Ana içeriğe atla

تورکیا ناوچە شوێنەوارە مێژووییەکانى عەفرین تاڵان دەکات

تورکیا ناوچە شوێنەوارە مێژووییەکانى عەفرین تاڵان دەکات
AvaToday caption
posted onMarch 19, 2019
noyorum

 

دواى دەرکردنى سەدان هەزاری دانیشتووانى ناوچەى عەفرین لە باکوورى سووریاو، پتەوکردنى هەنگاوەکانى گۆڕانکارى دیمۆگرافی، پێشڵکارییەکانى تورکیا  لە ڕێگەى پرۆسەى گەڕان و پشکنین بە دواى شوێنەوارو دزینیان گەیشتووەتە ئاستى سڕینەوەى تەواوى مێژووى ناوچەکە. تۆڕی سوریا بۆ مافەکانى مرۆڤ ئاشکراى دەکات " ئەنکەرا جۆرێکى نوێی پێشڵکاری لەناوچەی عەفرین لە ڕۆژئاوى کوردستان (باکوورى ڕۆژئاواى سووریا) ئەنجامدەدات".

 

روونیشی دەکاتەوە "سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان دووپاتیان کردووەتەوە ئالیەت و ئامێرو کەرستە تورکییەکان لەسەر گردی جەندریس بینیراوە، خەریکى هەڵکۆڵین و گەڕانن بەدواى شوێنەوارەکان، کەتیمێکى تورکی پسپۆر سەرپەرشتى دەکات". ئەو تۆڕە سوورییە کە بارەگەکەى لەلەندەنى پایتەختى بەریتانیایە جەخت لەوە دەکاتەوە "ئەو ڕێگایانەى نزیک گردەکەو بەرەو گردەکە دەچن، لەلایەن هیزە تورکییەکانەوە کۆنترۆڵکراوەو داخراون".

تۆڕەکە لەرێگەى تۆمارکردن و بەدیکۆمێنتکردنی پرۆسەى گەڕانەکان، کۆمەڵێک وێنەى ئامێرە تورکییەکانى گرتووە، کە بەدواى شوێنەوارەکانى گردى جەندریس دەگەرێت. هاوکات لەپاڵ ئەو گردە، پرۆسەى گەڕان لەناوچەى مەعبەتلی لەکەرتى ڕۆژئاواى ڕیفی عەفرین بەرێوەدەچێت، کە ناوچەکانى تەلعەلى عەیشەو تەل زرافکەی گرتۆتە، هاوشێوەى ناوچەى جەندریس پرۆسەى گەڕان بەدواى شوێنەوارەکان بەرێوەدەچێت.

لەچەند ساڵ و مانگى ڕابردوو، تورکیا بووەتە بازاڕێکى گەرمى فرۆشتن و مامەڵەکردن بەزێرو پارچە شوێنەوارییەکان، کە لەژێر دەستى گرووپە میلیشیا چەکدارو ئیسلامییەکانى دەسەڵاتى دەستەى ڕزگارکردنى شام و حزبی ئیسلامی تورکمانستانی و داعشەوە بەرەو تورکیا بەقاچاخ دەبردرێن.

لەو ماوەیە چەندین بەڵگەنامەو دەستنووسى مێژووى لەرۆژهەڵاتى دیمەشقەوە بەرەو باکوورى سووریا بەقاچاخ بردراون و، لەنێو خاکی تورکیا فرۆشراوەتەوە. تۆڕى سووریا بۆ مافەکانى مرۆڤ دەشڵێت " لەرێگەى چەندین سەرچاوەى متمانە پێکراوەوە، پرۆسەى بەقاچاخبردنى شوێنەوارەکانى عەفرین بەردەوامیی هەیە".

لەلایەن خۆیانەوەش دانیشتووانە ڕەسەنەکەى عەفرین پێشڵکارییەکانى تورکیا لەدەرکردن و گۆڕانکاریی دیمۆگرافی ئیدانە کردووە، کە ئەنکەرا لەرێگەى بەڕەڵاکردنى گرووپە چەکدارە نزیکەکانى خۆى خەریکى تاڵانکردن و دەستگیرکردن و سزادانى خەڵکەکەن. هاوکات ئەو میلیشیانە نزیکانەى ئەنکەرا بەشێوەیەکى بەردەوام خەریکى وەرگرتنى بەرتیل و، دەستبەسەرداگرتنى موڵکى هاوڵاتیانن.

دانیشتووانى عەفرین بەتۆڕە سوورییەکەیان گوتبوو " ئەوان (مەبەستیان هێزەکانى تورکیایە)، بەبیانووى ڕزگارکردنى عەفرین هاتن، بۆ ئەوەى پارێزگارى لێبکەن، بەڵام هەم دزەکەو هەمیش پارێزگارى دەرچوون". سەرچاوەکان هێمایان بەوە کردووە "سەرکردەیەکى فەیلقى شامى ئیسلامی، نزیک لەدەسەڵاتدارانى تورکیا، پرۆسەى گەڕان بەدواى شوێنەوارە مێژووییەکان لەناوچەى مەیدانکی و نەبی هورى، ئەنجامدەدات، هەر کەرستەیەکیش دەدۆزێتەوە بەخێرایی بەرەو تورکیاى ڕەوانەى دەکات".

ئەنکەرا بۆ کەمکردنەوەى ڕێژەى کوردەکان لەناوچە کوردییەکان و سنووردار کردنى دەسەڵاتى هێزەکانى سووریاى دیموکراتى و پارتى یەکێتى دیموکراتى (PYD)، لەئادارى ٢٠١٨ لەئۆپەراسیۆنێکى سەربازی بە هاوبەشى لەگەڵ میلیشیاکانى سوپاى سووریاى ئازاد بەناونیشانى (چڵە زەیتوون) عەفرینى داگیر کرد. دوابەدواى داگیکردنى شارەکەش دەست بەتاڵانى و دەکردنى سەدان هەزار خەڵکى شارەکە کران، کە زۆربەیان لە کەمپەکانى باکوورى حەلەب نیشتەجێن.

ئەو ناوچە شوێنەوارە مێژوویانەى عەفرینیش تەمەنیان سەدان سەدەیە، جگە لەوەى بەهۆى شەڕەکەى تورکیاوە زیانێکى گەورەى پێگەیشتووە، تەنانەت مەدرەجەکانى شانۆى ڕۆمانى کەسەدەى دووهەمى پێش زایین دروستکراوە لەلایەن سوپاى تورکیاوە تەخت کران.

هاوکات قەڵاى نەبی هۆری، کە یەکێکە لەشوێنەوارە مێژووییە ڕۆمانیەکانى ناوچەکە لەلایەن فرۆکە جەنگییەکانى تورکیاوە وێران کراوە. شوێنە خواپەرستیە مێژووییەکانیش بێبەش نەبوون لەهێرشەکانى تورکیا لەناوچەى عەفرین، بەجۆرێک پەرستگاى عەین دارە کەتەمەنى بۆ ٣٠٠٠ ساڵ دەگەرێتەوە زیانێکى گەورەى بەرکەوتووە نۆژەنکردنەوەى ئەستەم بووە.