Ana içeriğe atla

د.کەریم عەبدیان بۆ ئاڤاتودەى: لایەنە سیاسییەکان لە تاراوگە لەسەر فیدراڵى ڕێک کەوتن

د.کەریم عەبدیان بۆ ئاڤاتودەى: لایەنە سیاسییەکان لە تاراوگە لەسەر فیدراڵى ڕێک کەوتن
AvaToday caption
posted onFebruary 25, 2019
noyorum

 

ژمارەیەک گرووپ و لایەنى سیاسی ئێرانى لە تاراوگە لە ڕاگەینراوێکى هاوبەشدا "هاوپشتى یەکگرتوو لە پێناو ئازادی و یەکسانى"  لە وڵاتەکەیاندا ڕادەگەیەنن، ڕوونیشی دەکەنەوە ئامانجی هاوبەشیان "ڕووخاندنى کۆمارى ئیسلامی"ـیە لە ئێران.

 

لەو بارەیەوە دکتۆر کەریم عەبدیان بەنی سەعید، ڕاوێژکارى باڵاى پارتى هاوپشتى دیموکراتى ئەهوازی لەلێدوانێکیدا بە تۆڕى ئاڤاتودەى ڕایگەیاند "پارتەکەیان تاکە لایەنى بەشداربووى ئەو کۆڕبەندەیە و، هاوکات یەکێکە لەدامەزرێنەریشى، کە سەرجەم ڕەوتە سیاسییەکان لەچەپەکان و لێبراڵەکان و عەلمانییەکانى ئێرانى لەخۆ گرتووە". گووتیشى " تەوەرى سەرەکیی بریتییە لە یەکگرتن بۆ ڕووخاندنى ڕژێم نەوەک تەنها حکومەت، بەڵکو ڕژێمى ویلایەتى فەقێ بە شێوەیەکى گشتى، پاشان ڕێککەوتووین لەسەر ڕژێمێکى کۆمارى دیموکراتى فیدراڵى و، ڕەتکردنەوەى پاشایەتى، لەسەر ئەو بنەمایەش هاوپەیمانییەکە لە پێناو ڕووخاندنى ڕژێم لەئێران دروست بووە".

لەبارەى ئەجێنداو شێوازی ڕژێمى سیاسی لەپاش ڕووخاندنى ڕژێمى ئێستای دەسەڵاتداری تاران، ئەو کەسایەتییەى ئەهوزاییە دووپاتی دەکاتەوە "ئێمە وەک گەلانى غەیرە فارس لەسەر فیدراڵى لە چوارچێوەى ئێران ڕێککەوتووین، ئەمەش نزمترین ئاستى خواستەکانى ئێمەیەو، ئەو خاڵەش جێی گفتوگۆ ردن و دەستبەرداربوون نییە، چونکە پێشهاتەیەکى نوێیە".

بەنى سەعید هێمای بەوەش کردووە "پاڵپشتى دەسەڵاتێکى لامەرکەزی بۆ ئێران دەکەن، چونکە ئەمەش باشترین گەرەنتییە بەوەى حکومەتى ناوەندی لە تاران نەتوانێت کۆنترۆڵى هەرێمایەتییەکانى دیکە بکات".

ئەو پارت و لایەنە سیاسییانەى لەچوارچێوەى کۆڕبەندەکە کۆبوونەتەوە بریتین لە:

ـ هاوپەیمانى دیموکراتى ئازەرباینجانی "بیرلیک"

ـ بزووتنەوەى کۆمارییە دیموکراتییەکان و علمانییەکان لە ئێران

ـ حزبی هاوپشتى دیموکراتى ئەهوازی

ـ حزبی دیموکراتى کوردستانى ئێران

ـ حزبی دیموکراتى کوردستان

ـ کۆمەڵەى دیموکراتى کوردستان

ـ حزبی گەلى بلووچ

ـ ڕێکخراوى یەکێتى فیدایی گەلى ئێران

ـ ئەنجومەنى کاتی بۆ سۆسیالیستە چەپەکان لەئێران

ـ کۆمەڵەى زەحمەتکێشانى کوردستان

وەک لەو ناوى ئەو گرووپانەش هاتووە، تیشکى سەرەکییان لەسەر گەلانى ئێرانە، کە بەشێکیان هزری چەپ و لێبراڵین، هاوکات پاڵپشتى خۆپێشاندانە ناوخۆییەکانى ئێرانیش دەکەن و، حکومەتى تارانیش بە "بێدەسەڵات لە توانایی و لە لێوارى داڕمان" وەسف کردووە.

