Ana içeriğe atla

شایەتحاڵان: هێزە ئەمنییەکانی ئێران بازاڕی رەشتیان سووتاندووە و تەقەیان لە خۆپێشاندەران کردووە

شایەتحاڵان: هێزە ئەمنییەکانی ئێران بازاڕی رەشتیان سووتاندووە و تەقەیان لە خۆپێشاندەران کردووە
posted onJanuary 18, 2026
noyorum

شایەتحاڵان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ وردەکاریی نوێ لەبارەی رووداوەکانی رۆژانی 8 و 9ی کانوونی دووەم لە شاری رەشتی باکووری ئێران ئاشکرا دەکەن و دەڵێن، هێزە ئەمنییەکان دوای گەمارۆدانی خۆپێشاندەران لەنێو بازاڕی شارەکەدا، ئاگریان لە بازاڕەکە بەرداوە و تەقەیان لەو کەسانە کردووە کە هەوڵی هەڵاتنیان داوە.

لە چەند رۆژی رابردوودا، زنجیرەیەک ڤیدیۆ و وێنە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە کە ئاستی وێرانکاری و ئاگرکەوتنەوەیەکی گەورە لە بازاڕی رەشت نیشان دەدەن. بەگوێرەی گێڕانەوە نوێیەکان، هێزە ئەمنییەکان بە ئەنقەست بازاڕەکەیان سووتاندووە بۆ ئەوەی رێگەی دەربازبوون لە خۆپێشاندەران بگرن.

کەسێکی نزیک لە یەکێک لە شایەتحاڵەکان کە دانیشتووی وڵاتی سویدە، لە هەژماری خۆی لە ئینستاگرام بڵاوی کردووەتەوە، دوای ئەوەی ژمارەیەک لە خۆپێشاندەران بۆ پاراستنی خۆیان پەنایان بۆ ناو بازاڕی رەشت بردووە، هێزە ئەمنییەکان دەرگاکانی بازاڕەکەیان داخستووە و ئاگریان تێبەرداوە. ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کردووە کە هێزەکانی رژیم لەبەردەم دەرگای سەرەکی بازاڕەکە جێگیر بوون و لە کاتی هەڵاتنی خۆپێشاندەران لە دووکەڵ و ئاگرەکە، دەستڕێژی گوللەیان لێ کردوون.

لەلایەکی دیکەوە، رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران راپۆرتێکی هاوشێوەی لە زار شایەتحاڵێکی دیکەوە بڵاوکردەوە. شایەتحاڵەکە دەڵێت، لە کاتی راوەدوونانی گەنجانی ناڕازی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، گرووپێک لەو گەنجانە لە سنووری بازاڕەکەدا گەمارۆ دراون.

ئەو شایەتحاڵە بە رێکخراوەکەی راگەیاندووە: "ئاگرەکە رێگەکانی چوونە دەرەوەی گرتبوو، هاوکات هێزە سەرکوتکەرەکان لە چەند لایەکەوە ناوچەکەیان کۆنترۆڵ کردبوو. ئەو گەنجانە بە بەرزکردنەوەی دەستیان نیشانەی خۆبەدەستەوەدانیان پێشاندا، بەڵام سەرەڕای ئەوەش درانە بەر دەستڕێژی گوللە و کوژران."