Ana içeriğe atla

نەتەنیاهوو مەرجی هەڵوەشاندنەوەی ژێرخانی ئەتۆمیی ئێران دادەنێت و تاران رەتیدەکاتەوە

نەتەنیاهوو مەرجی هەڵوەشاندنەوەی ژێرخانی ئەتۆمیی ئێران دادەنێت و تاران رەتیدەکاتەوە
posted onFebruary 15, 2026
noyorum

لەکاتێکدا ئامادەکاری بۆ گەڕی دووەمی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان تاران و واشنتن لە ژنێف دەکرێت، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هۆشداری دەدات کە پێویستە تەواوی یۆرانیۆمی پیتێنراو لە ئێران ببریتە دەرەوە و ژێرخانی ئەتۆمیی ئەو وڵاتە بەتەواوی هەڵبوەشێندرێتەوە.

نەتەنیاهوو لە گوتارێکدا لە قودس جەختی کردەوە، لە هەر رێککەوتنێکدا تەنیا راگرتنی پیتاندن بەس نییە، بەڵکو دەبێت هەموو ئەو ئامێر و ژێرخانانەی توانای پیتاندنیان هەیە لەناو ببرێن و کێشەی مووشەکە بالیستییەکانی ئێرانیش چارەسەر بکرێت. هاوکات، کەناڵی (سی بی ئێس) لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەی نێوان دۆناڵد ترەمپ و نەتەنیاهوو لە فلۆریدا، سەرۆکی ئەمریکا رەزامەندیی نیشانداوە کە ئەگەر رێککەوتنێکی گونجاو نەیەتە ئاراوە، پاڵپشتی لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە مووشەکییەکانی ئێران بکات.

لە بەرامبەردا، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەو داواکارییانە بە توندی رەتدەکەنەوە. مەجید تەختڕەوانچی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، گەیشتن بە "سفر پیتاندن" چیتر لە کارنامەی دانوستانەکاندا نەماوە و تاران ئامادە نییە سازشی لەسەر بکات.

هاوکات ئیبراهیم رەزایی، گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران گوتی، نە پیتاندن رادەگیرێت و نە یۆرانیۆمی پیتێنراویش رەوانەی دەرەوە دەکرێت، ئاماژەی بەوەش کرد کە واشنتن پێشتر ئەم راستییانەی پەسند کردووە. ئەم گرژییە دیپلۆماسییانە لەکاتێکدایە، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا گەڕێکی نوێی گفتوگۆکان لە سویسرا دەستپێبکاتەوە.