بەنى سەعید دووپاتی دەکاتەوە "ئەوان ئێستا کار لەسەر کۆکردنەوەى زانیاریی وردن لەبارەى ناوچەى ئەهواز، بۆ ئەوەى بە دیکۆمێنتى بکەن و، بیکەنە بابەتى گفتوگۆییەکانیان لەگەڵ لایەنەکانى دیکە. پێی وایە "ئەهواز سەرچاوەیەکى سەرەکیی نەوتى ئێران و ڕێژەى سەدا ٩٠ ـى وزەى ئەو وڵاتە پێک دەهێنێت، لەپاڵ سەرچاوە سروشتییەکانى سەر زەوی و ژێر زەوی، تواناى دابینکردنى پێداویستییەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى ئەهوازی هەیەو، لە هەمان کاتیشدا دڵنیایی دەدەنە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و وڵاتانى هەرێمایەتى لە پاراستنى سەرجەم وێستگەی گرنگەکانى ئەهواز لەکاتى ڕووخاندنى ڕژێم".

دەشڵێت "ئەمە هەڕەشە نییە، بەڵام ئەمجارە ناتوانن مافەکانمان پەراوێز بخەن، یاخود پاز بەسەر داواکارییەکانمان بدەن، چونکە ئەوکات کەس سوود لەو پرۆسەیە نابینێت، هەروەها کوردەکان و بلووچ و تورکمان هەمان هەڵوێستى ئێمەیان هەیە".

هەمبەستەگى

لەکۆتایی کۆبوونەوەى دامەزرێنەرى هاوپشتى کە لەشارى هانۆڤەرى ئەڵمانیا بەرێوەچوو ڕوونی دەکەنەوە "هاوپشتى لەپێناو ئازادی و یەکسانى لەئێران"، دژى سیاسەتە دەرەکییەکانى ڕژێمى ئێرانیەو، پێی وایە " دەستێوەردانە لەکاروباری وڵاتان و دروستکردنى ململانێیە".

لەهەمان کاتیشدا دەستێوەردان لەکاروباری ناوخۆیی ئێران لەلایەن حکومەتە بیانییەکان ڕەت دەکەنەوە، پێیان وایە ئامانجە سەرەکییەکەیاندا " یەکخستنى فراوانی هێزە کۆمارییەکان و دیموکراتییەکەى ئێرانە". ئەمەش لە کاتێکدایە ئەو کۆڕبەندە لە تشرینى یەکەم (ڕەزبەر)ى ڕابردوو یادداشتنامەیەکى لێکگەیشتنیان واژوو کرد و، ئەو کات "سیستەمى فیدراڵی لەبری کۆمارى ئیسلامی ئێران چەسپاند".

لەساڵى ڕابردوو لەگەڵ پەرەسەندنى خۆپێشاندانەکانى ناوخۆی ئێران، کۆمەڵێک گرووپی چەپ بەرەیەکى هاوبەشیان لەچوارچێوەی حزبی بەناوى (گرووپی فارشگرد) دروست کرد، کە تێدا ڕەزا پەهلەوی جێنیشینى شاى ئێران تەوەرى سەرەکیی چالاکییەکانى بوون.

لەدەرەوەى ئەوانەش جموجۆڵەکانى پەهلەوی لەم ماوەیەدا چڕتر کردووەتەوە بۆ ئەوەى ڕژێمى ئێران بەرەو داڕمان ببەن و، هەموو بەرەکانى ئێران لە تاروگە لە چوارچێوەیەکى هاوبەشدا کۆ بکاتەوە. لەو نێوەندەش کۆمەڵێک چالاکوانى سیاسی لەناوخۆ و دەرەوەى ئێران داواى ئەنجامدانى ڕاپرسییەک کردووە بۆ ئەوەى لە قۆناغی داهاتوو داهاتووى ڕژێمەکەى ئێران دیاریی بکەن، کە پێی دەڵێن "بانگەشداری گواستنەوە".

ڕاوێژکارە باڵاکەى حزبی هاوپشتى دیموکراتى ئەهواز ئاشکرای دەکات "فارسەکان بەتەنیا تواناى ڕووخاندنى ڕژێمەکەیان نییە، ئێمەى عەرەب و کوردەکانیش ناتوانین، بەڵام بە هەوڵەکانى یەکخستنى ڕیزەکان و لایەنە سیاسی و نەتەوەییەکانى ئێران دەتوانین". هۆکارەکەشى بۆ ئەوە گەڕاندەوە "ئەگەر هاتوو هەموو نەتەوەکان ڕاپەرین، ئەوا حکومەت تواناى بەرەنگارى ئەو شاڵاوەى نابێت".

 

دیمەنى قسەکردن بە زمانى نەتەوەکان لەم کۆنفڕانسى هاوپشتى یەکگرتوو لە پێناو ئازادی و یەکسانى