ناوچەی دەشیشا لە سوریە کە بە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی ئیسلامى لە عێراق و شام کە بە داعش ناسرا، کەوتە دەست ئەو هێزە ئیسلامییە تیرۆریستە، گەورەترین ناوەندی هاوچەرخی ئیسلامی کڕین و فرۆشتنی کۆیلە بوو، بەتایبەت ئەو کچ و ژنە کوردانەى کە لە عێراق و سوریە گیران و برانە ئەو بازاڕە بۆ ئەوەى کڕین و فرۆشتنیان پێوە بکرێت، بە دەستی شەڕڤانانی رۆژئاوای کوردستان و بە پشتیوانی هێزە سەربازییەکانى ئەمریکا لە دەست داعش ئازاد کرا.
هەرچەندە ڕاگەیەندراوێک لەو بارەوە بڵاو نەبووەتەوە، بەڵام هێزەکانى هەسەدە بە هاوکارى هێزە ئەمریکییەکان توانیویانە شارۆچکەى دەشیشا کە کەوتووەتە باشوورى شارى حەسەکەى باکوورى سوریە ئازاد بکەن و هەروەک هەسەدە گوتوویەتى سەدان خەڵکى سڤیلیان لەو ئۆپەراسیۆنە ئازاد کردووە. دەشیشا دواهەمین خاڵى تیرۆریستانى داعش بوو و وەک دەگوترێت هەسەدە ناوچەیەکى بە پانتایی هەشت کیلۆمەتر چوارگۆشە لە دەست ئەم تیرۆریستانە دەرهێناوە.
دەشیشە کە کەوتووەتە باشوورى حەسەکە، بازاڕێکى گەورەى کڕین و فرۆشتنى کەنیزەکانى لێبوو.
ئەم هەڵمەتە کە بە ئۆپەراسیۆنى گەردەلولی جەزیرە ناودێر کراوە، پێشتر دەستى پێ کردبوو بەڵام بەهۆی هێرشەكانی سوپای توركیا و گرووپە ئیسلامییە چەكدارەكانی سەر بەو وڵاتە بۆ سەر كانتۆنی عەفرین وەستێندرابوو، دووبارە لە 1ی ئایاری دەستی پێ کردەوە و تا پاككردنەوەی تەواوی ناوچەكە بەردەوام دەبێت.
پێشتریش هێزەر ناوێرت، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا سەبارەت بە گرتنەوەىى دەشیشا گوتبووى "شەڕێكی قورس دەبێت، بەڵام ئێمە و هاوبەشەكانمان هەر سەردەكەوین، بەرگری دەكەین لە ئەمریكا و هاوپەیمانان و هاوبەشەكانمان ئەگەر هاتوو و هێرشیان كرایەسەر، ئەو ڕۆژانە وا کۆتاییان دێت کە داعش دەستى دەگرت بەسەر خاك و خەڵكی سوریای دەتۆقاند".