێکهێنانى حکومەتێکى نوێ، ئەوەندە ئاڵۆزە چاوەڕوان ناکرێت بەو ئاسانییە بەرەیەکى هاوبەش بۆ پێکهێنانى حکومەت دروست ببێت.

 

شتێکى شاراوە نیە، ئاڵوگۆری بازرگانى و ئابوورى عێراق و ئێران ئەوەندە توندو تۆڵە، پێناچێت بەغدا وا بەئاسانى دەستبەردارى بێت، بەجۆرێک گەیشتۆتە ئاستێک داوا لەئیدارەى کوشکی سپی بکرێت، لەهەندێک کۆتەکانى سەر ئێرانی دراوسێی بەدوور بێت. داواکەش لەلایەن بانکى ناوەندی و بەرپرسانى حکومەتى ناوەندی بەغدا بووە.

 

ئەمەش لەکاتێکدایە ترامپ، هەڕەشەى لەسەرجەم وڵاتان کردووە، هەر لایەنێک پابەند نەبێت، هەمان چارەنووسی ئێرانی بەسەردا دەسەپێنرێت.

 

بەو هۆیەوەش پێگەى بەغدا لەئاستێکى زۆر هەستیار دایە، چونکە چەندین کاڵاى گرنگ لەهاوپەیمان و دراوسێیە رۆژهەڵاتەکەى هاوردە دەکات، لەهەمان کاتیشدا ئەمەریکا هاوپەیمانێکى سەرەکیی دەسەڵاتى بەغدایە کەهاریکاری سەربازی و ئاسایش پێشکەش بەو وڵاتە دەکات.

 

هەرچەندە حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانى کاربەرێکەرى بەغدا سەرەتا پاڵپشتى لەسزاکانى ئەمەریکا دژى ئێران کرد، ئەمەش بووە هۆى رووبەرووى ڕەخنەى توندی ناوخۆیی و دەرەکی، بەڵام بەرپرسان بۆ چارەسەر کردنى ئەو پرسە بەنیازن بەمنزیکانە بەرەو واشنتۆن بەرێبکەون بۆ ئەوەى بابەتە تاوتوێ بکەن.

 

پابەند بوونى بەغدا بەبڕیارەکەى ئەمەریکا، هەنگاوێکى گرنگی سیاسەتى ئەو وڵاتەیە بەرامبەر تاران، کەچاوەڕوان دەکرێت لەلایەن خودی عەبادییەوە پەیڕەو بکرێت.

 

لەو نێوەندەشدا بەرپرسێکى وەزارەتى دەرەوەى ئەمەریکا باسى لەوە کردووە ، لەگەڵ هاوبەشەکانیان لەجیهاندا پرسى سزاکانى سەر ئێران تاوتوێ دەکەن و، ئەوانیش سوورن لەسەر سزادانى تاران، بۆ ئەوەى بەهەموو شێوەیەک پابەندی رێنماییە نێودەوڵەتیەکان بێت.

 

مەترسییە سەرەکییەکانى بەغدا بەرامبەر سەپاندنى سزا بەسەر دراوسێیەکەیان زیانێکى ملیارەها دۆلاری لێبکەوێتەوە، کەساڵانە لەتارانەوە هاوردەى دەکەن، بەتایبەت کەرەستە سەرەکییەکانى وەک خۆراک، بەرهەمە کشتوکاڵی و ئامێرە ئەلیکترۆنیە ماڵییەکان و پارچەی یەدەگی ئۆتۆمبێل.

 

بەجۆرێک ئاڵۆگۆری بازرگانى لەنێوان هەردوو پایتەخت لەساڵى رابردوو گەیشتۆتە شەش ملیار دۆلار، ئەویش رێژەى سەدا 15 کۆى گشتى هاوردەکانى بەغدای پێکهێناوە، جگە لەگرێبەستى ووزە کە 2017 بەهاکەى 12 ملیار دۆلار بوون.

 

یەکێک لەڕاسپاردەکانى عەبادی بۆ بانکەکانى وڵاتەکەى راگرتنى مامەڵەى بازرگانیە لەگەڵ ئێران بەدراوی دۆلارە، ئەمەش بانکەکان بژاردەى ئەوەیان لەبەردەستە یا مامەڵە بەدراوی ناخۆیی خۆیان بکەن، یاخود لەبرى دراوی ئەمەریکى دراوی یۆرۆ بەکار بهێنن.

 

بەڵام خالێکى ئەرێنى بۆ کۆمپانیاکانى عێراق لەو سزایە ئەوەیە " ئەوان وەبەرهێنانیان لەئەمەریکا نیەو، زۆر بەئاسانى دەتوانن درێژە بەمامەڵە بازرگانیەکانى خۆیان لەگەڵ ئێران ئەنجامبدەن".

 

گوومان لەوەش دەکرێت، بەغدا بتوانێت سەد لە 100 مامەڵەى بازرگانى نێوان هەردوو وڵات رابگرێت، گرنگترین هۆکاریش بۆ داڕمانى بەهاى تومەنە بەرامبەر دۆلار ئەمەریکی و هەرزانى کاڵای ئێران بەبەراورد لەگەڵ کاڵاى عێراقی.

 

هاوکات سنوورە درێژەکەى نێوان هەردوو وڵاتە ئەستەمیی بۆ هەردوو حکومەت دروست کردووە، بەئاسانى بتوانن کۆنترۆڵی هەناردەو هاوردە کردنى کاڵا بکەن.