Ana içeriğe atla

دابەزینی بەهای نەوتی نەپاڵێوراو سەرەڕای قەیران و گەمارۆکان

دابەزینی بەهای نەوتی نەپاڵێوراو سەرەڕای قەیران و گەمارۆکان
AvaToday caption
هەناردەی نەوتی ئێران بۆ کەمتر لە ٥۰۰ هەزار بەرمیل لە ڕۆژدا دابەزیوە.
posted onMay 25, 2019
noyorum

 

قەیرانی سیاسی سێبەری خستووتە سەر بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوتی لیبی و ڤەنزوێلا، بەڵام سەرەڕای هەمووی ئەمانە، بەهای نەوت لە بازاڕەکانی جیهانی بە تەواوی دابەزیوە. هۆکاری ئەم دیاردەیە چییە؟

 

قەیرانە سیاسییەکان و بەتایبەت قەیران لە وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت، بەشێوەی ژیرانە دەبوو هەڵکشانی بەهای نەوتی پاڵێوراوى لە بازاڕەکانی جیهانی لێکەوتبایەوە، کەچی بەهای نەوت لە ڕۆژانی ڕابردوو، گەیشتووتە نزمترین ئاستی خۆی لە ئەمساڵدا. بەهای بەرمیلێک نەوتی ئینتەرمدیتی تگزاس لە ڕۆژی هەینی ۳ی جۆزەردان کەمتر لە ٦۰ دۆلار بوو. بەرمیلێک نەوتی برێنتی زەریای باکووریش بە ٦٨ دۆلار مامەڵەکراوە کە تەنانەت نزمتر لە ناونجی درێژخایەنی بەهای ئەم بەرهەمەیە لە بازاەڕەکانی دونیادا.

پسپۆڕانى بازاڕەکانی جیهانی نەوت، باس لەسەر مەزادکردنی نەوتی نەپاڵێوراو لە دۆخی ئێستا دەکەن. ئەمەش لە کاتێکدایە کە قەیران و گەمارۆکان بوونەتە هۆی دابەزینی ئاستی هەناردەکردنى نەوت لە دونیادا. ڕۆژنامەی ئابووری "هندێلزبلات" ڕۆژی هەینی ۳ی جۆزەردان، بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک باسی دابەزینی بەهای مادە نەپاڵێوراوەکانى کردووە. بەڕای پسپۆڕانى ئابووری ئەم ڕۆژنامەیە، دابەزینی بەهای نەوت نابێ بەشێوەی سەربەخۆ باسی لێبکرێت و دەبێ ئەم دابەزینە لە پەیوەندی لەگەڵ دابەزینی بەهای کانزا پیشەسازییەکان و بە تایبەت مس سەیر بکرێت.

نەوتى ئەمریکا و ئێران

بەهای بەرمیلێک نەوتی برێنت ماوەی حەوتەی ڕابردوو، دابەزینی ۷٪ی بووە. بەهای جۆرکانی دیکەی نەوتی نەپاڵێوراویش هەر بەم ڕادەیە دابەزیوە. ئەم ڕۆژنامەیە نووسیبووی ، بەهای تۆنێک مس لە ئەمریکا بۆ یەکەمجار لە ئەمساڵدا گەیشتووتە ژێر ٥۹۰۰ دۆلار. بەهای ئەڵومنیۆم، قەڵع و ڕۆحیش بەتەواوی دابەزیوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە گەمارۆ نەوتییەکانی ئێران و لە درێژەیشدا هەڵکشانی کێشەکان لە کەنداوی فارس کە هاوکاتە لەگەڵ قەیرانی سیاسی لە ڤەنزوێلا و ناسەقامگیری بەربڵاو لە لیبیا، بەرهەمهێنان و ڕەوانەکردنی نەوتی لە ئاست جیهانی دابەزاندووە.

بەپێ ڕاپۆرتێک کە ڕۆیتەرز لە ڕێژەی هەناردەی نەوتی ئێران بڵاوی کردووتەوە، کۆتایی لێخۆشبوونە نەوتییەکانی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە بووەتە هۆی ئەوەی کە هەناردەی نەوتی ئێران بگاتە کەمتر لە ٥۰۰ هەزار بەرمیل لەڕۆژدا. بەم شێوەیە ڕێژەی هەناردەکانی ئێران گەیشتووتە یەک لەسەر پێنجی ئاستی پاش ڕێککەوتنە ناوکییەکە. تەنانەت دابەزینی یەک ملیۆن و ۲۰۰ هەزار بەرمیلی نەوتی ئۆپێک و وڵاتانی دیکە کە ئەندامانی ئۆپێک نین، بەتایبەت ڕووسیاش، نەیتوانیوە کاریگەری لەسەر هەڵکشانی بەهای نەوتی نەپاڵێوراو هەبێت. بڕیاری پەیوەندیدار بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، مانگی جۆزەردان کۆتایی پێ دێت و هێشتا ڕوون نییە کە ڕووسیا و عەرەبستان درێژە بەم سیاسەتە دەدەن یان نا.

نەونتى ئێراتن

پسپۆڕەکان دوو جۆر هۆکاریان بۆ ڕوونکردنەوەی دیاردەی دابەزینی بەهای نەوتی نەپاڵێوراو دیاری کردووە. یەکەم ئەوەی کە، وڵاتانی هاوردەکەری نەوتی نەپاڵێوراو لە سێبەری  دڵەڕاوکێیەکان دەستیان داوەتە کۆکردنەوە و ئەنبارکردنی نەوت. هۆکاری دووەمیش یان هۆکاری سەرەکی دابەزینی بەهای نەوتی نەپاڵێوراو دەبێ بە هاوکاتبوونی لەگەڵ دابەزینی بەهای کانزا پیشەسازییەکان ببینین کە هەڵکەوتەی شەڕی بازرگانی ئەمریکا لەگەڵ چین و وڵاتانی دیکەیە.

بەبۆنەی ئەم شەڕە بازرگانییەوە، گەشەی ئابووری لە جیهاندا دابەزیوە. دابەزینی بەهای نەوتی نەپاڵێوراو و هەندێ لە کانزا پیشەسازییەکان، بە شێوەی ناڕاستەوخۆ پیشان لە دابەزینی ڕێژەی گەشەی ئابووری و ترس لە سەرمایەگوزارییە. بەم شێوە دەتوانین بڵێین کە دابەزینی ڕێژەی گەشەی ئابووری لە جیهاندا و ئەو شەڕەبازرگانییە کە هاتووتە ئاراوە، کاریگەریی نەرێنی خۆی لەسەر دۆخی ئابووری ئەمریکاش داناوە.